گە‌ر شە‌رمت نە‌كرد چی دە‌كە‌ی بیكە‌!

عومەر چنگیانی

لەم هەموو ئەزمە و قەیرانی ڕەوشت و ئەخلاقەی تووشی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بووە و ئێمەیشی لێ بەدەرنین، ئەرکی پیرۆزی سەرشانی مامۆستایانی سەردوانگە و نێو میحرابی مزگەوتەکانی کوردستانە کە ڕۆڵی بیرهێنانەوە ببینن، گەرچی بە ئازاریش بێ و پێویست بکات لە هەندێک ئاماژەدا تیشک بخەنە سەر هەندێک برینی بەسوێ؛ هەربۆیە لە بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینیەکەی هەفتەی ڕابردوومان، بابەتی شەرم نەکردن و بێئابڕوویی لە گرێژەنە دەرچوون، بووە توێشووی گوتارەکانمان و ئێمەیش لە مزگەوتی خەدیجەکوبرا لە گوتاری ژمارە ٢٠١مان کە لە رۆژی هەینی ١٣ی زیلقەعیدەی ١٤٤٤ بەرانبەر بە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ بوو، تیشکمان خستە سەر و لێرەدا وەک سۆزیم دا بە گوێگرەکانی نێو مزگەوت دەیخەمە سەر کاغەز و خەلەکی ئەم هەفتەی گوڵخەرمانەکەمان، کە سەرەتا بە بیرهێنانەوەی بیستوشەشەمین ئایەتی سوورەتی (الاعراف)ەوە دەستمان پێکرد کە پەروەرێنمان دەفەرمێت:

(ئەی نەوە و زادە و لێکەوتەکانی ئادەم، ئێمە لە ئاسمانێڕا پۆشاکمان بۆ هەناردە کردوونەتە خوارەوە بەمانا هۆکارەکانی داپۆشینمان بۆ ناردوون تا شەرم و عەورەت و شتە شاراوەکانتان دابپۆشێت و خۆشگوزەرانی و خۆڕازاندنە و تەلارسازیمان فێر کردوون و بزانن لە هەموو پۆشاکێک، گرنگتر و پیرۆزترینەکەیان، لای خوا تەقوای خوایە و لە گشت پۆشاکێک گرنگترە). کە بێگومان وشەی (لیباس) کە لە قورئاندا بەکار دێت بۆ زۆر مانا دێت و ناکرێ واتێیبگەین کە تەنها مەبەست لێی پۆشاکە دەستکردەکەیە کە کاڵای باڵامانە و دامەنمانی پێ دادەپۆشین، ئەوەیش لەو لاوە بوەستێت کە دیارە دابەزاندنی پۆشاک و کاڵا لە ئاسمانەوە ئاماژەیە بۆ بەروبوومی باران و کشتوکاڵ و سوودکردن لە کوڵک و موو و خوری و پەموو و هەریر و کانزا نایلۆنی و بەرهەمە نەوتی و زێڕ و زیو و بەردی بەنرخ و ئەڵماس و زمڕود و هتد؛ وەکچۆن ژن و مێردیش بە پۆشاکی یەکتری ناو دەبات و تەقوایش بۆ خۆی پۆشاکە بۆ داپۆشینی گوناه، نەک بۆ خۆحەشاردان لەبن پەردەی ئیمانداریدا. هەموو ئایینێک ڕەوشتێکی هەیە کە پێوەی
جیا دەکرێتەوە لە ئایینەکانی تر، ڕەوشتی ئایینی ئێمەش شەرم و حەیایە، هەروەک پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لەسەر، دەفەرمێت: ( إن لكل دين خلقا، وخلق الإسلام الحياء) ابن ماجه ٤١٨١.

حەیا و شەرم ڕەوشتێکی فیتری و نەفسیە و، بە تێپەڕینی کات بەسەر مرۆڤدا، زیادوکەم دەکا؛ پێویستە مرۆڤی بسڵمان خۆی بڕازێنتەوە بە ڕەوشت و بەها بەرزەکان بە گشتی و، بە تایبەتیش بە ڕەوشتی حەیا و شەرم؛ بە حەیا و شەرم، پلەی مرۆڤ بەرز دەبێتەوە لای خودا و خەڵکی؛ یەکێک لە بنەما دێرینەکانی شارستانیەتی باش و تەواو حەیا و شەرمە.
دابەشکردنی حەیا
حەیاو شەرم چەند بەشێکی هەیە بە کورتی باسیان دەکەین:
یەکەم/ شەرمکردن لە خودای گەورە: پێویستە مرۆڤ ئەوپەڕی شەرم و حەیای هەبێ بەرامبەر بە خودای گەورە لە هەموو کات و سات و شوێنێکدا.

دووەم/ شەرمکردن لە خەڵکی: برایانی بسڵمان ئێستا ئێمە لە چەرخێکداین شەرم و حەیا تکاوە و پیاو و ژن لە بازاڕ و بۆناندا، بە بیانووی ئازادی و پێشکەوتن و یانیش بە پاساوی گە‌رماوی هاوین، جلوبەرگی تەسک و تەنک دەکەنە بەر؛ جلیان لەبەرە بەڵام ڕووتن؛ لە بەردەم خەڵکیدا گوناح دەکەن، وەکو ئەوەی بە بێشەرمی لەدایک بووبێتن.

سێهەم/ شەرمکردن لە خۆت: نەفسی شەریف و پاک لە خودا و لەخەڵک و تەنانەت لە خۆیشی شەرم و حەیا دەکا؛ کارێک ناکا ناو و شۆرەت و ڕێزی لەکەدار ببێ. ئەو هۆکارانەی دەبنە مایەی بەدەستخستنی حەیاو شەرم.
خودای گەورە شەرم و حەیای لە فیترەتی هەموو بەشەرێکدا داناوە، بەڵکو لە فیترەتی زۆرێک لە ئاژەڵەکانیشدا داناوە ، بەڵام هەندێ جار مرۆ بە هۆیەکەوە حەیا و شەرمیان زیاد دەکەن یانیش هەندێ کەس خۆی دادەڕنێ لە حەیا و شەرم؛ هۆکارەکانی زیادبوونی حەیا ئەمانەن:

١/ شوێن فەرمانەکانی خودا کەوتن و ل، شەرمکردن لە خودا.

٢/ پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بە
سەرمەشقی خۆمان بزانین و شوێنی بکەوێن و، ڕێچکەی هاوەڵ و یاوەران بگرێتە بەر.
٣/ چاوداخستن و حەیا و شەرم لە خەڵکی.

٤/ پەروەردەکردنی منداڵان لە بچووکیەوە لەسەر ڕەوشتی حەیا و شەرم.

٥/ خۆدوورگرتن لە دۆڵ و مەجلیسی خراپەکاران و دانیشتن لە کۆڕ و مەجلیسی زانایان.