بە‌‌رپرسیاریە‌تی لە‌ ھۆڵی ئە‌زمووندا

بەکر کەریم حەسەن*

سەرۆكوەزیرانی ئەوسای بەریتانیا (ونستۆن چرچیل) دەڵێ “شكۆی وڵات لەو سەربازەوە دەست پێ دەكات كە لەسەر شەقام وەستاوە”.
بێ شك لەو ڕۆژانەدا تاقیكردنەوەكانی وەزاری پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەست پێ دەكات، كە خۆی لە خۆیدا هەم بەرپرسیاریەتییەكی گەورەیە لە سەر ئەستۆی هەموو لایەك بە تایبەت بەڕێوەبەر و مامۆستای هۆڵەكانی ئەزموون و بەرپرسانی پەیوەندیدار لە وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكان و دام و دەزگاكانی پەیوەندیدار هەمیش بێ گرفت بەڕێوەچوونی پرۆسەكە ئاماژەیەكی سەركەوتووە بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی شكۆ و گرنگی كۆی گشتی پرۆسەكە. لێرەدا گرنگە بەڕێوەبەرانی هۆڵی ئەزموون و مامۆستا چاودێرەكان بەوپەڕی بەرپرسیاریەتی و دادپەروەری ڕەفتار بكەن بۆ سەركەوتنی كارەكان و پاراستنی شكۆ و بایەخی پرۆسەكە، كە خۆی لە خۆیدا دەرخەری پاكی و دادپەروەری ناو و ناوبانگی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن دەردەخات، بۆیە گرنگە سەرجەم كارمەندانی بەرپرسیار لە بەڕێوەچوونی ئەزموونەكان زۆر بە وریایی و بەرپرسیاریەتی و ویژدان زیندوویی ڕەفتار و هەڵسوكەوت بكەن و سوور بن لە سەر باشترین و پاكترین بەڕێوەچوون، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە بەڕێوەبەر و مامۆستایانی هۆڵە ئەزموونەكان كەشێكی لەبار و گونجاو بڕەخسێنن بۆ قوتابیان، هۆلێكی ئارام و بێدەنگ و دوور لە ژاوەژاو تاقوتابی بتوانێ تیایدا بیر بكاتەوە و دوودڵی و ڕاڕایی نەهێڵی و هۆڵێكی ئامادەكراو بێت، جگە لە ئامادەكردنی سەرجەم پێداویستییەكانی فێنككەرەوە و هەبوونی ئاو و پاك و خاوێنی و رێكخراو بێت، پێویستە لەلایەنی دەروونییەوە ئارام و حەساوە بێت بۆ قوتابی، چونكە هۆڵەكان بۆ قوتابی شوێنی دیاریكردنی پاشەڕۆژیانە، دەستنیشانكردنی چارەنووسی قوتابییە، گەر بۆ بەڕێوەبەر و مامۆستایانی چاودێر ئەو (3) كاتژمێرە پابەندبوونێكی وەزیفی بێت، بەڵام بۆ قوتابی چنینەوەی بەرهەم و ماندووبوون و شەونخوونی دوازدە ساڵەی ڕابردوویانە؛ لە هەمان كاتدا دەستنیشانكردن و دیاریكردنی چارەنووس و پاشەڕۆژیانە و لەگەڵ ئەوەشدا خانەوادە و كەسوكارییان بە تاسەوە چاوەڕێی وەڵامەكانی منداڵەكانیان دەكەن لەو هۆڵانە بۆیە ئەركێكی ویژدانی و میژووییە لەسەر ئەستۆی بەڕێوەبەر و مامۆستایانی چاودێر كە بێ جیاوازی و بەوپەڕی نەرمونیانی و پەروەردەیی و بەرپرسیاریەتیەوە هەڵسوكەوت و ڕەفتار بكەن تا قوتابیان ئاسوودە بن و بتوانن بەوپەڕی دیقەتەوە وەڵامە ڕاستەكان بنووسن. ئەوەی لە سەر قوتابیش پێویستە لە هۆڵی تاقیكردنەوە گرنگە ئیدارەی كات بكەن و بە ناوی خودای گەورە دەست پێ بكەن بە وەڵامدانەوە كە خودا ماندووبوون و ڕەنجی هیچ كەس بەفیڕۆ نادات و لە پرسیارە ئاسانەكانەوە دەست بە وەڵامدانەوە بكەن و كە دەبنە مایەی دڵخۆشی و هاندانی زیاتر بۆ خودی قوتابییەكە و ئەو پرسیارەی بزانی سەرەتا ئەوە وەڵام بداتەوە پاڵەپەستۆ و فشاری زیاد لە سەر خۆی دروست نەكات و پارێزگاری لە بیركردنەوە و هزری بكات، پەلەی دەرچوونی نەبێت و كاتی تەرخان كراو بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكان بە فیڕۆ نەدات، ئارام و هێمن بێ و دوور بكەوێتەوە لە شڵەژانی دەروونی و پەرتەوازەیی، دوایی وەڵامدانەوەیان پێداچوونەوەیەك بە سەرجەم وەڵامەكان بكات. لە هەمووی گرنگتر كە لە هۆڵ دەرچوو نەگەڕێ و بزانێ چی تەواوە لە وەڵامی پرسیارەكان چی هەڵەیە، بەڵكو كۆتایی بەو بابەتە هات و ویژدانی ئاسوودە بێت و شتی زیاتر چاوەڕێی قوتابییە، متمانەی بە خودی خۆی و خودای گەورە هەبێت كە هەموو ماندووبوونێك شوێنی خۆی دەگرێت و سەر دەكەوێت.