عێراق، قۆناغی بەفیڕۆدانی پارە بە لێشاو!

وەلید خدوری

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەسعود بارزانی، لە 11ی حوزەیرانی ڕابردوو پەیامێكی ئاراستەی ڕای گشتی كرد و گوتی: ” ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق پەردەی لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی لایەنە شۆڤێنی و موزایەدەچییەكان و هەموو ئەوانە لادا، كە نە ڕێز لە بەڵێن و واژۆكانیان دەنێن و نە ڕێزی بنەماكانی دەستووریش دەگرن. ئێستاش كە پڕۆژەیاسای بودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا پەسەند كراوە، هیوادارم ئەوەی هەیە بە نیەتێكی پاك جێبەجێ بكرێت. لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان، موڵكی گەلی كوردستان و بەرهەمی خوێن و خەباتی گەلی كوردستانە. لە بەرانبەر هەر جۆرە هەوڵ و دەستدرێژی و بێباكییەك بۆ تێكدان و نەهێشتنی هەرێمی كوردستان بە توندی دەوەستینەوە. بە لای ئێمەوە هەرێمی كوردستان نەك تەنیا هێڵی سوورە، بەڵكو هێڵی مەرگە و یان كوردستان یان نەمانە.”
ئەم پەیامەی بارزانی، سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان، دەرخەری ئەوەیە، كە ناكۆكییەكی توند هەیە لەنێوان حزبێكی سیاسی، كە لە دوای ڕزگاركردنی عێراق لە ساڵی 2023بەشداری پرۆسەی حوکمڕانی سیاسی كردووە و تا ئێستایش بەردەوامە، لەگەڵ چەند حزبێكی مەزهەبی، كە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا لە دوو دەیەی ڕابردوو هاوپەیمانیی ئێران بوون.
بەهای فرۆشی هەناردەی نەوتی عێراق لە دوای پرۆسەی ئازادی تا ئەم ساڵ، نزیکەی یەک ترلیۆن و سێ سەد ملیار دۆلار بووە، هەڵبەت ئەمەش بە گوتەی وەزیری پێشووی نەوتی عێراق عیسام چەلەبی، کە پشتی بە ئامارە فەرمییەکانی بەهای نەوتی عێراق بەستووە.
چۆن زیاتر لە ترلیۆنێك دۆلار خەرج کراوە، لە کاتێکدا وڵات ڕووبەڕووی نەبوونی بەردەوامی کارەبا و دواکەوتوویی لە بواری پەروەردە و تەندروستی و زیادبوونی هەژاری و کۆچبەری دەبێتەوە؟ باسی تیرۆریش هەر لەم لاوە!
د.عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی، وەزیری پێشووی دارایی، لە یاداشتنامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی بۆ مستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لە 16ی ئابی 2022، باری کارەساتباری عێراقی ڕوونکردەوە: “کە تۆڕێكی بەفراوانی بەرپرسانی باڵای عێراق لە بازرگان و سیاسەتمەدار و کارمەندانی گەندەڵی دەوڵەت وەك سێبەر کاردەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی کەرتەکانی ئابووری و ملیارەها دۆلار لە گەنجینەی گشتی دەکێشنەوە.”
عەللاوی دەڵێت: ” كاتێك لە ساڵی 2005 چوومەتە وەزارەتی دارایی، هەروەها ئەو كاتەش كە وەک وەزیری دارایی لە سەردەمی حکوومەتی ئینتقالی د.ئیبراهیم ئەلجەعفەری کارم كردووە. هەروەها وەختێك بۆ دووەم جار دیسان لەم وەزارەتە دەستبەكاربوومەوە، دوای چەند هەفتەیەك ئەو ڕاستییە ڕاچڵەكێنەم زانی، کە لە پانزە ساڵی ڕابردوودا ئالییەتی بەڕێوەبردنی دارایی حكوومەتی عێراق چۆن شپرزە و وێران بووە، چۆن جومگەكانی دەوڵەت بەشێوەیەكی فراوان لەلایەن حزبە سیاسی و گرووپە بەرژەوەندخوازەكانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
بەڕێوەبەرەكان تەنها ماوەیەکی کورت پۆستی سەرەکییان هەبووە. ژمارەیەكیان کەوتنە ژێر کاریگەریی لایەنە سیاسییەکان. بەڕێوەبەرە گشتییەکان هەموویان گونجاو یان شایستە نەبوون بۆ ئەو پۆستانەی کە لێی بەرپرسیار بوون. ژمارەی ئەو کارمەندە باڵایانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٦دا ناسیم، بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوویان لە كەمی كرد، ئەمەش لە ڕێگەی خانەنشینبوون و دەرکردن و دەستلەکارکێشانەوە و تەنانەت کوشتنیشەوە. ستانداردەکان بۆ ئاستێکی زۆر نزم دابەزین. وەزارەتی دارایی پڕ بوو لە کەسانێک کە ئەهلیەتیان جێی گومان بوو.”
عەللاوی دەڵێت: ئەم تۆڕانە لەلایەن لایەنە سیاسییە گەورەکان و پارێزبەندی پەرلەمان و تەنانەت زلهێزە بیانییەکانەوە پارێزراون. گەندەڵی و فێڵکردن بە هەموو کەرتەکانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت بڵاوبووەتەوە، ئەگەر بمانەوێت ئەو وڵاتە بمێنتەوە، گەرەكە بە هەر نرخێك بێت كۆتایی بەمە بێت.
ئەرێ پەیوەندیی نێوان هەڕەشەی ئێستای بارزانی و هۆشداری ساڵێک لەمەوبەری عەللاوی چییە؟ دیارە پەیوەندییەكە لە قەبارەی گەندەڵی بەربڵاوی وڵات دایە، لە (حکوومەتی ناوەندی، پارێزگارەکان و هەرێمی کوردستان)، هەروەها پەیوەندییەكە لە غیابی پڕۆژەی بنیاتنانی “دەوڵەت”یش خۆی دەبینیتەوە.
چەند هەفتەیەک لەمەوبەر بڕیارێکی پابەندکەر لەلایەن دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس دەرکرا، كە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕی عێراق-تورکیا ڕابگیرێت. ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی تورکیا و عێراق ئەوەیە ئەو لایەنەی مخەوەلە لە هەناردەکردنی نەوتی عێراق، تەنها کۆمپانیای سۆمۆی حکوومەتی عێراقە.
پاشان بەگوێرەی دادگای نێودەوڵەتی، بەبازاڕکردنی هەرێمی کوردستان پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکەیە، حکوومەتی تورکیاش دەبێت هەناردەکردنی لە ڕێگەی ئەو هێڵەوە بۆ شوێنێکی تر جگە لە “سۆمۆ” ڕابگرێت. هەروەها دەبێت تووركیا بە 1،47ملیار دۆلار قەرەبووی ئەو زیانەی عیراق بكاتەوە.
هەرچەندە زیاتر لە مانگێک بەسەر دەرچوونی بڕیارە ئیجبارییەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام تورکیا هێشتا بەڕووی هەناردەکردنی نزیکەی 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا داخراوە و هۆکارەکەشی “تێکچوونی تەکنیکی”یە. سروشتی “شکستی تەکنیکی”یش نازانرێت، بەڵام ئەم دواکەوتنە نزیکەی یەک ملیار دۆلاری لە فرۆشتنی هەناردەکردنی عێراق ڕاگرت.
لەم ماوەیەدا بەغدا و هەولێر ڕێککەوتن کە نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردە بکرێت، بەڵام پارەکە لە حیسابێکدا بۆ حکوومەتی کوردستان لە بانکێکی دارایی لە وڵاتێکی کەنداو دابنرێت و دواتر بگوازرێتەوە بۆ بەغدا. لەهەمانکاتدا ڕێککەوتن لەسەر بەڕێوەبردنی پیشەسازی نەوت لە هەرێم لەلایەن حکوومەتەکەیەوە، بەو مەرجەی بەغدا دەستوەردان نەکات لە پەیوەندییەکانی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان کە لەوێ کاردەکەن. لەبەرامبەردا هەرێم بەشێک لە مەرجەکانی لە بودجەی گشتیدا بەدەست هێنا (کە بارزانی لە وتارەکەیدا ئاماژەی پێکرد). لێرەوە ڕێککەوتنەکە ناکۆکییەکانی لەسەر بەرپرسیارێتی هەناردەکاری نەوت یەکلاکردەوە، بەڵام دەسەڵاتە بەرفراوانەکانی هەرێمی لە بەڕێوەبردنی کەرتی نەوتی خۆیدا هێشتەوە، سەرەڕای بڕیارە باڵاکانی دادوەری بە پێچەوانەوە. ئەمەش چارەسەرکردنی هەندێک ناکۆکی و دواخستنی هەندێکی تر بوو.
ئەمە لە کەرتی نەوتدا، پرسگەلێکی تر هەن، کە هەریەکەیان بە ملیارەها دۆلاری بەفیڕۆدراو و تاڵانکراوی تێدایە، کە هێشتا بەبێ چارەسەر ماونەتەوە. بۆ نموونە ئەو فەزیحەی لە عێراقدا بە ” فەزیحەی سەدە” ناسراوە. سەبارەت بە دزینی سامانی دەوڵەت بە بەهای سەدان ملیار دۆلار. فەزیحەی ” سلفەی دامەزراوە دەوڵەتییەکان کە لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە بە زیاتر لە ١٦٠ تریلیۆن دیناری عێراقی مەزەندە دەکرێت… کە ڕوونە چوونەتە گیرفانی گەندەڵکارانەوە”، ئەمەش بەپێی ئابووریناس دکتۆر عەبدولڕەحمان ئەلمەشهەدانی، كە رۆژنامەی “طریق الشعب “، زمانحاڵی حزبی شیوعی عێراقی بڵاوی كردووەتەوە.
لە کۆتاییدا لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو بەیاننامەیەکی فەرمی عێراق، کە میدیا نێودەوڵەتییەکان بڵاویانکردەوە، سەبارەت بە دروستکردنی هێڵی ئاسنینی عێراقی کە بەسرە و دەروازە نوێیەکەی بە باکووری عێراق و سنوورەکانی تورکیا دەبەستێتەوە و ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم هێڵە دەبێت بە هۆكارێكی گرنگ بۆ گواستنەوەی کەلوپەل لە وڵاتانی کەنداو بۆ دەریای ناوەڕاست و پاشان بۆ ئەوروپا و بە پێچەوانەشەوە، بەڵام چەند ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی فەرمی هەواڵەکە، بەیاننامەیەکی دیكە بڵاوكرایەوە، مەودای هێڵی ئاسنین بۆ بەستنەوەی ئێران بە بەسرە و پاشان بەستنەوەی بە هێڵی ئاسنی نوێ، ڕوون کردەوە. شاندەکانی ئێران بەمەبەستی ڕاگەیاندنی گواستنەوەی کاڵای ئێرانی بۆ کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست گەیشتنە وڵاتانی دراوسێ. جێگای سەرنجە ئەم بەشەی هێڵەکە بە فەرمی لەلایەن عێراقەوە ڕانەگەیەندرا. سروشتییە، لە هەلومەرجێکی ئاساییدا، کە پەیوەندیی دۆستایەتی و دەستوەرنەدان لە نێوان وڵاتانی دراوسێدا هەیە، ئەم هێڵی ئاسنینە بۆ سوودی بەرفراوانی ناوچەکە بەکاربهێنرێت، بەڵام لە عێراقدا “خەڵکانێک هەن”، بە ئاشکرا پەیڕەوی لە سەرکردایەتی و ڕێنماییەکانی… “سپای پاسداران”ی ئێران دەکەن. کەواتە چی پێویستە؟ بۆ ئەوەی عێراق ملیارەها دۆلار خەرج بکات بۆ دروستکردنی هێڵی ئاسنی زەبەلاح و فراوان، بۆ ئەوەی سبەی ببێتە ئامانجی لەناوچوون لەلایەن ئەم یان ئەو لایەنە دوژمنکارانەی ئێرانەوە و هەوڵی ڕاگرتنی چەک هەناردەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی عەرەبی بدات بۆ خزمەتکردن بە سیاسەتە
فراوانخوازییەکانی؟ کوا «دەوڵەت»ی عێراق؟ کەی بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی عێراق هەڵدەستیتەوە؟

*پسپۆڕی بواری ئابووری
وەرگێڕانی: ڕۆژنامەی هەولێر