بۆچی كورد نابێتە‌ دە‌وڵە‌ت؟

مەشخەڵ كەوڵۆسی

ئەمە ئەو پرسیارە ئەزەلی و ئەبەدییەیە كە زۆرجار لەخۆمانی دەكەین، پێم وایە یەكێك لەكێشەكانی كورد ئەوەیە تاكو ئێستا بەشیعر وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە و، شین و واوەیلای شاعیرای بۆ نەبوونی دەوڵەت گەشتۆتە كەشكەڵانی فەلەك. بەڵام دواجار ئەوەی وەڵامی دایەوە، شیعر و عاتیفەبوو. ئەم قسەیە لانی كەم بۆ سەدەی ڕابردوو ڕاستە.

من ناڵێم با شیعر بەشداری نەكات لە كایەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و دیاریكردنی چارەنوسی ئەم نەتەوەیەدا، بەڵام پێویستە بەر لەشیعر، پلان و تەختیت و ستراتیژ ئامادە بن و، پێمان بڵێن: بۆ ئەوەی ببینە دەوڵەت، دەبێ چی بكەین و چی نەكەین؟.
ئەگەرچی پرسیارەكە زۆر جەوهەری و گرنگە، بەڵام وەڵامەكان هەمیشە شیعر و عاتیفە بەسەریاندا زاڵبووە. نەك بیركردنەوەی ستراتیژی و میكانیزمەكانی دروستكردنی بڕیاری تەندروست. هەربۆیە زۆرینەی هەرەزۆری وەڵامەكان، نەك نەیان پێكاوە، بەڵكو كوردیان
لەئامانجە گەورەكەی دوور خستۆتەوە.

بۆنمونە: یەكێك لەوەڵامەكان ئەوەیە كە دەڵێن:

كورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد نۆكەری بێگانەیە

دوودڵن، پیسن لەگەڵ یەك، بۆیە وا بێلانەیە

ئەم وەڵامە تاسەر ئێسقان عاتیفییە، چونكە هۆكاری ئەوەی كە كورد ناگاتە مەقسەد، ئەوەندەی پەیوەندی بە پلان و بیركردنەوەو، جوگرافیای سیاسییەوە هەیە، نیو ئەوەندە پەیوەندی بەوەوە نیە كە ئێمە ناحەزین لەگەڵ یەكتر یاخود نۆكەری بێگانەین.
ڕاستە لەناو كورددا، نۆكەری بێگانە و جاش، ژمارەیەكی زۆرە و ڕیكۆردی شكاندووە. ڕاستە لەناو هیچ میللەتێكدا نەبینراوە پێشبڕكێ بكرێت لەسەر ئەوەی چۆن زووتر بچنەوە ژێردەستی داگیركەر، چۆن باشتر قەناعەت بەمیللەت بكەن ڕازی ببن بەوەی حوكمی داگیركەر پەسەند بكەن.

بەڵام لەگەڵ ئەو ڕاستییەشدا، دەڵێین: كورد تاكە میللەت نیە كە جاشی زۆرە، ئێستا تاڵیبان بەكۆی جوڵەكانیانەوە، تەنانەت بە مونەتەقاتی فیكریشەوە، جاشی ئەمریكان. چیچانییەكان جاشی ئاشكرا و ڕوونی ڕووسیان. یان جەزائیرییەكان، كۆی سیستەمەكەیان بەجۆرێك دانراوە كە خزمەت بەجاشێتی بۆ فەرەنسا بكات. بەڵام هەبوونی ئەو جاشێتییە زۆر و ئاشكرایە، نەبووە ڕێگر لەوەی ئەو میللەتانە ببنە دەوڵەت.

پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە: بۆچی میللەتانی تر، ژمارەیەكی زۆر
جاشیشیان هەیە، بەڵام بوونەتە دەوڵەت؟ بۆچی جاشی میللەتانی تر نەبوونەتە ڕێگر و بەربەست لەبەردەمی ئەوەی میللەتەكان ببنە دەوڵەت، بۆچی جاشی كورد دەتوانێت ئەو ڕێگرییە لەكورد بكات؟ جیاوازی نێوان جاشێكی كورد و ئەو نۆكەرییەی بۆ داگیركەری دەكات، لەگەڵ جاشێكی چیچانی و ئەو نۆكەرییەی بۆ ڕووسیای دەكات، چییە؟. ئەمە ئەو پرسیارەیە كە شاعیرەكان نەیانتوانیوە وەڵامی بدەنەوە. شاعیرەكان تەنها توانیویانە خوێنی تكاوی دڵیان بكەنە مرەكەبی نوسینەوەی هەستی برینداریان بۆ نەبوونی دەوڵەت! نەزیاتر نەكەمتر. تەنانەت لەدوای ئەوەی توێژینەوەو لێكۆڵینەوەش وردە وردە هاتە نێو كورد، زۆرینەی وەڵامەكان بۆ ئەو پرسیارە ئەوەیە كەدەڵێن: كوردستان وڵاتێكی داخراوە و ڕێگەی سەر دەریای نیە! یان دەگوترێت دابەشكراوە بەسەر چەند وڵاتێكدا بۆیە نابین بەدەوڵەت. هەریەك لەو وەڵامانەش دروست نین، چونكە ئێمە نمونەمان زۆرە كە وڵاتە داخراوەكانیش بوونەتە دەوڵەت، بۆنمونە: ئەفغانستان هیچ دەرچەیەكی نیە بۆ سەر دەریا، یان وڵاتی باشوری سودان، هیچ دەرچەیەكی نیە بۆسەر دەریا، كەچی ئەوە نەبووەتە ڕێگر لەوەی ببنە دەوڵەت. كشمیر دابەشكراوە بەسەر دوو وڵاتی هیندستان و پاكستاندا، یان وڵاتانی عەرەب دابەشكرابوون بەسەر بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیادا، كەچی ئەوە نەبووە ڕێگر لەوەی ببنە دەوڵەتی سەربەخۆ. لەوەوە تێدەگەین، ئەو وەڵامانەش تەواو نین و، نە داخرانی كوردستان و نە دابەشكرانی بەو چەشنەی دەیبینین، هۆكاری ڕاستەقینەی نەبوونی دەوڵەت نین. نوسەر و توێژەرەكانیشمان، وەك شاعیرەكان نەیان پێكاو، نەیانتوانی دەست بخەنە سەر برینە ڕاستەقینەكە. كەواتە با پێكەوە بپرسین: كورد بۆچی نابێتە دەوڵەت؟ پێكەوە بۆ وەڵام بگەڕێین.