دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

چێژ لە‌و كارە‌ ببینە‌ كە‌ دە‌یكە‌یت

مامۆستا لەیلا بەرزنجی

وزە شاراوەکانت ڕێک بخە بە جۆرێک کار و بەرنامەی بۆ دابڕێژە، ئەوەی کە زۆر گرنگە مرۆڤ، ئامانجێکی هەبێت و، هەنگاوی بۆ بنێت؛ بەرەنگاری ئاستەنگەکان ببێتەوە، لە پێناوی بجەنگێت، تا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، ئەم کارەش بە ڕێکخستنی کاتەوە پەیوەستە، هەتا چەندە کاتەکانت بە جوانی بەڕێوە دەبەیت چونکە سەرکەوتنت بەوەوە گرێ دراوە. لێرەدا باس لە قوتابی دەکەین کە هەموو ئامانجی بەدەستهێنانی بڕوانامەیە، هەتا بتوانێت کارێکی گونجاو پەیدا بکات، بەو بۆنەشەوە خوێندن و خەوتن و، هەموو ژیانی خۆی رێک دەخات هەتا بگات بەو ئامانجەی، کە کارکردنە و، دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خۆی و، ئەوانەی لەگەڵیدا دەژین.
کار یاخود ڕۆڵی کار لە ناسنامەی کەسیدا چیە؟ مرۆڤ چ کارێک بکات؟ کێن ئەوانەی بیرۆکەیان هەیە؟ چۆن هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن؟ کار ناوبانگ بۆ مرۆڤ بنیاد دەنێت و، هەتا ببێتە کەسێکی سەرکەوتوو و، کەسایەتیەکی دیاری ناو کۆمەڵگا. بە دیوێکی تردا پارە بەشێک بێت لە سەرچاوەی ژیان، هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی بدرێت هەتا چێژی لێ ببینن و، لە کاری بەسوودا بەکاری بهێنن.

دایک و باوک هەمیشە هەوڵ دەدەن، داهاتێک پاشەکەوت بکەن هەتا لە پاشەڕۆژدا بۆ منداڵەکەیان بەجێی بهێڵن، هەرچەندە بە بڕوای ئەوان ئەمە کارێکی باشە، بەڵام زۆر هەڵەیە، بگرە پێویستە لەسەر دایک و باوک منداڵەکەیان فێر بکەن کە بیر لە کارکردن بکەنەوە بۆ ژیانێکی خۆش و بەخشین. هەندێک لە دایک و باوک وا دەکەن منداڵەکەیان هەر
بە منداڵی بمێنێتەوە، هیچ کاتێک ڕێگەی پێ نادەن کار بکات، یاخود بە ویستی و ئارەزووی خۆی کارێک هەڵبژێرێ، بەتایبەتی لە چینی باڵای ناو کۆمەڵگادا، واتە ئەوانەی خاوەن سەرمایە و دەسەڵاتدارن ڕێگر دەبن لە بەردەم منداڵەکانیان بۆ کارکردن، بەهۆی ئەوەی کە پێویستیان پێی نیە، ئەوەی دەیانەوێت بۆیان دابین دەکەن، بەم شێوەیە گەورە نابن و فێر دەبن بەس داواکارییان هەبێت، لەباتی ببنە کەسێکی بەرهەمهێن دەبنە کەسێکی بەکاربەر و بێسوود، ئەگەرهاتو دووچاری سەختی بن، بە شێوەیەکی تر بسووڕێ ئەوا ئەو منداڵە یەکەم کەس دەبێت کە لە ناو خێزان و کۆمەڵگا زەرەرمەند دەبێت و، دەبێتە بار بەسەر کۆمەڵگاوە؛ لە هەمانکاتدا دووچاری کێشەی گەورە دەبێت، هەر ئەوانەن كە ویستەکانیان هەمیشە جێبەجێ کراوە، فێر نەکراون کە خۆیان کۆشش بکەن.

ئێستا تا ڕادەیەک سەربەستی دراوە بە ڕەگەزی مێ کە لەناو کەرتی حکومی و تایبەت، بە تایبەت لە بواری پیشەییدا کار بکات، هەتا بتوانن پێداویستیی خۆیان دابین بکەن و، نەبنە بارگرانی بەسەر شانی خێزانەکەیانەوە، بە تایبەت لە چینی خوار و مامناوەنددا. هەرچەندە زۆرێک لە دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگاکان نەیانتوانیوە لە بەشی خۆیان و پسپۆڕییاندا کار بکەن بەڵام تاڕادەیەک بە دوای کاردان و، هەوڵ دەدەن خۆیان بسەلمێنن. بەشێکی کەمی خێزانەکان منداڵیان بێبەش دەکەن لە خوێندن، ڕەوانەی شەقامیان دەکەن بۆ کاری دەستگێڕی یاخود لە کاتی پشوودا دەیاننێرن بۆ کار، هەرچەندە من لەگەڵ ئەوەدا نیم منداڵ خوار تەمەنی ١٨ ساڵان کاری پێ نەکرێ، بگرە دەبێت پێویستیەکانی خۆشگوزەرانیی بۆ دابین بکرێت، چونکە زۆرێک لە منداڵان لە کاتی کاردا مامەڵەی بێزارکەر یا بێڕێزی بەرامبەریان دەکرێ، بە تایبەت دەستگێڕەکان و ئەوانەی لە ترافیکلایتدا دەوەستن.

نووسەر ڕیچارد تیمپلەر لە کتێبی یاساکانی کاردا دەڵێت: هەندێک ستایش و کڵۆڵی لە کاردا بەدی دەکرێت، هەر لە بۆڵەبۆڵ و نرکە لەو دۆخەی کە تێیدایت. جۆرێکە لە سیستەمی کۆمەڵایەتیی نافەرمی کە خەڵک وا لێ دەکا نرکە و ناڵە بکا و، ڕقی لە کارەکەی ببێتەوە؛ تۆ یەکێک نیت لەوان چونکە پەیڕەوکارانی یاسا چێژ لە کارەکەیان دەبینن و، وا لە خەڵک دەکەن کە ئەمە بزانێت. مرۆڤ ئەو کارەی دەیکات دەبێ چێژی لێ ببینێ، هەتا بە هەموو سەختی و ناخۆشیەکانیشیەوە، خۆی لەگەڵدا بگونجێنێت و وزەی خۆی بۆ تەرخان بکات، ئەگەرهاتو بەردەوام بێزاری دەربڕی لە بەرامبەری، ئەوا ئەوکات جەستەش ناتوانێت بەرگەی ئەو دۆخە بگرێت و لە لایەنی تەندروستییشەوە زەرەرمەند دەبێت و تووشی فشار و هەڵچوونی دەروونی دەبێت، ئەوەندەی تر ئەرکەکەی سەخت دەبێت. مرۆڤ کە کارێک دەکات درکی بە خۆشیەکەی نەکرد و و وزەی خۆی بۆ تەرخان نەکرد، ئەوە کارێکی باش نیە، پێویستە پێداچوونەوە بکات و ڕێگای تر بگرێتە بەر، هەتا ئاسوودەیی دەدۆزێتەوە لە کارەکەیدا، پێویستە لەسەر خێزان بە کارکردنی منداڵەکەیان ئاسوودە بن و هەمیشە پاڵپشتییان لێ بکەن.