دە‌كۆشم ڕاستگۆ بم!

خوسرەو جاف

وام لێهاتووە ئازارەكانم لەزەتبەخشن، وەك ئەوەبێ تۆڵە لە خۆم بسێنەمەوە، ڕەنگە دوای دەرمانێ، چارەسەرێ، لە
ناویدا بدۆزمەوە.
لە ژیانی هاوسەریمدا ئەوانەی لە نزیكمەوە دەمناسن و ئاگایان لە ژیانم بووە ئەوەی باش دەزانن من و ئەشێ هەرگیز حەسرەتمان بۆ هیچ نەخواردووە، شاكامیمان بە كەس نەبردووە، پەیوەندیەكی بەربڵاوی تەرازووئاسامان لەگەڵ خەڵكانی خزم و خوێش هاودین و غەیرەدین و میللەتە جۆراوجۆرەكاندا هەبووە، مەرز و سنووری خەڵكی و خۆمان پاراستووە ، ئاخر بیست ساڵ لە دەرەوە ژیان، بێوەتەنی، دوور لە نیشتمان بۆخۆی مەرجی تایبەتیی هەبووە. ئەو جۆرە ژیانە بە ئاسانی چوارچێوەكەی ناپارێزرێت، ئێمە پاراستمان، پێكەوە من و ئەو مێروولەئاسا
لە تێكۆشاندا ماندوو نەدەبووین. با ڕاستگۆبم ئەو هەموو دارایی و موڵك و ماڵی پاشاكانی جاف وا زۆری مایەوە بۆ نەوە و نەتیجەكانیان، ئێمەش لەوانەین تا بە ئەمڕۆ دینارێك، یان دۆلارێك یان لەپەزەوییەك، یان لە هەر بوارێكی ئابووریدا بەر من و ئەشێ نەكەوتووە و بە دوایشیدا نەڕۆیشتووین.

بەڵێ، بێئەوەی هەستی خەڵكی بریندار بكەین شانازیمان بە پێگە و جێگەی باپیرانمانەوە كردووە.
لە سایەی خواوە بەندە مێوانی زۆر ڕووم تێدەكەن، ئەو خانمە لەوە زیاتر وتوویەتی (چەند كەسن؟) هیچی تر، جاربووە لە هەفتەیەكدا دووسێ جار خانمە خانەدارەكان دەزانن ئەوە كارێكی ئاسان نەبووە ئەشێ كردوویەتی. ڕووخۆش و میهرەبانی پیشەی بووە، بەتایبەت لە مێوانداریدا. هەرگیزبۆنەكانی لەبیر نەكردووە چ لە شینا یا لە خۆشیدا. بەڕاستی لە بەڕێوەبردنی ئەركەكاندا فەرماندەیەكی كارامە و لێهاتوو بوو. ئەو دەیزانی من بە زۆر بواری جۆراوجۆرەوە گیرم، ئەو دەستبەردار نەدەبوو، دەیخستەوە بیرم و دەبوا هاوڕام كردبا. ڕەنگە كەسێك بڵێ ئەم كابرا لە پیاهەڵدانا بێتامی كردوو، بۆچی هەر ئەو هاوسەری مردووە؟ ئازیزانم!
كاتێك ڕۆمانێك دەنووسم لە مێژدا دەكەومە خولیایەوە، دەمەوێ پەنجە لە سەر چ زامێك دانێم، ئایا هەر پەنج

دانانە، یا تیماركردنەكەشیەتی؟ ئیدی ڕەنگە پەیكەرێك، تابلۆیەك، چووزانم شێوەكارێك، هەر یەك لەوانە هەلومەرجی
خۆی هەبێت.

مەرگی كتوپڕی بەرنامە و پلان و
مەنهەجیەتی لە دەستدام، بۆ نموونە: یەك بەیت شیعری ئەو دیوانی ئەشیم لەبەر نییە و نەشم توانیوە ناو و سەردێڕی بۆ ئەو پەخشانە شیعرانە دانێم و یەك خەتیم نە
لەبیرە نە لەبەرە.

ماوەتەوە سەر ئەوەی ڕەنگە یەكێك
بڵێ: ئاواز ئاوامەزارێك ڕەنگە پێویست نەبێ بۆ هاوژینی، ئەو جۆرە تێفكرینە لەناو میللەتی ئێمەیدا ڕەواجی زۆر پێدراوە.. با وردبینەوە لە مەزاری كەڵەشاعیرەكانمان، لێهاتووانمان، ئێمەی كورد چیمان بۆ كردوون؟ كوا زانكۆیەك بەناوی نالی یان بێسارانی یا مەولەوی و یا مەحوی یا خانی یا وەفایی یا گۆران یا تایەربەگ؟ ئەگەر من لەو تەمەنەیدا لەگەڵ خۆما
ڕاستگۆ نەبم، ئەی كەی بم؟ جا ئازیزانم، غەم و كپی و گۆشەنشینی بە‌ دەروازەی خۆشەكردنی زات دەزانم، تێگەیشتنە پلەپلە لە حەقیقەتەكانەوە نزیكتر دەبمەوە، ئیدی نازانم ئەمە بە هیدایەت دەزانی یان جەهالەت مەیلی خۆتە ئەوەندەی دەزانم بە دەست خۆمەوە گیرۆدە و گیرم، دەستەپاچە و بێ تەكبیرم. تۆیش ئازادی لەم ڕووەوە چۆن بیر
دەكەیتەوە.