فەزیله شۆرش – هۆڵەندا
پەروەردەی منداڵ لە سەر بنەمای راستگۆیی زۆر گرنگە بۆ دروستکردنی کەسایەتیەکی راستگۆ، دوور بوونی مندال لە ژیانێکی تەمومژاوی و درۆکردن پێویستە و ئەرکیشە لە سەر دایک و باوک منداڵ لەسەر ئەم بنەمایە پەروەردە بکات، بێگومان راستگۆیی بەردی بناغەی دروستبوونی مرۆڤێکی باوەرپێکراو و خاوەن قسەو ھەڵسوکەوتی راست و کەسایەتیهکی بەسوده. دایک و باوک لە خێزان نموونە سەرهکیەکەن بۆ رۆڵەکانیان، کاتێک ئەم نموونە راستگۆیە لە خێزاندا بوونی نەبوو ئەوا خێزان و رۆڵەکان دەکەونە گێژاوی ناراستی و ناتەندروستی لە پەروەردە کە ھۆکاری شلەژانی کەسایەتی خودی مرۆڤ خۆیی و خێزانی و کۆ مەڵگه ی.
راستگۆیی ئەو درەختەیە کە رۆڵەکانی لە سێبەرەکەی دەحەسێنەوە و فێری سەر بەرزی و رەوشت باشی و دەستپاکی دەبن و نەوەیەکی راستگۆ و بەسوود بۆ دوارۆژ دروست دەبێت .کاتێک کە مرۆڤ راستگۆ بێت ئەوا لە خۆشەویستیەکەی بۆ خۆیی و خێزانی کۆمەڵگهی و نیشتمانەکەشی راستگۆ دەبێ و کەس ناتوانی بەلارێدا بیباو خۆڵی چەواشەکاری لە
چاوی بکات.
ئەوەی لە شێوەی پەروەردەی رۆڵەکان لە وڵاتانی پێشکەوتوو و ئەوروپا دەبینرێ کە زۆر راستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ رۆڵەکانیان دەکەن، بێگومان ئەوان لەوە حاڵی بوونەو و مسۆگەرن کە بەراستگۆیی ناخی مرۆڤ ئاسودە دەبێت و ناخی ئاسودەش سەربەرزی و سەرکەوتن دەرئەنجامەکەی دەبێت.
کاتێک مرۆڤ راستگۆ بوو لە ھەڵسوکەوتەکانی و لەکاری و لە پەیداکردنی بژێوی ژیانی و لە مامەڵەی لەگەڵ دەوروبەر، بێشەک دەبێتە نموونەیەکی باش بۆ رۆڵەکانی تر و رۆڵێکی گرنگیشی دەبێت لەبنیاتنانی کۆمەڵگه و نیشتمانێکی پڕ ئاسودە. ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا وا پێشخستووە پشکە شێرەکەی ھاوڵاتیەکانیەتی، راستگۆن لە گەڵ ئەو واقیعەی کە تێدا دەژین و راستگۆن بەرامبەر ئەرک و مافەکانیان و بەرامبەر نیشتمانیشیان، راستگۆن لەگەڵ باری ئابووری گیرفانیان و شێوەی ژیانیان.
راستگۆیی ئارامبە خشە بە ناخ و ژیان و کۆمەڵگه، بۆیە دەبینین ھاوڵاتی ئەوروپی ئارامە لە ھەڵسوکەوت و ژیانی، ئەمەشیان کاریگەری ئەو پەروەردە راستگۆیانەیە کە دوورە بەلارێدابردن و چەواشەکاری کە خێزان رۆڵێکی گەورەی تێدا دەبینی.