وە‌بە‌رھێنان لە‌ سێكتە‌ری ڕێگە‌وباندا

ھۆزار تۆفیق ابراهیم*

ڕێگەوبان بە پڕۆژەی ستراتیجی دادەنرێت لە گشت وڵاتاندا، چونكە بەشێكە لە ژێرخانی ئابووری.
ھەموولایەك ئاگادارە لە ماوەكانی ڕابردوودا لە ھەرێمی كوردستان بە ھۆی قەیرانی ئابووری و شەڕی داعش و فایرۆسی كۆرۆنا و چەندین كیشەی تر نەتوانراوە بەپێی پێویست بایەخ بە کەرتی ڕێگەوبان بدرێت؛ ئێستە بەشێك لە ڕێگەوبانەكانی كوردستان پێویستان بە نۆژەنكردنەوەیە، ھەر چەندە پێش ئەم قەیرانانە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە گوێرەی پلانێكی زۆر باش ڕێگەوبانی شار و شارۆچكەكانی دروست دەكرد و تەنانەت گوند ھەبووە بریتی بووە لە چەند ماڵێک، کەچی ڕێگەی قیر و تێكەڵەی بۆ دروست دەكردن.

خۆم لە نزیكەوە ئاگادار بووم وە بەشدار بووم لە چەندین لیژنەی دانانی پلانی ستراتیجی پڕۆژەكانی ڕێگەوبانی دەرەوەی پارێزگای سلێمانی، بەڵام بەھۆی ئەو قەیرانانەی باسمان كرد ئێستا كیشە بۆ ڕێگەوبانەكان دروست بووە بە تایبەت سنووری پارێزگای سلێمانی بە ھۆی نەبوونی بودجە بۆتە ھۆی وەستانی زۆربەی پڕۆژەكان؛ ھەموولایەك ئاگەدارن ڕۆژانە ڕووداوی دڵتەزێن بە ھۆی خراپی ڕێگەوبانەكان ڕوودەدەن.

پێشنیار دەكەم بیر لە وەبەرھێنان لە کەرتی ڕێگەوباندا بكرێت و لە یاسای وەبەرھێنانی ژمارە(4 ) ی ساڵی (٢٠٠٦) كەلە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە و ئاماژەی پێداوە بەڵام تا ئێستا ھیچ وەبەرھێنانێك لە بواری ڕێگەوباندا نەكراوە بۆیە داوا لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەم:

*وەبەرھێنان لە ڕێگەوبانی دەرەوەی شارەكاندا بكات مەبەست نێوان پارێزگاكانە بەجۆرێك ھیچ بارگرانیەك لەسەر ھاووڵاتیانی ئاسایی دروست نەبێت؛ مەبەست لێی لایەنی داراییە واتا دەتوانێت بە پێی ڕێنمای تایبەت بە ھاوبەشی دەستەی وەبەرھێنان و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و وەزارەتی ناوخۆ میكانزمێك دابنرێت بە نموونە سوود لە سیستەمی (B.O.T) لە بواری وەبەرھێناندا وەربگرێت و لە ڕێگەی ئەو كۆمپانیایانەی لە بواری گواستنەوە و سوتەمەنی كار دەكەن كە بوونەتە ھۆی بارگرانی بۆ ڕێگەوبانەكان ھەروەھا ئەو ڕسووماتانەی كە لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی ھاتووچۆ وەردەگیرێت لە ھاوڵاتیان وە ئەو لایەنانەی پەیوەندیدارن بەم بابەتە، دەتوانرێت میكانزمێك بدۆزرێتەوە تا بتوانرێت وەبەرھێنان لە ڕێگەوبانەكانی دەرەوەی پارێزگاكاندا بكرێت .

*بەھۆی دروست بوونی چەندین كۆمەڵگە و یەكەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە شارەكان و دروستكردنی چەندین پڕۆژەی پیشەسازی نزیك شار و شارۆچكەكان، بۆتە ھۆی دروستبوونی قەرەباڵغی
و جەنجاڵی لە نزیك ئەو شوێنانەدا، بۆیە پیشنیار دەكەم حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ڕێگەی دەستەی وەبەرھێنان بیكاتە مەرج لە كاتی پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەكان، گشت ڕێگەوبان و پرد و ئەندەرپاسی سنووری پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون و بازرگانی و پیشەسازی بخرێتە سەر وەبەرھینەری پڕۆژەكە بۆ نموونە پڕۆژەی نیشتەجێبوون ھەیە زیاتر لە (١٠٠٠) یەكەی نیشتەجێبوونی دروستكردووە بووەتە ھۆی قەرەباڵغی و جەنجاڵی لەو ناوچەیەدا. یان بۆ نموونە پڕۆژەیەكی بازرگانی دروستكراوە بۆتە ھۆی دروست بوونی پەستانێكی زۆر لەسەر ڕێگەوبانی سەرەكیی ئەو ناوچەیە، ئەگەر ھەوڵ بدرێت جێبەجێ بكرێت ئەمەش بارگرانی لەسەر حكوومەتی ھەرێمی كو ردستان كەم دەكاتەوە.