كۆنتڕۆلی سە‌لامە‌تی لە‌ پرۆژە‌كان

هۆزار تۆفیق ابراهیم*

زۆرجار گوێبیستی كارەساتی گەورە دەبین كە لە پڕۆژەكاندا ڕوودەدات هەندێك جار دەبێتە هۆی گیان لەدەستدان و بریناربوونی ستافی پڕۆژەكان كە نزیك ترینیان كەوتنی كرێنێك بوو لە یەكێك لە پڕۆژەكان لە پارێزگای سلیمانی بە داخەوە بووە هۆی گیان لە دەست دان و بریندار بوون زۆربەی ڕووداوەكان بە هۆی هۆشیار نەكردنەوەی ستافی پڕۆژەكان و نەبوونی مەرجی سەلامەتیە .

ئەتوانین پێناسەیەكی كورت بكەین بۆ كۆنترۆڵی سەلامەتی (Safety) لە پڕۆژەكاندا: بریتییە لە ڕێگەگرتن لە هۆكارانەی كە ئەگەری زیانگەیاندنیان هەیە بە سەرجەم ستافی ناو پڕۆژەكە بە نمونە (ئەندازیار و كرێكار و هەندێك جار زیانگەیاندن بە دانیشتوانی پڕۆژەكان).

سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی چییە؟

ئەمە چەند ڕێوشوێنێكە كە لە شوێنەكانی كاردا جێبەجێدەكرێت بۆ پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی كرێكاران لە شوێنی كاردا، جگە لە دابین كردنی ژینگەیەكی كار بەبێ هیچ ڕووداوێك،برینداربوون،یان لەدەستدانی مرۆیی و مادیی.
گرنگترین ڕێو شوێنەكان كە پێویستە جیبەجێ بكرێت بۆ بەدەستهێنانی سەلامەتی لە پرۆژەكانی بیناسازییدا:
*دانانی بەربەستی پاراستن و نیشانەی ئاگاداركردنەوە بە زمانەكانی (كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی) و لە كاتی كاركردن لە شەودا پیویستە بەربەستەكان رووناك بكرێتەوە لە هەر ئاستیك كە
هۆكار بێت بۆ كەوتنە خوارەوە.

*پشكنینی بەردەوام بۆ هەموو ئامێرەكان لەلایەن كەسانی شارەزا كە بڕوانامەیان هەبێت لەو بوارەدا. *دانانی بەربەست و داپۆشین لەسەر بەشە تیژەكان كە ئەگەری
زیان گەیاندنیان هەیە.

* دابین كردنی ئامرازەكانی كوژاندنەوەی ئاگر بەشیوەیەكی هەمیشەی لە شوێنەكە بوونی هەبێت و پاراستنی هەرماددەیەكی گڕگرتوو لە شوێنی تایبەتی خۆیان.
*چاككردنەوە و پشكنینی كارەبایی و گۆڕینی ئەوانی زیانیان پێ گەیشتووە دڵنیابوون لەوەی كە هەموو وایەرە كارەباییەكان كە بەكاردەهینرێن لە كارەكەدا جیاكراونەتەوە و بە باشی بەستراونەتەوە بەگشتی ئەو هۆكارانەی كە دەبنە هۆی گەیاندنی كارەبا.

ئەمانە چەند فاكتەرێكی زۆر كاریگەرن كە باسكراوە پێویستە لەسەر خاوەن كار ڕەچاوی سەلامەتی بكات لەكاتی ئەنجامدانی پڕۆژەكانیان بە بەكارنەهێنانی كەرەستەو ئامیری كۆن بۆ پرۆژەكان كە هۆكارن بۆ گیان لەدەست دان وە بەشێوەیەكی هەمیشەی پلانێكی تەواوی هەبێت بۆ هەرحاڵەتێكی لە ناكاو وەك دابینكردنی ئامرازەكانی فریاكەوتن لە شوێنەكە و ڕاهێنانی كرێكاران لەسە فریاكەوتنی سەرەتایی و دابینكردنی پێداویستی و كەل و پەلی تایبەت بە پڕۆژەكە بۆ كرێكاران وە پیویستە هیچ خاوەنكاریك بواری ئیش پێكردنی پی نەدرێت ئەگەر خولی تایبەت و پیویست
سەبارەت بە مەرجەكانی سەلامەتی كاری نەبێت.

پێویستەكرێكاران بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان لەكاتی كاركردندا پابەندی ئەم چەند ڕینماییە ببن بە بەكارهینانی ئەم پیداویستیانە وەك (جل و بەرگی كار، كڵاو،دەمامك، داپۆشێنەری گوێ،چاویلكەی خۆپارێزی،دەستكێشی خۆپارێزی،یان هەر كەل و پەلیكی تری خۆپاریزی تایبەت بە ئەو پڕۆژەیەی كاری تیا دەكات. هەڵ بەت وەك ئەندازیارێك پیویستە ئەم ڕاستیە بخەمە ڕوو دەبێت ئەندازیارانی سەرپەرشتیاری پڕۆژەكانیش بەپرسیارێتی ڕێگەگرتن لەم جۆرە ڕووداوانە لە ئەستۆ بگرن پیویستە پڕۆژەكان لە ژێر بنەمایەكی (زانستی و ئەندازیاری) ڕێنمایی پێویست بە‌ سە‌رجە‌م ستافی پڕۆژە‌كە‌ بدات.