حەمەسەعید حەسەن
دۆن کیخۆتە
(دۆن کیخۆتە)ی ســـێرڤانتس، ڕۆمانێکە زمانبڕ و زەمەنبڕ، ڕۆمانێکە جیهانی و لەســـەر ئاســـتی دنیا، بە یەکەمین ڕۆمانی هونەری هەژمار دەکرێت. ســـێرڤانتس لە تەمەنی پەنجا و حەوت ســـاڵیدا، لە 1605دا بەشی یەکەمی و دە ساڵ دواتر بەشی دووەمی بڵاو دەکاتەوە. دۆن کیخۆتە ڕۆمانێکە تەنیا سەرنجی ئەدیبان و وەرگێڕان و ئەدەبدۆستانی ڕانەکێشاوە، جێی بایەخی ئەوانەیش بووە کە بە شانۆ، سینەما، وێنەی بزۆز، شێوەکاری و موسیکیشەوە سەرقاڵن. دۆنکیخۆتە کە شاکەســـی ڕۆمانەکەیە کە لەگەڵ ئاشی هەواییدا بەشەڕ دێت، بە خراپەکارانی باڵدرێژیان تێدەگات و
کە پەلاماری مێگەل دەدات، بە لەشکری دوژمنی دەزانێت.
دۆن کیخۆتە و سانچۆی هاوکاری، هەر یەکی بە مەبەستێک سەرچڵانە خەریکی بەگژداچوونەوەی ستەمن، یەکەمیان بە ئومێدی چەســـپاندنی دادپەروەری و دووەمیان بە هیوای ئەوەی ببێت بە میری دوورگەیەک، بەڵام هەردووکیان نائومید دەبن. دۆن کیخۆتە شـــاکارێکە هاوزەمان کۆمیدی و تراجیدی، نووســـەرەکەی بە کاریگەریی ئەو داستانانە نووسیویەتی کە باسی سوارچاکییان کردووە و شاکەسەکەیشی زۆر جار بەو زمانە دەدوێت کە سەردەمی سوارچاکی
باو بووە.
کارلـــۆس فۆینتس لەبارەی دۆن کیخۆتـــەوە دەڵێت: “هونەرێکە ئەوە زیندوو دەکاتەوە کە مێژوو کوشـــتوویەتی.” دۆن کیخۆتـــە بەدوای ئەوەوەیە، ئەو هەڵانە ڕاســـت بکاتەوە کە خەڵکی تر کردوویانـــن و یارمەتی ئەوانە بدات لە خۆشییەکانی ژیان بێبەش کراون. دۆن کیخۆتە هەرچەندە لە قەڵغانێک و ڕمێک و ئەسپێکی لەڕ زیاتر، هیچی دیکە
شک نابات، بەنیازە تەمی ستەم بڕەوێنێتەوە و دنیای تاریک ڕۆشن بکاتەوە.
ســـێرڤانتس ڕۆمانێکی فرەدەنگیی نووســـیوە و گەرەکی بووە لە ڕێیەوە باسی ئاوابوونی خۆری قۆناغی سوارچاکی بکات، ڕۆمانێکی ئەفراندووە تێیدا مانای دەرەکی و ڕاســـتەوخۆی ڕستەکانی شتێکن و مانای ڕاستەقینەیان شتێکی دیکەیـــە. ڕۆمانێکە ئەگەر خوێنەرێکی وریا بین، لەبری ئەوەی هەڵســـوکەوتی قارەمانەکـــەی بمانهێنێتە پێکەنین، هەستی هاوخەمیمان تێدا دەورووژێنێت. تۆرگنێڤ کە ڕۆمانێکی نووسیوە و ناوی لێ ناوە: دۆن کیخۆتەی ڕووسیایی، لە نووســـینێکیدا کە لە 1860دا نووســـیویەتی، بـــەروارد لەنێوان هامڵیت و دۆن کیخۆتـــەدا دەکات و لە ڕوانگەی تۆلستۆی و پووشکین و گۆگۆڵیشەوە، دۆن کیخۆتە کارەکتەرێکە داکۆکی لە هەق دەکات و بەگژ ستەمدا دەچێتەوە.
لە دیدی دۆستۆیفسکیشەوە، دۆن کیخۆتە نایابترین کارەکتەرە، دنیای کریستیانیزم بەخۆیەوە بینیبێت.
ئەگەر هونەر ڕەنگدانەوەی ڕۆحی گەل بێت، ئەوا دۆن کیخۆتە ڕەنگدانەوەی ڕۆحی ئەو گەلەیە لەناویدا سەری هەڵدا و کاریگەری لەسەر گەلەکەی و گەلانی دنیایش بەجێ هێشت، ئاخر خۆ ئەوە ڕێککەوت نییە کە دۆن کیخۆتە جێی بایەخـــی تۆمـــاس مان و بۆرخێس و میلان کوندێرا بووە. خۆ ئەوە هەر قســـە فڕێدان نییـــە کە کە گوتراوە: ئەوە دۆن کیخۆتەیە، ئیســـپانیای هەواری سێ ئایینە ئاسمانییەکەی بە نەمری هێشتووەتەوە. ئەگەر دنیا نەگۆڕین، دنیا دەمانگۆڕێت، دۆن کیخۆتە بەهەق لە گۆڕینی دنیادا بەشدار بووە. دۆن کیخۆتە کە پشتی بە چەکی قۆشمە قایمە، ڕۆمانێکی واقیعییە، لە گۆشەنیگای جیاوازەوە، ڕەخنە لە کۆمەڵ دەگرێت و لە خەمی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیدایە.
دۆن کیخۆتـــە باس لە قارەمانی ســـاختە و دادپەروەریی وەهمـــی دەکات و گاڵتەی بەوە دێت، خانەدانان لە خەمی مرۆڤایەتیدا بن. ســـێرڤانتس پێمان دەڵێت: کولتووری دێرین بە دەردی ســـەردەمی نوێ ناخوات و بەها کۆنەکان وەختیـــان بەســـەر چووە و جێی بایەخی ئینســـانی نوێ نین. بـــۆ ئەوەی دۆن کیخۆتە بە کەســـایەتییەکی گەوج تێنەگەین، کەســـێکی گەوج و هیچی تر، پێویســـتمان بە بڕێک لە هۆشـــیاری هەیە، ئاخر ئەو پەیامەی سێرڤانتس دەیخواســـت بیگەیەنێت، هەر دەبوو بە کارەکتەرێکی سەرکێشدا بینێرێت، کارەکتەرێک وای بۆ بچێت، پێی دەکرێت
ڕەوتی مێژوو ڕابگرێت