د. ڤیان سلێمان
پێگەیاندنی سیاسی لە چوارچێوەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیی وەک پرۆسەیەکی گشتگیر و بەردەوام، ئەوەیە کە تاک لەڕێگەی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەکەی، بەھا و ئاراستەی سیاسی لا دروست بکرێت و ئاشنا بێت بە سیستەمی سیاسی و ئەوەی کە ڕوودەدات.
خێزان و قوتابخانە و ڕاگەیاندنەکان و دامەزراوەکۆمەڵایەتییەکانی دیکە ڕۆڵیان لە دروستبوونی ھۆشیاری و پێگەیاندنی تاک بۆ تێگەیشتن لە مافەکانی وەک ھاووڵاتییەک و لەو چوارچێوەیەشدا مافی بەشداری لە ژیانی سیاسی کۆمەڵگەکەی
ھەبێت.
پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوون و تێگەیشتن و پێوەرەکانی ھەر کۆمەڵگەیەک بۆ ڕۆڵی تاک کاریگەری تەواوی لەسەر پێگەیاندنی سیاسی ھەیە، ھەردوو ڕەگەزی نێر و مێ ھەمان پەروەردە ناکرێن و بەھەمان پرۆسەی پێگەیاندن و ئامادەسازیدا گوزەر ناکەن. کایەی سیاسی کایەیەکی ھەرەگرنگە و کاریگەری تەواوی لەسەر کۆی کایەکانی دیکەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتووری ھەر کۆمەڵگەیەک ھەیە، ھەروەک کاریگەری لەسەر ژیانی سەرجەم تاکەکان ھەیە.
سیاسەت بابەتێکی ڕەگەزی نییە، واتە تایبەت نییە بە تەنیا پیاو یان ئافرەت، بەڵکوو سیاسەت پەیوەندی بەژیانی مرۆڤەوە ھەیە و وەک دەڵێن ھونەری ژیان یان زانستی ژیانە و بەوپێیەش ھەموو مرۆڤ یان ھاووڵاتییەک لەژێر کاریگەری سیاسەت و لێکەوتەکانی پرۆسەی سیاسیدایە.
گوتەیەکی باو ھەیە دەڵێت: ئافرەت نیوەی کۆمەڵە و دایکی نیوەکەی تریشە، ئەگەر لەڕووی لۆژیکییەوە لەم گوتەیە بڕوانین و ھەردوو دیوەکەی ”نیوەی کۆمەڵبوون” و ” دایکی نیوەکەیتر بوون ”ی ئافرەت، لێکبدەینەوە ڕاستی و دروستییەکەیمان بۆ دەردەکەوێت، بەپێی ئاماری دانیشتووان، ھەروەھا لەسۆنگەی کاریگەری ئافرەت وەکوو دایک یان وەکوو ھاوسەر یان خوشک یان مامۆستا و پەروەردەکار لەسەر ڕەگەزەکەی دیکەی کۆمەڵگە. وەک دەڵێن دایک یەکەم مامۆستای ژیانە. یان ئەوەی کە فرۆید دەڵێت: ”تا ئەوکاتەی ژن نەتوانێت مێرد وەک منداڵی خۆی لێبکات و ڕۆڵی دایکایەتی بۆ نەگێڕێت، ئەو ھاوسەرگیرییە دڵنیایی بەخۆوە نابینێت”.
واتە، چۆن دەبێت؟ ئافرەت بەم ھەموو کاریگەرییەوە لەم پرۆسە گرنگەی ژیان و ژیاری کۆمەڵگە ڕۆڵی یەکسانی نەبێت.
بەدڵنیایییەوە گۆڕانکارییەکی زۆر لەئاستی بەشداری سیاسی ئافرەت لەھەرێمی کوردستان بەدیهاتووە و لەمبوارەدا ھەرێمی کوردستان چەندین ھەنگاو لەپێش زۆرێک لە وڵاتانە، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت، کە خواستمان بۆ دەربازکردنی قۆناخی بەشداری و ھەنگاونان بەرەو ھاوبەشی لە کایەی سیاسی نەبێت.
لەوچوارچێوەیەدا، پێویستە پێگەیاندنی سیاسی ئافرەتان، یەکێک بێت لەبەرنامە گرنگەکانی ھەر پارت و ڕێکخراو و دامەزراوەیەک، کە ئامانجی بەدیهاتنی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی یەکسانیخواز
بێت.
لێرەشدا، ئەرکێکی گرنگ لە ئەستۆی خودی ئافرەتە و پێویستە، ئافرەتان بە تەواوی ئەو ھاوکێشەیە ڕەتبکەنەوە، کە گوایە ئافرەتان خۆیان مەیلیان لە بەشداری سیاسی نییە، بەڵکوو ھۆکارەکەی جیاوازی پرۆسەی بە کۆمەڵایەتیبوون و دابەشکاری پانتایی تایبەت و گشتییە کە جیاوازی بیرکردنەوە و خواستی لێدەکەوێتەوە.
کشانەوە یاخود خۆلادان لە بەشداری سیاسی،خۆبواردنە لە مافی ھاووڵاتیبوون، کەمتەرخەمی لەخۆپێگەیاندنی فیکری و فراوانکردنی عەقڵ و ئاوەز، لاوازی و بڕوا بەخۆنەبوونی لێدەکەوێتەوە.
ھەربۆیە فراوانبوون و زیادبوونی کاریگەری بەشداری ئافرەت، بەپلەی یەکەم بۆ خودی ئافرەت دەگەڕێتەوە، چونکە فاکتەری یەکەمی سەرکەوتن لەھەر بوارێکدا بۆ ویست و ئیرادەی خودی کەسەکە دەگەڕێتەوە؛ ئەگەر خواست و ویست
ھەبوو، بەربەستەکان خۆیان تێکدەشکێن.