كوێرایی ستراتیژی حیزبە‌كانی كوردستان

مە‌شخە‌ڵ كە‌وڵۆسی

لە‌ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، گوتاری بەشێك لەحیزبەكانی كوردستان، بەتایبەتی ئەوانەی لەدەستەڵاتدا نەبوون، یان لەدەستەڵاتیشدا بوون بەڵام لەبەشی خۆیان ڕازی نەبوون، ھەمیشە بریتی بووە لە گەڕانەوە بۆ بەغدا، ڕادەستكردنی ھەموو شتێك بە بەغدا، ملكەچكردن بۆ بەغدا.

حیزبەكانی ئۆپۆزسیۆنی كوردی “ئەگەر ئەو ناوە ڕەوابێت، چونكە تاكو ئێستاش پێم وانیە كورد سیاسەت بكات، تاكو لەبنەڕەتەوە دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ھەبێت” ھەمیشە چەكی دەستیان بۆ سەلماندنی ھەبوون و كاریگەرییان ناچاركردنی ھەمووان بووە بەگەڕانەوە بۆ بەغدا.

ئەو حیزبانە ئەوەیان كردۆتە عەقیدەی گشتی كە گەڕانەوە بۆ بەغدا یەكسانە بەكۆتاییهاتنی نەھامەتییەكان! ئەوان دوای سەد ساڵی ڕەبەق، توانیویانە سەرلەبەری گەلی كورد بخەڵەتێنن و ئەزمونی سەد دانە ساڵ كاڵ بكەنەوە لای خەڵك و تەنها بۆ تۆڵەكردنەوە لە حكومەتی ھەرێم، داوای ڕادەستكردنی ھەموو شتێك بە بەغدا دەكەن.

ئەم سیاسەتە سەیر و شۆكهێنەرە لەیەك ڕووەوە، ئەویش ئەوەیە لێوان لێوە لە جەھل و نەزانین و كورتبینی. چونكە ئەوان بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن، داری ژێر قاچی خۆیان دەبڕنەوە. چونكە ئەم حیزبانە بەنیازی ڕووخاندنی حكومەتی ھەرێمن و دەیانەوێت لەڕێی ئەو سیاسەتە دیماگۆژییەوە خەڵك وا لێبكەن دەنگیان پێ بدەن و لەدوا قۆناغدا
خۆیان ببنە دەستەڵاتداری ئەم ھەرێمە.

ئێ باشە، ئەوە زانیمان ئێوە دەتانەوێت ببنە دەستەڵاتدار لەم ھەرێمەدا. ئەوە ئامانجی شەرعی ھەموو ئۆپۆزسیۆنەكانی دنیا و كەس ناتوانێت نكولی لەوە بكات كە ئەوە مافێكی ڕەوای حیزبەكانە كە ببنە دەستەڵات و لەڕێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە، بەئامانجی خۆیان بگەن.

بەڵام حیزبەكانی كوردستان، بەتایبەت حیزبە پۆپۆلیستەكان، لەوەدا ھەڵە دەكەن كە دارەكەی ژێر قاچی خۆیان دەبڕنەوە. چونكە ئەوان زۆرباش دەزانن بە ڕادەستكردنی ھەموو شتێك بەبەغدا، ھەرێمێكی لەرزۆك و لاواز دەمێنێتەوە، نەدەستەڵاتی خزمەتكردنی خەڵكی دەبێت و، نە دەتوانێت مومارەسەی ئەركەكانی خۆی بكات! باشە چۆن حسابی ئەوە ناكەن كە كاتێ خۆتان دەبنە دەستەڵاتداری ئەم ھەرێمە، ھەرێمەكە بەھێز و خاوەنی دەستەڵاتی یاسایی و دەستوری بێت باشترە؟ یان ھەرێمێكی كارتۆنی بێ دەستەڵات بێت و تەنها ئەركی ئەوە بێت فەرمان و بڕیارەكانی بەغدا جێبەجێ بكات؟.

ئەم سیاسەتە ئەگەر كورتبینی و لاوازی تێگەیشتن نەبێت لە سیاسەت، چی ترە؟ تۆ ئێستا ھەوڵ ئەدەیت حكومەت ھەموو شتێك ڕادەستی داگیركەر بكات، ھیچ حسابێك ناكەیت بۆ ئەوەی كەلە ئایندەدا ئەگەر “لاسامح الله” خۆت بوویتە دەستەڵاتدار، دەبیتە فەرمانبەرێكی لاوازی بەغدا! ئیتر ئەم ھەموو ھاتوھاوارەی بۆچییە؟.

گرفتی ئەم حیزبانە ئەوەیە، لەبنەڕەتەوە قیبلەنماكەیان لێوون بووە. ئێوە ئەگەر بەڕاستی دەتانەوێت خزمەتی خەڵك بكەن، بۆچی وادەكەن بگەنە دەستەڵات، كە ئەو دەستەڵاتە ھەموو سەڵاحییەتی خۆی ڕادەستی بەغدا كردبێت؟.

ئێوە كوتلەیەكن لەڕق و پێش ئەوەی زیان لەحكومەتی ھەرێمی كوردستان بدەن، زیان لەخۆتان دەدەن. ھەوڵدان بۆ لاوازكردنی حكومەتی ھەرێم و ئاوەژووكردنەوەی ڕاستییەكان لای خەڵك، تەنها لەڕقی پارتی، بووەتە كێشەی دەرونی و سیاسی و عەقیدەییەكی قووڵ. بەڵام بەرلە پارتی، زیان لەو حیزبانە ئەدات كە دەیانەوێت لەڕێی ئەو سیاسەتە دیماگۆژییەوە بگەنە شوێنەكەی پارتی و دەستەڵات بگرنە دەست.

ھەقە ئەو حیزبانەی كە لەلایەكەوە دەیانەوێت ببنە دەستەڵاتداری ھەرێم و لەلایەكەوە داوای ڕادەستكردنی ھەموو شتێك دەكەن بەبەغدا بۆ یەكجار لەخۆیان بپرسن: ئێمە میراتگری دەستەڵاتێكی بەھێزبین باشترە؟ یان دەستەڵاتێكی كارتۆنی لاواز؟. كۆنە قین و دیماگۆژییەت حیزبەكانی كوردستانی دووچاری كوێربوونی ستراتیژی كردووە. مەگەر بە بومەلەرزەیەكی توند وریا بكرێنەوە كە بەردەمیان چاڵە و ملی خۆیان و نەتەوەكەش دەشكێنن كاتێ دەكەونە ناویەوە!