د. سالار عوسمان
لە گەشـــتێکدا، لەگـــەڵ دوو هاوڕێـــی هەرەئەزیزم ڕێمان کەوتە لیشـــبۆنە، لیشبۆنەی پایتەختی پورتوگال.
لیشـــبۆنە: Lisbon ، ئەو شارەی چیرۆکی زۆرە و بەسەرهاتی زۆرتر، کە من لێرەدا نەشێم بچمەوە سەریان، بەڵام لەو شارەدا، تایبەت کە پیاسەمان دەکرد و لە وردەکارییەکانیدا ڕادەماین و گفتوگۆمان لەبارەیانەوە دەکرد، زۆر جوانی و شیان سەرنجی ڕاکێشاین، کە من لێرەدا تەنیا باسی یەکێکیان دەکەم.
لە لیشبۆنە، ڕێگاکانی ڕۆیشتن، سەرجەمیان بەردڕێژ کراون، بەردێکی بچووک و بریقەیی و جوان، کە پتر سپی و ڕەش بوون و هەندێکیشی سوور.
چیرۆکەکە لێرە تەواو نابێت، هەر هەموو ڕێگاکانی پیاســـە، ڕێگاکانی پیادە لەم وڵاتە بەردڕێژکراوە بە نەخش و ســـەلیقەیەکی بەرز، نەخشەکان دەلالەتی جوانناسیی گەلی پورتوگالە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڕوابوونە بە هێزی بازوو، چونکـــە هەموو ئەم بەردلێدان و نەخشـــکاریی و جوانییە بە بازوو دەکرێت، بـــازووی گەلێک کە جوان دەبینێ و جوان کار دەکات و جوان دەژی و جوان ئاییندە دروست دەکات!..
گەلێک بڕوای بە بینینی جوان و بازووی شیان و هێزی ڤیان هەبێت، حەتمەن سەردەکەوێت و هەمووان لە دەور خۆیدا کۆدەکاتەوە.
لیشبۆنە پڕە لە جوانی، دیوارەکانی پڕن لە نەخشی پورتوگالی، بانێژەکانیان، هیچیان لەوەی تر ناچێ و بە نەخشـــی جیاواز ڕازێنراونەتەوە، ئۆقیانووســـی ئەتڵەســـی باوەشی پیاداکردووە، ســـەوزایی دایپۆشیوە، گەنجەکانی سەریان بەســـەر مۆبایلەوە نییە و کاردەکەن، پیر و گەنج و جەوان لەگەڵ میواندا زۆر کەرەمدارن، ســـاراماگۆی وەرگری خەڵاتی نۆبڵ ـ ی ئەدەبیی ســـاڵی 20١0 و ڕۆناڵدۆی ئەستێرەشیان لە چاواندا هەڵگرتووە و خەون دەبینن و، ژێر پێیان پڕە لە بەردی بچووکی بریقەداری جوانی ڕازاوە، کە ئیفتیخار بە هەنگاوەکان دەبەخشێت!..