بۆچی بە‌ردە‌وام دە‌یسە‌لمێنن كە‌ بە‌خاڵی خۆتان فێرن؟

مشخەڵ كەوڵۆسی

لەڕاستیدا بەندە نە ڕاوێژكاری حكوومەتم و نە پارێزەری حكوومەتم، بەڵام كاتێ لەبەرانبەر ئەو دیماگۆژیەتەی لەدژی وشیاری جەماوەر پێڕەو دەكرێت لەلایەن كۆمەڵێك میدیا و میدیاكار و سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارەوە، كاتێ دەبینین حكوومەت بێدەنگە و ئەوانەی پێویستە قسە بكەن، نایكەن! لەسۆنگەی ڕوونكردنەوەی ڕاستییەكانەوە، ناچارین ئێمە
قسە بكەین.

لەماوەكانی ڕابردوودا هەڵمەتێكی چڕو بێ بەزەییانە لەسەر حكوومەتی هەرێم بوو، بەبەرنامەیەكی چڕو ورد غەدر لەوشیاری جەماوەری كوردستان دەكرا، گوایە حكوومەتی كوردستان نەوت بەكەمتر دەفرۆشێت بەبازاڕەكانی دەرەوەو، ئەوەش زیانێكی قورس لە خەڵك و سامانی گشتی دەدات.
حكوومەتی كوردستان بەوپێیەی كە بكەری نێودەوڵەتی نیە، خاوەنی سەروەری نیە، ناچارە زۆرجار بەكەمتر ڕازی ببێت! ئاشكرایە ئەو ڕازی بوونەش ناچارییە و دۆخی كوردستان لەناو هاوكێشە نێودەوڵەتییەكانیدا سەپاندوویەتی.
قسەكە لەسەر ئەوەیە، حكوومەتی كوردستان فشارێكی پڕوكێنەری دەرەكی لەسەر بوو تاكو نەوتی دەرهێنا و وەبازاڕی خست و فرۆشتی، لەقۆناغی هێنانەوەی داهاتەكەیشیدا، دەیان تەشقەڵەی پێدەكرا! وەك بێكەسێك لەناو پۆلێك گورگدا، وەك جەنگاوەرێك لەناو كێڵگەیەكی میندا دەجوڵا، مەبەستی بوو لانی كەمی ململانێ لەگەڵ بەغدا بباتەوەو،
بەئاسانی چۆك دانەدا. چۆكدادان بۆ بەغدا، لەمێژوودا دەنوسرێت كە نەتەوەیەك هەیە، سیراعە
چارەنوسسازەكەی لەژێر هەژموونی ورگدا دۆڕاند!.

حكوومەت لەو سۆنگەیەوە هەوڵی ئەدا لەناو كێڵگەی مینەكەدا بەردەوام بجوڵێت و، موجازەفە بكات! ئەوە باشترە تاكو خۆڕادەستكردنێك كە یەكسانبوو بەمەرگ!.
حكوومەت بێ پشت و پەنای ستراتیژی بوو، هەموو دوژمنانی كورد لەسەنگەرێك، حكوومەتێكی بچوكی خاوەنی داهات و جواگرافیا و ئەزمونێكی بچوك، لەسەنگەری بەرانبەر. دەیویست هەم چۆك دانەدا بۆ داگیركەر، هەم قوتی خەڵكەكەیشی مسۆگەر
بكات. ئیتر كەم تازۆر، ئەم سیراعە درێژبووەوە!. لەنێو ئەو ژینگە مەترسیدارەدا، لەكاتێكدا هەموو فشارەكان تاكو ڕادەی شكاندنی
ئێسقانەكان و هەڵوەشاندنەوەی جومگەكانی حكوومەتی كوردستان بەردەوام بوون، ڕۆژبەڕۆژ داگیركەران بەرەی تری ڕووبەڕووبوونەوەیان دەكردەوە، فشاری سیاسی، میدیایی، یاسایی…هتد، لەهەموو بەرەكاندا هەموویان پێكەوە دەجەنگان. حكوومەتی كوردستانیش تاق و تەنها، دەبوو بە ئەزمونێكی كەم و نەخەمڵیوەوە، فریای هەموو بەرەكان بكەوێت، قوتی خەڵكیش دابین بكات و چۆكیش بۆ داگیركەر دانەدا.

ئەمە جۆرێكە لە موستەحیل! هیچ قەوارەیەكی نادەوڵەتی وەك هەرێم، ناتوانێت بەرگەی نیوەی ئەو فشارە بگرێت كە هەرێم بەرگەی گرتووە!. لەگەڵ ئەوەشدا، لەگەرمەی بەرەنگاربوونەوەی ئەو دۆخە یەكجار ناهەمووارەدا، كۆمەڵێك پەرلەمانتار و سایت و میدیا و حیزب و كەسایەتی لەناوخۆی كوردستان، بوونە بەشێكی زۆر كاریگەر و گاڵتەپێنەكراو، لەو هەڵمەتەی دەكرایە سەر ئیرادەی كورد.

ئەوەی داگیركەر پەی پێنەدەبر، ئەمان بیریان دەخستەوە، هەركەلێنێك داگیركەر ئەقڵی پێی نەدەشكا، ئەمان دەبوونە ڕێنیشاندەری و پێیان دەگوت: لێرەوە وەرە فشارەكەت كاریگەرتر دەبێت. یەكێك لەو جەبهانەی كە لەناوخۆ گەرمدەكرا، خەڵەتاندنی خەڵك بوو بەچەندین شێواز، تاكو دۆخی دەروونی خەڵك تێكبچێت و لەپاڵ برسێتی و نەبوونیدا، ڕقیان لەحكوومەت ئەستورتربێت و، ئەوەش ببێتە چەكێكی سیاسی و لەشێوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندادا
بكرێتە فشار لەسەر حكوومەتی هەرێم. ئەوە كە بەدەستی داگیركەر دەكرا، هەمیشە جەختیان لەوە دەكردەوە، كە حكوومەت بەپارەیەكی كەمتر نەوتی كوردستان هەڕاج دەكات، خۆ ئەگەر ئەو نەوتە بدرێتە بەغدا، بەنرخی بازاڕ دەیفرۆشێت و كوردیش قازانج دەكات.
ئەم خیتابە دیماگۆژییە كەلەبەغدا ڕەنگڕێژی كرابوو، خرابووە سەر زمانی كۆمەڵێك میدیا و سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری بەزمان كورد، چەكێكی كاریگەربوو، بەردەوام ڕقی خەڵكی ئەستورتر دەكرد.
دوای ئەوەی هەرێم و حكوومەتی ئیحتیلال ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی لەڕێگەی سۆمۆوە نەوت بفرۆشرێت، ئەوەی جێگەی سەرسامییە، وەزیری نەوتی داگیركەر، دێتە سەر شاشە و دەڵێت: ئێمە نەوتی كەركووك بەنرخی كەمتر بە ئەردەن دەفرۆشین!.
ئەوەی وەزیرەكەی ئیحتیلال دەیڵێت، جۆرێكە لەشەڕی دەرونی و تێستكردنی ناوخۆی كوردستانە، هەر ئەو پەرلەمانتارانەی كە بەرانبەر نەوتی كوردستان ببونە تابووری پێنجەم و دەیانگوت: حكوومەت پرسی بەكێ كردووە گرێبەستی لەگەڵ توركیا كردووە.

ئێستا قڕوقەپ لێی دانیشتوون و ناڵێن: حكوومەتی عێراق پرسی بەكێ كردووە نەوتی ناوچەیەكی كێشە لەسەر بەكەمتر ئەداتە وڵاتێك؟. ئەو پەرلەمانتار و سیاسی و میدیاكارانەی بەردەوام ئەو فشارەیان لەحكوومەتی
كوردستان دەكرد، بۆچی ئێستا بەرانبەر عێراق بێدەنگن و متەق ناكەن! بۆچی لەهەموو قۆناغێكی بەرەنگاربوونەوەی چارەنووسسازدا، ئەمانە پێمان دەسەلمێننەوە كە بەخاڵی خۆیان فێرن؟.