منداڵ لە‌ ئاوێنە‌ی رە‌فتاری دایك و باوكیداھە‌نگاوە‌كانی منداڵە‌كە‌ت بە‌ گرنگ وە‌ربگرە‌ ھە‌تا نە‌كە‌وێتە‌ زە‌حمە‌تە‌وە

لەیلا بەرزنجی

ببنە نموونە بۆ منداڵەکانتان و، ڕێسا و بنەما سەرەکییەکانیان فێر بکەن، مرۆڤ بە تێکەڵی و هاوکاریکردنی بەرامبەر، چەند بنەمایەک فێر دەبێت کە لە ڕەفتار و گفتاریدا ڕەنگ دەداتەوە؛ کە هەر ئەوەش وا دەکات کەسایەتی و پێگەی لە ناو کۆمەڵگادا هەبێت و، هەست بە بوونی خۆی بکات.
لێرەدا باس لە و خێزانانە دەکەین کە دەیانەوێت منداڵەکەیان بەو جۆرە بێت کە ئەوان خۆیان دەیانەوێت، لاسای ئەو کردەوانە دەکاتەوە، کە لە دەوروبەری دەیبینێ و هەستی پێ دەکات، ئەگەرهاتو ئەو ڕەفتارە ئەرێنی بوو یاخود بە پێچەوانەوە، دایک و باوک هەمیشە دەیانەوێت منداڵەکەیان لە خۆیان باشتر بێت، لەبەر ئەوەشە دەبێت هەموو هەوڵ و کۆششێک بدەن لە پێناو منداڵەکەیاندا، دەبێت لە هەڵسوکەوتی خۆیاندا ڕەنگ بداتەوە، نەک هەر بە دەم بێت بگرە بە کردەوە لە بەرامبەر منداڵەکەیاندا بیکەن.
ئەو خێزانانەی کە بایەخ دەدەن بە هەموو هەڵسوکەوت و جووڵەیەکیان، ئەوا دەتوانن منداڵێک پێشکەش بە کۆمەڵگا بکەن لە هەموو ڕوویەکەوە تەندروست بێت و، لە پاشەڕۆژدا نابێتە بارگرانی بەسەر کۆمەڵگاوە.
نووسەر دەڵێت ((ئەو خێزانانەی یاسا تاڵ و شیرینەکانی ژیان فێری منداڵەکەیان دەکەن، سامانێکیان بۆ بەجێ هێشتوون کە بە پارە ناکڕدرێ.)) لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە دەبێت لە ئاستی داواکاریەکانی منداڵ وشەی (نا) بەکار بهێنرێ و درابێت بە گوێیدا، چونکە کاتێک منداڵ گەورە دەبێت بۆ وەرگرتنی ویستێکی کە پێی بوترێ نابێت، دوچاری ڕووخان دەبێت چونکە ئەو وا ڕانەهێنراوە لە ژیانیدا کە پێی بوترێ (نا). لە لایەکی ترەوە منداڵ دەبێت لە تاڵیەکانی ژیانەوە فێر بێت هەتا تام لە ساتە شیرینەکان بکات، چونکە ئەوساتە زۆر گەورەیە بۆ مناڵ کە سەرکەوتنێک بەدەست دەهێنێ لە دوای هیلاکی و ماندوویەتیەکی زۆر. لەبەر ئەوەشە دایک و باوک دەبێت هەمیشە لەگەڵ منداڵەکەیاندا بن، لە شکستدا پشتیان بگرن تا ئەو ڕادەیەی کاریگەری نەبێت لەسەر کەسایەتی منداڵەکەیان؛ هەڵەیان بۆ دەستنیشان بکەن،ئ امۆژگارییان بکەن هەتا ڕێگای ڕاست بگرنە بەر بۆ بەدیهێنانی ئامانجی خۆیان و بێئومێد نەبن. ئەوەی پێویستە خێزانەکان بیکەن هەر لە منداڵیەوە منداڵەکەیان وا ڕابهێنن لەسەر کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای ژیان، کە پێویستە پێیەوە پابەند بن؛ ئەمەش بە خێزانێک دەکرێ کە گەرموگوڕ بێت و، پڕ بێت لە سۆز و خۆشەویستی و ڕێزگرتن و متمانە، لەو کاتەدا منداڵ هەستی بە ئەمانە کرد، مەیلی بە لای خێزانەکەیەوە دەبێت و، ئەو کارانە دەکات کە لە دەوروبەری خۆی دەیانبینێ و خۆشەویستیی خێزانەکەی بۆی گرنگ دەبێت، چونکە منداڵ لاساییکەرەوەی گەورەکان و چواردەوریەتی، وەک کاغەزی کاربۆن وایە ڕەفتاری گەورەکانی دووبارە دەکاتەوە باش و خراپ، کەواتە بۆ ئەوەی منداڵێکی تەندروست پێشکەش بە کۆمەڵگا بکەین، دەبێت ئاگاداری هەنگاوکانیان بین، هەتا نەکەوینە زەحمەتیەوە لە پاشەڕۆژدا. تێبینی/ بۆ ئەم بابەتەم سوودم لەم کتێبەی خالید ئیرتوغروڵ وەرگرتووە: پەروەردەی منداڵ لە نێوان خێزان و قوتابخانەدا، لاپەڕه