پسپۆڕی نە‌ك كە‌ڵكە‌ ڵە‌

فازڵ ميرانی

فازڵ میرانی

گرنگە بزانین ئیدارە و سیاسەت كامیان لە پێشترە، بەڵام بە قەد ئەوە گرنگ نییە، كە بزانین هەردووكیان دەبێ بە پسپۆڕییەوە ئەدا بكرێن. سیاسەت و بەڕێوەبردن وەك هەر زانستێكی دیكە دەبێت پراكتیزە بكرێن. خۆ ئەگەر بە بنەمای زانستی پشتگیری نەكران و مەرجی تێپەڕاندن و قازانجی بەدەستهاتوویان ئاماژە پێكراو نەبوو، ئەوە دەبنە پێشلكاریی یاسایەكی دادپەروەرانە، كە بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەكرێت.

بەردەوام هەڵوێستە لەسەر زۆرێك لە هەواڵە ناوخۆییەكان دەكەم، كە دەبنە مایەی ڕەنگدانەوەی ململانێ لەنێوان تێنەگەیشتنی بە ئەنقەست لە ماددەكانی دەستوور و یاسا و ڕێساكان و نەزانین و بێئاگایی لێیان. بەڵێ، هەڵوێستەیەكی زۆر لەبەرانبەر ڕەنگدانەوەی ئەو ململانێیە دەكەم لەسەر ئەو كۆمارەی كە هێشتا زۆرینەیان بە دەست پیادەكردنی ئەو سیاسەت و ئیدارەدانە دەناڵێنن، كە لە ساڵی 1958وە گێژەڵۆكەكەی هەڵیكردووە و تا ئێستایش هەر بەردەوامە. لە سەرنجدانی قسەی زۆرینەیان تەنانەت ئەگەر قسەكانیشیان ڕێكوپێك دەركەون، بەڵام لە بنچینەدا بنەمای هەمان ئەو سیستەمە حوكمڕانانەن، كە لابراون. ئەوانەی زیانیان بە عێراق و گەلەكەی گەیاند، یانی ئەوانەی لە ڕابردوودا بۆ ڕژێمانی درواسێ ئیدارە و سیاسەتیان پراكتیزە كرد، ئەزموونی كاری ئەوان ئەوەبوو عێراقیان بەرەو هەڵدێر برد.

بەوپەڕی واقیعبینییەوە دەڵێم: ساڵی 2003 باشترین هەل ڕەخسا بۆ دامەزراندنی سیاسەتێكی دروست، كە بۆ گۆڕینی عێراق بەرەو باشتر لەنێو خۆ و ناوچەكە و نێودەوڵەتی، ئەمەش كارێكی مەحاڵ و سەخت نەبوو، بەڵام مەحاڵی و سەختییەکەی لە نەبوونی عەقڵی سیاسی ناپسپۆر خۆی حەشاردابوو. لێرەوە ئیدارەدانی دەوڵەت كە عێراقە پاشەكشەی كرد.

ئەوەی لەم چەند ڕۆژانەی دوایی ڕوویان دا، هەمووی هەر خراپ نەبوو، بەڵكو كەشفی ئاست و ئیدراكی ئەوانەی بۆ كردین، كە دەوڵەتێكی دادگەریان دەوێ، هەروەها ئەوانەشی بۆ دەرخستین، كە دەسكەوت و شتی دیكەیان لەژێر دروشمی “:دەوڵەتێكی لاوازتر ئاسانترە بۆ قووتدان”.

دیارە هەڵمەتی پڕوپاگەندە و واتەواتی قازانجكردن لە دژایەتیكردنمان ناوەستێت، بەڵام پرسیارێك دەمێنیتەوە: ئەرێ كێ بەڕاستی دەستكەوت بۆ عێراقییەكان بەدەست دەهێنێت؟ كێش لەسەر حیسابی خەڵكی عێراق قازانج دەكات؟ ئەو لایەنە كێیە سوورە لەسەر پاراستنی دەستوور و ئەزموونی فیدڕاڵی و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان؟ كێ بە پیشەیی و پسپۆڕیانە كار دەكات، كێیە ئەوانەی بە كەڵكەڵە یاخود هەر لەبەرئەوەی دەستبەتاڵ نەمێنێتەوە، كار دەكات؟