دە‌سە‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن و بە‌رژە‌وە‌ندیی وڵات

شێرکۆ حەبیب

بوونی ئۆپۆزسیۆن لە کاری سیاسی و حوکمڕانیدا مەرجی سەرەکییە پرۆسەی دیموکراسی، ھەروەھا بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و چاودێریی کارەکانی لایەنی دەسەڵاتدار، گرنگە. بوونی ئۆپۆزسیۆن مانای ئەوە نییە دژایەتی و دوژمنانیەتیی دەسەڵات بکات، بەڵکو دەبێ ھاوکار بێت بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتیان، تەنانەت ئەگەر ئۆپۆزسیۆن دژایەتیی دەسەڵاتیش بکات، نابی دژی خاک و نیشتمان و میللەتەکەی بێت و لایەنگری نەیاران بێت بەتایبەتی لە بابەتە نەتەوەییەکان.

ئۆپۆزسیۆن دەبێ لەسەر بنەمایەکی زانستی و بابەتیانە و خۆشەویستیی گەل و نیشتمان، کار و چالاکییەکانی بکات و زۆر جار، بەرژەوەندیی میللەت وا دەخوازێ ھاوڕای دەسەڵات بێت و یەک بۆچوون و ھەڵوێستیان ھەبێت.
بەداخەوە ھەندێ ڕەفتاری ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان دوورە لە بنەماکانی پابەند بوون بە ئەرکی نیشتیمانی، ئاساییە دژایەتیی دەسەڵات بکەن بەڵام شوورەییە دژایەتیی قەواری ھەرێم بکەن، چونکە ئەم ھەرێمە موڵکی تاکە کەسێک یا لایەنێک نییە بە تەنها، بەڵکو موڵکی ھەموو پێکهاتە و نەتەوەکانە؛ بۆیە، بەرگری لە ھەرێم و قەوارەکەی و ئەزموونەکەی کە بەخوێنی شەھیدان و خەباتی پێشمەرگە قارەمانەکان بونیاد نراوە، ئەرکی ھەموو لایەکە.

کوردستان پێویستی بە ھەموو لایەکە بۆ پاراستن و بەرگری لێکردنی. مەحاڵە لە ھیچ وڵاتێک خواستەکان بە یەک ئاقاردا ڕێچکە بگرێت، بەڵام بەرژەوەندییەکانی میللەت یەکە. یەکڕیزیی لەسەر بابەت و پرسە نیشتیمانییەکان پێگەی ھەرێم بەھیزتر دەکات چ لە سەر ئاستی ناوخۆ یا دەرەکی، بەڵام دوو بەرەکی و لێکترازان پێگەی کوردستان لاواز دەکات، ھەروەک لە ھەندێ بابەت لەم دوایە بەدیمان کرد کە کەسانێک بە ناو ئۆپۆزسیۆن ھەوڵی بچووک کردنەوەی قەوارەی ھەرێم دەدەن و بە ئەرکێکی نیشتمانیی دەزانن، ھەر بۆیەش نەیاران لە ھەندێ بابەتی بووجە دەیانەوێ کوردستان تووشی گرفت بکەن، بێگومان ئەمەش تا ڕادەیەک ھۆکارەکەی ھەندێ لایەنی بە ناو ئۆپۆزسیۆنە بەرامبەر کوردستان بێ ئەوەی تێروانینیان ھەبێ بۆ بەرژەوەندیی میللەت و نیشتمان؛ لەو باوەڕەدان کەوا لە سوودی ئەوان دەبێ، بەڵام ئەوەی دژایەتیی میللەت و خاک و نیشتمانی بکات، ڕووڕەشی دونیا و قیامەت دەبێ