نمرە‌ی رووخێنە‌ر و بە‌رپرسیاریە‌تیی و یژدانی

بەكر كەریم حەسەن*

شاعیر و پارێزەری لوبنانی (راجی راعی) دەڵێ “کوشتنی گەورە، ساردکردنەوەی هیوا و ئومێدە”.
بێ شك قوتابی كە دەگاتە قۆناغی زانكۆ و لە كۆلیژ و بەشێك وەردەگیرێ بەرچاوی ڕوونە و پاشەڕۆژی خۆی لێ دیارە و، تەواو نزیك بۆتەوە و چەند هەنگاوێكی ماوە، رێگا هەوارز و قورسەكەی بڕیوە و لە ئامانجەكەیەوە دوور نییە و خێرا بێت یان هێواش پێی دەگات، زۆربەی هەرە زۆری قوتابیان كە دەگەنە زانكۆ و كۆلیژ وا هەست دەكەن كەوا دەرچوون و پەڕینەوە لە قۆناغەكان زۆر ئاسانە و پێویستی بەو خوێندن و خۆماندووكردنە نییە، ئەوەش زیاتر لەوەوە سەرچاوەی گرتووە لە قۆناغی ئامادەیی تایبەت پۆلی دوازدە قوتابی زۆر ماندوو دەبێت و، ترس و دڵەڕاوكێیشی زۆرە، هەم لە تاقیكردنەوەكاندا و هەمیش لە بەدەستهێنانی نمرە. لێرەدا مامۆستایانی زانكۆ پێویستە ڕۆڵی خۆیان ببینن و ڕوونكردنەوەی ورد و دروست لەسەر ژیانی خوێندنی زانكۆیی و رێنماییەكان و سوودی نمرە وەرگرتن و خوێندن بۆ بڕوانامەی دوای بەكالۆریۆس بۆ قوتابی ڕوون بكەنەوە، كاریگەریی هەر سالێك لە كۆلیژ و چۆنیەتیی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان و وەرگرتن و دانانی نمرە بە پێی سیستەمی زانكۆكە، پێویستە بۆ قوتابی بە وردی ڕوون بكرێتەوە تا شارەزا بێت و ڕێڕەو و ئەرك و مافەكانی خۆی بناسێ؛ تا بزانێ چی لەسەر قوتابی پێویستە
لە ڕووی خوێندن و بنەما و ڕێنماییەكانی تاقیكردنەوە و كۆرس و وەرزەكان. لەوانەیە زۆرێك لە قوتابی كە گەیشتنە زانكۆ وا دەزانن دەرچوونیان مسۆگەرە و
پێویستی بەو خوێندن و شەونخوونییە زۆرە نییە. قوتابی لە قۆناغی زانكۆ بەردەوام پێویستی بە پاڵپشتیكردن و هاندانی زیاترە
لەلایەن سەرۆكایەتی بەش و مامۆستایانی بەشی خۆی كە وانەكانیان پێ دەڵێنەوە، پێویستە مامۆستا لە دانانی نمرەیەكی ڕووخێنەر و نائومێدکەر، هێز و هیوای قوتابی ناهێڵێ و هاندەر نابێ بۆ خوێندن و دەرچوون لە دانانی هەر نمرەی ڕوخێنەر و نائومێد بە قوتابییەكە دەڵێ تەواو تۆ نابێ دەربچی لەو پۆلە و، قوتابی هیچ زانیارییەكی نییە لەسەر دانانی ئەو نمرانە كە لە ناو بردن و كوشتنی هیواكانیەتی و كاریگەری ئەرێنی و خراپ بە درێژایی ساڵ جێ دەهێلێ، ئەوەی گرنگە ئەگەر مامۆستایەك زانیاریی نەبێ لەسەر كاریگەریی دانانی نمرەی ڕووخێنەر، پێویستە سەرۆكایەتی بەش و كۆلیژ ڕازی نەبن بە دانانی ئەو جۆرە نمرانە، چونكە دانانی نمرە كۆمەڵێ پێوەر و بنەمای هەیە مەبەستم نمرەی كۆتایی (كۆرس و وەرز) نییە. پێویستە هاتنی قوتابی بۆ پۆل و بەشداریكردن لە پۆل و چالاكییەكان نمرەی لە سەر بێت و هەمووی كۆبكرێتەوە ئینجا نمرەی وەزر یان تێكڕای دابنرێ. سەرم سوڕ دەمینێ كە كە دەبینم یان دەبیستم مامۆستایەك نمرەی لە خوار(10)ی داناوە لەسەر (40) یانیش (5,6,7,8,9) دابنرێ بە هەموو ئەرك و بەردەوامی ڕۆژانە و چالاكییەكانی تری بەشداریكردن و دەتەوێ قوتابی لە كۆتایی وەرز لەسەر (60) نمرەی (50) بهێنێت، چ جۆرە داهێنانێكە! لەو كاتەی من لە بیرم دێ زیاتر لە (33) ساڵ خزمەتی بەردەوام لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردندا پێمان دەڵێن تكایە دوور كەونەوە لە دانانی نمرەی (ڕووخێنەر و ئومێدکوژ)، لە هەموو بۆنە و كۆڕ و كۆبوونەوە و سمینارەكاندا، دانانی ئەو جۆرە نمرانە واتە هەر لە سەرەتاوە بڕیارت داوە ئەو قوتابییە دەرنەچێ و هیچ هەل و فرسەتێكت بۆ جێ نەهێشتوە، كە لێرەدا شارەزایی و ویژدان و ڕۆڵی پەروەردەكاران و فێركاران ونە و دیار نییە. بێگومان ئەو جۆرە نمرانە پێوەر و پابەندیی قوتابی ناسەلمێنێ بە بابەتەكەوە و، نمرەی قوتابی گرنگترین تێكڕای بەرەنجامی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن و
زانست نییە. بە دەیان نموونە و بە سەرهاتی زیندووی مامۆستایانی شارەزا و پەروەردەكارانی
بەئەزموون و ویژدان زیندووانی ناو پرۆسەی پەروەردە و زانست و فێركردن پێمان دەلێن كە (قوتابی ئەمانەتە و مامۆستاش ویژدانە) دەبێ زۆر بە ئاگایانە و هەستیارانە دەرفەت و هەلی زیاتر و بەردەوام بڕەخسێندرێ بۆ قوتابی و بەردەوام
هان بدرێ و پاڵپشتی بكرێ و بەهرەكانی لەناو نەبرێ. رێك ئەوەش وتەی ڕاگەیاندكاری بەناوبانگی سعودی (ئەحمەد شوقەیری)
دێنێتەوە بیرمان كە دەڵێ “هەموو مرۆڤێك بەهرەی هەیە، بەڵام کە بڵێی ماسی ناتوانێ بە درەختدا هەڵزنێ، کەواتە دۆڕاوە، ئەوا تۆ بەهرەی مەلەوانیکردنی ماسیت
لەناو برد و كوشتت”