فازڵ میرانی
زنجیرەی بە ئامانجگرتنمان لە لایەن نەیاران و دوژمنانەوە، ھێشتا ھەر بەردەوامە. نەیاران بە شێوازی كۆنینەیان بەپیلانگێڕی و خەنجەری خیانەت دەمانپێكن، دوژمنانیش بە چەك و سێدارە و دارایی. ھەروا بووە، تەنانەت پێش شۆڕش و ڕاپەڕینەكانیشمان، دواتریش حاڵمان ھەر بەم چەشنەیە مایەوە. بە جۆرەھا شێوە و شێواز و بیركردنەوە، بە وەكالەت، یانژی بەڕاستەوخۆ كراوینەتە ئامانج.
ھەموو قسەكان لە وەسفی ڕێژەیی كۆژان و مەینەتی ئێمەدا بە ڕاست دەردەچن، بەڵام لە خستنەڕووی ڕووداوەكانی ڕابردوو و داھاتوو، كە بەسەر ئێمەدا ھاتوون و دێن، دەستەپاچە دەبن، كە ھەموو ئامانجێك لێیان لەناوبردن و سەركوتكردنمان بووە. ھەڵبەت ئەمەیش تەنها بۆ برەودان بە دەمارگیرییە، كە ھەر سەردەمە و بەرگێكی جیاواز دەپۆشێت و بەناوی كەسان و قەوارەگەلێك دەردەكەوێت، كە لە مێژوودا ھیچ دەستكەوتێكی وایان نییە خەڵكی عێراق و مرۆڤی ئازاد شانازی پێوە بكات. بەكارھێنانی پڕوپاگەندە بۆ درۆكردن كارێكە ئێمە ھەمیشە لەسەر ھەموو ئەوانە تۆماری دەكەین، كە لێدانی گەلەكەمانیان وەك ئەركێك وەرگرتووە. ئەوان و ئەوانەی بە دوای دەستكەوتێكی شەرمەزاركەردا دەگەڕێن، كە بەھاكەی ڕابردوو و ئێستا و داھاتووی گەلەكەمانە، بەشێكیان پەنجەی پەشیمانی دەگەزن، ھێندێكیشان بە پەڵەی خیانەتكاری سەردەنێنەوە، لەبارەی ھەردوو لاشیانەوە نموونە زۆرە.
ھێشتا كەسانی دژ بە مستەفابارزانی، كوفوكوڵی دوژمنایەتی لە سینە و ھۆشیان دێتە دەرەوە، ئەوانەی بەو كار و خزمەتەی مەلا مستەفا پێشكەیشی كرد، كە كوردستان و عیراق بە پێگەی خۆیان بگەن، ناشاد و دڵگران بوون.
ھێشتا شۆڕشگێڕە گەورەكەی مەیدان لەنێو كولتوور و پڕوپاگەندەی ئەوانەی ئەجیندای پێشوویان بە میرات گرتووە درۆی لەگەڵ دەكرێت، مەبەستم ئەوانەی عیراق و عێراقییەكانیان بەرەو كولتووری تووندوتیژی و چەتەگرایی و وابەستەیی برد.
ئەوان سینەیان لەبارزانی و گەلەكەی و حزبەكەی پڕ كینەكردووە، ئەو حزبەی ھێزە ھەرە دیار و بەرچاوەكەی سەر زەمینە، لەپێناو تێكشكاندنی عەقیدەی شموولی و فێڵ و ئەدای ئەوانەی عێراقیان خوێناوی كرد، ڕۆژگاری عێراقیان بە ترس و نەبوون و ھەڵاتن تەماوی و خەماوی كرد، خەبات دەكات.
وا دیارە دڵگرانن بەوەی كەسانێك لەنێویاندا ھەبن بە تووندی ڕەتی بكەنەوە و نەھێڵن عێراق دابەزێتە نێو كەندەڵانێك كەس بەرگری پێ لێ نەكرێت. بەڵێ ئێمە ھەبووین و ھەر دەشمێنینەوە، قبووڵ ناكەین ھەمان وێرانەی پێشتر دووبار بێتەوە. ھێشتا ئەو خاكەی ئەوان مینڕێژیان كردووە، ئێمە دەپێكێت. خۆ ئەگەر خواستی ئێمە و نێودەوڵەتیش ڕێگە نەدات چیتر مینڕێژ بكرێت، پڕوپاگەندە و واتەوات و كارەكانیان بۆ لێدانی نەخشەڕێگەی ئیمە ۆ ئابوورییەكی گەشەسەند و سەقامگیر، مینڕێژ دەكەن