حەمەسەعید حەسەن
مانیفێستی نووسین
لە ئایاری 2002دا، لە ڕاپرسییەکدا بۆ دیاریکردنی دە شاکاری ئەدەبی، بەدرێژایی ئەو مێژووەی دەکەوێتە نێوان هۆمیرۆس و تۆلســـتۆیەوە، کە گەورەنووســـەرانی وەک میلان کوندێـــرا، کارلۆس فۆینتس، نادین گۆردیمێر و ســـەلمان ڕوشدی بەشدارییان تێدا کردبوو، دۆن کیخۆتە، ساتیرەڕۆمانەکەی سێرڤانتێس، لە شـــاکارەکانی شەکسپیریش دەنگی زێتری هێنا. لە ناوەڕاســـتی ئەپریلی 2005دا، سەرکۆماری ڤێنزیوللا بڕیاری دا، یەک میلیۆن لە دۆنکیخۆتەی ســـێرڤانتس کە لە 1665دا بۆ یەکەم جار بڵاو کرابووەوە، چاپ بکرێـــت و بەخۆڕایی دابەش بکرێت. ئەم ڕاوەڕێوییـــەم بۆیە هێنایەوە، بڵێم: ئەدەبی گاڵتەجاڕی باڵاترین جـــۆری ئەدەبە و ئەگەر کەســـانی نەزان، خۆیان لەو بوارەدا تاقـــی بکەنەوە، ئەوا لەبری ئەوەی ئەدەبی
گاڵتەجاڕی بنووسن، دەبن بە مایەی گاڵتەجاڕی.
یەکێـــک لە جیاوازییەکانی نێوان دەســـەڵاتداری ســـتەمکار و ڕۆشـــنبیر ئەوەیە، ئەمیان ســـەرقاڵی بەمێگەلکردنـــی خەڵکـــە و ئەویان خەو بە لەدایکبوونـــی نەوەیەکەوە دەبینێت، بـــە هیچ هێزێک کەوی نەکرێت. بۆ ئەوەی داهێنەر بیت، پێویستە ئازاد بیت، بۆ ئەوەی ئازادیش بیت، پێویستە خۆت سەروەری خودی خۆت بیت. ئەوی کۆیلەی ئەم حیزب یان ئەو دەســـەڵات، فڵان فیکر، یان فیســـار ئۆل بێت، نە ئازادە و نە داهێنەر. کە دەنووسم قەت مەبەستم ئەوە نییە، ئەم و ئەو بریندار بکەم، ئەگەر کەسێک بە نووسینی من بریندار ببێت، ئەوە هەڵەی من نییە، هی ئەوەیە کە گوتنی ڕاستی گەلێک جار بریندارکەرە.
ســـەرم لێ نەشێواوە، ئەوە بەوپەڕی هۆشـــیارییەوە خەریکی ئەوەم، مایکۆڤسکی گوتەنی: ڕوومەتی زەوقی گشـــتی وەبەر زلـلەی نووســـین بدەم. منێک کە ســـەرچڵانە بۆ دەســـتەبژێر دەنووسم، چاوەڕێی ئەوەیشم بۆ تیری پلاری عەوام ببم بە نیشانە و دەیان تاوانم وەپاڵ بدرێن کە هیچ یەکێکیانم نەکردووە. من فیکرێکی دیاریکراوم پێ نییە، تا بەهۆی وشەوە بۆ ئێوەی بەرجەستە بکەم، من پەیڤم پێیە و کانیاوی
بیرم لە ناخی پەیڤەکانمەوە هەڵدەقوڵێت.
ئەگەر نە مانای (ئایرۆنی) دەزانیت، نە زاراوەی (گرۆتیسک)ت بیستووە، ئەگەر نازانیت (پارادۆکس) چییە، ئەگەر تا ئێســـتا (بلاک کۆمیدیا)ت نەژنەفتووە، ئەگەر دەرکی پێ ناکەیت، لە کام جێدا نووســـەر بە تەوســـەوە دەپەیڤێت، ئەگەر نازانیت گەمەکردن لەگەڵ وشـــەددا، بەری کام درەختە، بیروڕای خۆت دەربارەی نووســـینی نووســـەری ئەم دێڕانە مەخە ڕوو، ئەگەرنا دەکەویتە گۆمی غەفڵەتەوە و دەبیت بە
قارەمانی قۆشمە.
کەس بێ خەوش نییە، منیش خاوەنی گەلێک خەوشم، تاکە خەوشێک کە نیمە، ترسنۆکییە. خاوەنی هەندێک لایەنی ڕووناکیشم، گەشترین لایەنی من، سڵنەکردنەوەیە لە گوتنی ڕاستی. وشەکانم بە دوو باڵ دەفڕن، باڵی بوێری و باڵی ڕاســـتگۆیی. وشەکانی من ڕووی دەمیان لە مێگەل نییە، بۆ ئەوانە نانووسم، بڕیاریان داوە تا مردن هەر کۆیلە بن و تەنیا وەختێک ناویان ببیسترێت کە بەگژ تریفەی وشەکانی مندا دێنەوە. بۆ ئەوانە نانووسم، ئەم فیکر یان ئەو حیزب بە پیرۆز دەزانن، نووسینی من بۆ ئەوانەیە، ئازادیی خۆیان بەلاوە پیرۆزە. منداڵ لە جەستەی دایکیدا دەخوڵقێت، نووسینی نووسەری هەقبێژیش لە ڕۆحیدا
دروست دەبێت و ئەوەی گوێی پێ نەدات، گوشاری دەرەوەی خودی خۆیەتی.
کە دەنووســـم، هەموو وشـــەیەک بە تەرازووی زێر دەکێشم و تەنانەت بیر لە ڕیتمەکەیشی دەکەمەوە. دڵداری لەگەڵ هەموو ڕستەیەکمدا دەکەم و بەدەست داهێنانی هەر پەڕەگرافێکەوە، هێندە ماندوو دەبم، مەگەر دایک سەروەختی منداڵبوون زیاتر ژان بجێژێت. کە دەنووسم هێندە دەترسم و جۆرە دڵەڕاوکێییەک چنگ لە ناخم گیرت دەکات، دەڵێیت یەکەمین جارمە دەســـت بۆ قەڵەم دەبەم و لەگەڵ هەر نووسینێکی نوێدا، وا هەســـت دەکەم، خەریکی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەیەکم، هەموو داهاتوومی پێوە
بەندە