عومەر چنگیانی
لەژێر هیچ پاساو و ناوێکدا فیقهی ئیسام ڕێگای بە تاک نەداوە کە تۆڵەی خوێنی بەناهەقڕژاویش، میراتگر بۆی هەبێت بیسێنێ چ جای زانایان کۆک بن لەسەر ئەوەی کە بە مافی تاک دابنرێت لەسەر لەدین هەڵگەڕانەوە (ئیرتیداد) کەسێک بۆی هەبێت هەڵگەڕاوەکە بکوژێت، بابەتێکی هەنووکەیی وا کە لە دوو هەفتەی ڕابردودا لێرە لە باشووری کوردستاندا هاتە پێشەوە، تەواو نەبووبوو، کە سووتاندنی دانەیەک لە چاپکراوێکی قورئانی پیرۆز، لەلایەن گەنجێکی عێراقی کە خۆی بە مەسیحی ناوزەد کردووە و، دانیشتووی سویدە، بووە هۆکاری کاردانەوەی فرە جۆر لە تەواوی دنیا و، کە لە سەرمی بەپێویست گێڕا تا زنجیرە سەدودوانزەی گوڵخەرمانەکەمتان بێنمەوە بیر کە لە لاپەڕە “١٥” ی ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە2٧٩٧ سێشەممەی 2٧ شوباتی 2٠١٨ بڵاو كراوەتەوە و، لەژێر سەردێڕی (کاری بە هەڵچوون و كاردانەوە، هەڵەیەكی كوشندەیە!)، نووسیومە: (…لە فەرموودەی ژمارە 4٧4٥ی نێو “صحیحی بخاری” كە لە عەبدوڵای كوڕی عەباسەوە – ڕەزای خوایان لێ بێت – بۆمان دەگێڕێتەوە: “كابرایەك، هاتە لای پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – ئەوەی باس كرد گەرهاتو كەسێك چووە ماڵەوە و بینی پیاوێک خەریکی سەرجێییە لەگەل خێزانەكەی ئەمدا، ئایا دەتوانێ لەو سەرگەرمیەدا بە كوشتن تۆڵە بستێنێ؟” وەك دامەزراندنی حوكم، لە وەڵامیدا ئایەتەكانی شەش و بە دواوەی سوورەتی “نور” هاتنەخوارەوە و ئیسام وەك دەوڵەت و دەسەڵات ئەو مافەی بە كابرا نەدا كە خۆی هیچ هەنگاوێك بۆ تۆڵەسەندن بنێت و بابەتەكەی ڕوو بە ڕووی دەسەڵات كردەوە و، بە دادگای سپارد و تەنها بە لێكجیاكردنەوەی ژن و مێردە كە دوای”لیعان” كۆتایی هێنا!”١”. كە ئەمە وێڕای پارێزگاریكردنی ئیسام لە مافی تاك و، پاراستنی پەرێزپاكی و بەخراپدانانی لەكەداركردن،
یەكێكە لە بەڵگە جوانەكان كە هەرگیز ڕێگە بەوە نادات لە دەرەنجامی هەڵچووندا هیچ كارێك بکرێت. لێرەوە بۆ بیر هێنانەوەتان بە ئەركی دەزانم پوختەی نووسینێكی خۆمتان بێنمەوە بەر دەم كە لەژێر سەردێڕی “مرۆڤی خاوەن بڕوای تەواو هیچ كارێك لە ئەنجامی هەڵچوون و بە هۆی كاردانەوە (رد الفعل) ەوە جێبەجێ ناكات!” كە لە لاپەڕە هەشتی ژمارە ١3٧2ی ڕۆژنامەی خەبات لە 26 ی شوباتی 2٠٠4دا بڵاوم كردۆتەوە، كە زۆر بە داخەوە ئێستایش هەمان تاس و هەمان حەمام – وەك دەڵێن – دەبینین لە مەلای مزگەوتەوە بیگرە تا بە سیاسەتمەدار و سەرقاڵانی “سۆشیاڵمیدیا” دەگات هێندەی كاردانەوە كاریگەرە هزر و وردبینی و دووربینی كاریگەر نییە! جا لەو نووسینەدا وتوومە: “سەرجەم ئەو سەرچاوانەی بە تەفسیری قورئان ناسراون، باسمان لەوە بۆ دەكەن كە ئەو كاتەی جەنگی ئوحود ڕووی دا و بێبڕواكان لاشەی كوژراوە مسوڵمانەكانیان بەجێ هێشت، پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – چووە سەریان و لە نێوانیاندا تەرمی حەمزەی مامی بەدی كرد، كە سەرباری كوژران، زکیان هەڵدڕیوە و لووتیان قڵیشاندووە و گوێچكەیان قرتاندووە و، لاشەكەیان فڕێ داوە؛ دیمەنەكە زۆر كاری كردە سەر دڵ و دەروونی و فەرمووی: گەر لەبەر ئەوە نەبوایە، كە ئافرەتان تووشی خەم و پەژارە دەبن، لاشەكەیم بەوشێوە دەهێشتەوە، تاكو پەلەوەر و دڕندەی تێ بەردەبوو و دەیانخوارد، سا بەڵكو، لە رۆژی دواییدا لە زک و گورچیسكی ئەواندا زیندوو بكرێتەوە و حەشر بكرێت! پاشان فەرمووی: سوێند بێت، لە تۆڵەیدا ئەوەندە دانەیان بكوژم و پارچەپارچەیان بكەم! بەڵام بەرلەوەی پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – بۆ وەدیهێنانی ئەو بڕیارە تووڕەییانەی هیچ هەنگاوێك بنێت، سەدوبیستوشەشەمین ئایەتی سوورەتی “نەحل” هاتە خوارەوە، كە خوای گەورە دەفەرمێت: “ئەگەر تۆڵەتان سەند با بە وێنەی خودی تاوانەكە زیاتر نەبێت، گەربێتو دان بەخۆدا بگرن باشترە بۆ
ئەو كەسانەی كە لەمیانەی ئەو كەسانەن كە دان بەخۆدا دەگرن”2″. لە دوای ئەو نموونەیە كە دەزانم مشتێك نموونەی خەروارێكە دەڵێم: من وەك قوتابیەكی عیلم باوەڕم
بەوە هەیە كە بڕیاری شەرعی و فتوادان یەكێكە لەو بەر پرسیارەتیانەی كە كەم كەس بتوانێت خۆی لێ بدات، بەتایبەت ئەو كەسانەی كە رابردوویەكی زۆریان نەبێت بۆخوێندنی زانستە شەرعیەكان و شارەزا نەبن لە زانستی (الأشباە والنظائر)دا، كە زانستێكە لە ناوەرۆكی نامەیەكی عومەری كوڕی خەتابەوە – ڕەزای خوای لێ بێت – سەرچاوەی گرتووە كە ناردوویەتی بۆ ئەبوموسای ئەشعەری و تیایدا هاتووە: “قەزاوەتكردن
ئەركێكی گەورەیە و ڕێبازێكی دێرینی كۆنی مرۆڤە. داوات لێ دەكەم كە بە باشی لە هەر كارێك بگەیت كە دێتە بەر دەستت. لەوە ئاگادار بە كە هیچ خێر و
سوودێك لە وتنی ڕاستیەكدا نییە كە جێبەجێكردنی لەگەڵدا نەبێت و نەبێتە كردەوە. گەر قەزاوەتێكت كرد و پاشان بەسەرخۆتا هاتیتەوە و ڕێنمایی كرایت بۆ ڕاستی و بۆت دەركەوت كە
هەڵە بوویتە، شەرم مەكە لەوەی كە بگەڕێیتەوە بۆ لای هەق، چونكە هەق كۆنە و بەسەرخۆداهاتنەوە و
پەشێمانبوونەوە زۆر پیرۆزترە لە بەردەوامێتی لەسەر هەڵە. دوای ئەوەی كە لە قورئانی پڕ لە بەخشش، یان لە فەرموودەی پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای
لێ بێت – ورد بوویتەوە بۆ دۆزینەوەی حوكمی هەر شتێك و نەگەیشتیتە ئەنجام تیایدا، بە باشی و تێگەیشتنەوە مامەڵەی لەگەڵ بكە و دووربینانە سەرنجی لێ بدە و ئاگاداری و زانیاریت پتەو بكە بەسەر شتە لێكچووەكاندا و كێش و پێوانەی دروستت هەبێ بۆ هەڵسەنگاندنیان لەلایەن خۆتەوە، لە كاتی وادا ورد بەرەوە لە كۆمەڵێك كاری لێك جودا بزانە كامەیانت لە هەموویان بە لاوە ڕەواترە و وا دەزانی كە خوا پێی
خۆشە ئەوەیان ئەنجام بدە “3”. پەراوێز:
“١”، بنواڕە (فتح الباری شرح صحیح البخاری)دا بەرگی (٨) لاپەڕە(٥6٩) فەرموودەی ژمارە(4٧4٥). “2””بنواڕە (الجامع لأحكام القرصن /للقرطبی”.
“3”سەیری پێشەكەکەی كتێبی “الأشباە والنظائر”ەکەی سويطی بكەن”