شێرکۆ حەبیب
لە قاهیرەوە دەینووسێت
دوای ١٥ ساڵ لە هەندەران، سەرەتای ساڵی ٢٠٠١ بە خێزانەوە بۆ سەردان گەڕاینەوە کوردستان؛ ئەوکات منداڵەکانم ئاستی خوێندنیان ناوەندی و سەرەتایی بوو، لەبەرئەوەی کاتی قوتابخانە لە کاتژمێری ٩ی بەیانیەوە تا ٣ی ئێوارە بوو، بۆیە زۆر کات بە زمانی ئینگلیزی لەگەڵ یەکدی دەئاخڤتن بەڵام لەگەڵ من و دایکیان بەکوردی و هەر کات من لە ماڵەوە بوومایە دەبوایە لەگەڵ یەکدی بە کوردی قسە بکەن. هەندێجار ئەگەر مانای وشەیەکی ئینگلیزییان بە کوردی نەزانیبایە، پێم دەگوتن. لە میانەی ئەو سەردانەی کوردستانمان کاتێک منداڵەکان بە ئینگلیزی لەگەڵ یەکدی دەدوان دەکەوتینە بەر ڕەخنە کە بۆچی بە کوردی قسە ناکەن؟ هەرچەندە لەگەڵ دۆست و برادەر بە کوردی قسەیان دەکرد. ساڵ سووڕایەوە لە کوردستان دەیان قوتابخانەی تایبەتی دامەزرا بە زمانی ئینگلیزی، خەڵکێکی زۆر وەک چاولێکەری منداڵەکانیان لەو قوتابخانە تایبەتییانە ناوونووس کرد، سەرەڕای قوتابخانە حکومییەکان لە ئاستی بەرزدان. بەهەر حاڵ وای لێ هاتووە ئیستا لە کوردستان زۆر لە منداڵەکان زمانی کوردیان بۆتە زمانی دووەم ئەگەر سێیەم نەبێت، لەو ماوەی لە هەولێر بووم لەم دوایە هەندێ جار لەگەڵ برادەران لە کافەتریایەکدا دادەنیشتین زۆربەی منداڵەکان کوردیەکەیان دووکەڵی دەکرد تەنانەت باوک و دایکەکان بە ئینگلیزیەکی شڕ لەگەڵ منداڵەکانیان قسە دەکەن وەک ئەوەی بۆتە دیاردەیەک ئەگەر بە زمانی بیانی قسە نەکەی ئەوە ئاستی ڕۆشنبیری نزمە، تەنانەت شەرمە بە کوردی لەو شوێنانە
قسە بکەی. ئەمە دیاردەیەکی زۆر ترسناکە بۆ لەدەستدانی ناسنامەی کوردایەتی، دوژمنان بە هەموو توانایەک هەوڵی لە ناوبردنی کەڵتوور و مێژوومان دەدەن و تەنانەت خاکیشمان داگیر دەکەن ئەوەی ئیستا جیاوازی نێوان ئێمە و ئەوانە زمانە کوردییەکەیە ئەگەر ئەویش لەدەست بدەین ئەوا دوژمن بە سەرجەم مەرامەکانی دەگات، لێرەدا پێویستە لەسەر لایەنی دەسەڵات کەوا زمانی کوردی ببێتە وانەیەکی سەرەکی لە قوتابخانەکانی تایبەت و سزای ئەوانە بدرێت کەوا کەمتەرخەمن لەو بوارەدا، هەروەها پێویستە تابلۆکان بە کوردی بنووسرێن لەگەڵ زمانێکی تر. گرنگە مرۆڤ چەند زمان بزانێ و بایەخی پێ بدات، بەڵام گرنگتر ئەوەیە زمانی دایک لەبیر نەکرێت و بایەخی پێ بدرێت.
شکور بۆ خوا منداڵەکانی من ئیستا کوردییەک قسە دەکەن هەروەک بڵیی لە دەشتی هەولێر گەورە بووبن.