شێوازی خێزانی پارێزە‌ر

لەیلا بەرزنجی

پاراستن و خۆپارێزی، یەکێکی ترە لەو شێوازانەی کە بەردەوام لە دایک و باوکەکاندا هەستی پێ دەکرێ، بە ڕادەیەکی وا کە ترسێکی لەڕادەبەدەریان هەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ نەتوانێ بڕیارەکانی ژیانی خۆی بدات، هەتا ئەگەرهاتو گەیشتە قۆناغی هەرزەکاری و پێگەیشتن، هەمیشە چاوی لەوەیە دایک و باوکی، لە هەڵبژاردنەکاندا، لەگەڵی بن و، خۆی ڕازی بێت بە بڕیاریان و، لێرەدا هیچ خواستێکی ئەو ڕەچاو ناکرێ تەنها دەبێت قبووڵی بێت.

هەندێک جار بەهۆی پەرۆشی زۆری دایک بۆ منداڵەکەی و پاراستنی لەڕادەبەدەری دەبێتە هۆی زیان بۆ منداڵ، بەشێوەیەکی وا کە نازدار و هەستیار دەربچێ؛ نەتوانێ پشت بە خۆی ببەستێ لەو کاتانەی ڕووبەڕووی ئاستەنگ و گرفتی ژیانی دەبێت. زۆر منداڵ بە شێوەیەک پەیوەستی دایکیەتی دەگاتە قۆناغی هەرزەکاری هەر لەگەڵ دایک و باوکیدا دەخەوێت و، دایک وای دادەنێت ئەمە لە دڵسۆزیەتی بۆ منداڵەکەی، نازانێت چ هەڵەیەک دەکات؛ چونکە ئەم شێوازە دەبێتە بەربەست لە بەردەم منداڵدا، وای لێ دەکا نەتوانێ وەک کەسێکی سەربەخۆ هەڵسوکەوت بکات و، نەبێتە خاوەن بڕیار و پڕۆژەی ژیانی خۆی؛ ئەمە لە لایەکەوە و لە لایەکی ترەوە زیان بە گەشەی لایەنە کۆمەڵایەتیەکەیشی دەگەیەنێ، ناتوانێ لەگەڵ کۆمەڵگا هەڵبکات و، وەک کەسێکی دەرووننەخۆش دوورەپەرێز دەبێت. هەروەها ئەو منداڵانەی بەم شێوازە بەخێو دەکرێن، ناوێرن کارێک بکەن چونکە ترسیان هەیە لە سەرنەکەوتن، یاخود لە دۆڕان، لەبەر ئەوە پێویستە دایک و باوک سنووریان هەبێت بۆ پارێزگاری لە منداڵەکەیان؛ هەتا ڕادەیەک ئاگاداریان بن کە هەڵە نەکەن و ڕێگای ڕاست و دروستیان پیشان بدەن؛ ئینجا سەرپشکیان بکەن لە هەڵبژاردندا، هەتا خۆیان بڕیار بدەن و خۆشیان بەرپرسیاریەتیەکەی لەئەستۆ بگرن.