له‌هه‌كبه‌ی بیره‌وه‌ریمدارووباری ئاراس

ئه‌سعه‌د عه‌دۆ

له‌و ماوه‌یه‌دا كتێبی(بنه‌ماورێكاره‌ له‌شكرییه‌كانی په‌ڕینه‌وه‌ له‌رووباری ئاراس)نووسینی(فریاد بارزانی)له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی ساڵی 2023 گه‌یشته‌ ده‌ستم
ئه‌و كتێبه‌ نایابه‌ بۆ خوێنه‌ری كورد پڕیه‌تی له‌ زانیاری نوێ و نه‌بیستراو ، نووسه‌ر به‌ كوورتی و به‌ ووردی باسی له‌ قۆناغه‌كانی ناوچه‌كه‌ كردوه‌ به‌تایبه‌ت شۆڕشی بارزان(1943-1945) ئینجا په‌ڕینه‌وه‌ به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات بۆ پارێزگاریكردن له‌ نۆبه‌ره‌ كۆماری كوردستان له‌ مه‌هاباد ، باس له‌ قاره‌مانیه‌تی هێزی بارزانیه‌كان له‌ شه‌ڕی(قاڕاوه‌و مله‌قه‌ره‌نی)ده‌كات ، هه‌روه‌ها شه‌ڕه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌رته‌شی ئێران و كوشتن و ئێخسیركردنیان سه‌ره‌ڕای بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی له‌نێویاندا ، چۆنیه‌تی كشانه‌وه‌یان به‌ره‌و باشوور !
ئینجا كۆڕه‌وی بارزانی و هه‌ڤاڵانی به‌ره‌و سۆڤیه‌ت و تراجیدیای رێگا زێده‌ سه‌خته‌كه‌ ! نووسه‌ر زۆر كاریگه‌رانه‌ باس له‌ شه‌ڕه‌كان ده‌كات به‌تایبه‌ت شه‌ڕی نابه‌رابه‌ری (دۆلی كوتۆل ) دڵنیام هه‌موو فه‌رمانده‌یه‌كی جیهانی بیخوێنته‌وه‌ سه‌رسوڕمان ده‌یگرێ ! خۆزگه‌ ده‌سه‌ڵاتی كورد بوودجه‌یه‌ك بۆ تۆماركردنی دراما ، سینه‌ما ته‌رخان ده‌كات چونكه‌ دڵنیام ئه‌و شه‌ڕانه‌ شان له‌شانی فلیمی(الحرب والسلام) ده‌دات !
ئه‌وه‌ی له‌و كتێبه‌دا سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ خۆی راده‌كێشێ به‌شی دووه‌می كتێبه‌كه‌یه‌ ، به‌راوردكردن له‌نێوان شه‌ڕه‌كانی بارزانیه‌كان و شه‌ڕی وڵاتانی جیهان وه‌ك شه‌ڕی ئاسته‌رلیتز ، جه‌نگی دورگه‌ی سولومۆن ، جه‌نگی گیتسبورگ و چه‌ندان نموونه‌ی دیكه‌ كه‌ به‌هه‌موو مانایه‌ك نووسه‌ر داهێنانی تێیدا كردوه‌ چونكه‌ له‌و مه‌یدانه‌دا شاره‌زایه‌ ! منیش به‌نیه‌تم ئه‌و زانیارانه‌ی له‌هه‌كبه‌مدایه‌ بیخه‌مه‌ به‌رده‌ست ، دوورنیه‌ سودبه‌خش بێت ،
ده‌رباره‌ی شه‌ڕی(قاراوه‌) كه‌ فه‌وجی یه‌كی هێزی بارزانیه‌كانی لێبو : ئێرانیه‌كان له‌ لووتكه‌ی قاراوه‌ تا پردی ئاڵتون ته‌رمی (80)كه‌سیان به‌جێمابوو ! هه‌روه‌ها(180) ئێخسیر كه‌ به‌ پیاده‌ بۆ دێبوكری به‌ره‌و مه‌هابادیان بردوون ! له‌ هه‌ردوو شه‌ڕی قاراوه‌و مل قه‌ره‌نی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ شه‌هید بوون : خۆشه‌وه‌ی خلیل خۆشه‌وی ، كه‌كشار احمد مێرگه‌سۆری ، احمد محمدامین رێزانه‌یی و چه‌ندان بریندارمان هه‌بوه‌ ، رۆژێك دوای ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ پێشه‌واو بارزانی بۆ پیرۆزبایی سه‌ردانی میحوره‌كه‌ ده‌كه‌ن ، له‌ هه‌مان رۆژدا پێشه‌وا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ڵام بارزانی ئه‌و شه‌وه‌ ده‌بێته‌ میوانی فه‌وجی یه‌ك ،
كاتێ بارزانی سه‌ردانی سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی كردوه‌ ، به‌گزاده‌كان به‌سه‌رۆكایه‌تی (هۆركۆ نوری به‌گ) گه‌مارۆی بارزانی ده‌دات و به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاوار ده‌كات و ده‌ڵێ : مه‌لیكی كوردان نه‌حه‌لێی بیری نه‌وت لێره‌یه‌ ! كاتێ بارزانی گوێی له‌و هاواره‌ی هۆركۆ ده‌بێت ركێف له‌ ته‌نگه‌ی وڵاخه‌كه‌ی گیر ده‌كات و یه‌كپێ ده‌گاته‌ سه‌ر ئه‌و به‌رزاییه‌ی له‌ پێشیدابوه‌ ، چاپووكانه‌ ده‌ستڕێژیان لێده‌كات و هۆركۆ ده‌خاته‌ خوارێ !
له‌ ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕه‌دا شاولی شانه‌ده‌ر ، حاجی هۆستانی شه‌هید ده‌بن و حالی دۆله‌مه‌ری ، حسۆ میرخان دۆله‌مه‌ری ، مسته‌فا ره‌شۆ ، حسۆ یوسف بریندار ده‌بن ، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئاغاكانی مامه‌ش له‌نێوان خۆیاندا له‌سێلوێ بڕیار ده‌ده‌ن رێگه‌ی گاده‌ر له‌ بارزانیه‌كان بگرن
ئه‌و هێزه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی سعید ولی به‌گ ده‌چێته‌ سه‌ریان و له‌ ده‌وروبه‌ری سێلوێ دابه‌ش ده‌بن و میرزاغا ره‌شۆ ، حالی باپیر ، حدۆ محمد ژاژوكی هێرش ده‌كه‌نه‌ ناو دیوه‌خانی ئاغاكان هه‌ر(17-18) ده‌كوژن ! به‌ڵام محمد میرزاغا ، باقی كانێی بۆطی شه‌هید ده‌بن و خانۆ شێخ ئۆمه‌ر و حالی باپیریش بریندار ده‌بن له‌ شه‌ڕی هه‌ڤرس هێزی محمدامین میرخان كۆمه‌ڵێ سه‌ربازیان ئێخسیر كردوه‌ كه‌ له‌نێوانیاندا ئه‌فسه‌رێك كوڕی سه‌رۆكی ئه‌ڕكانی سوپا بوه‌ !
بارزانی توانیویه‌تی ئێخسیركردنی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ به‌ قازانجی ژنومنداڵه‌كان به‌كاربێنێ كاتێ ئاگاداری سه‌ركردایه‌تی ئه‌رته‌ش ده‌كات ده‌ست له‌ بۆردومانكردنی ماڵومنداڵه‌كان هه‌ڵگرن ! له‌سه‌ر زاری محمد عیسی مێرگه‌سۆری ده‌گێڕێته‌وه‌ له‌شه‌ڕی به‌رده‌سپی نزیك دزێ له‌كاتی بۆردومانكردنی فڕۆكه‌كان بارزانی به‌ تڤه‌نگی خۆی فڕۆكه‌یه‌كی پێكاند كه‌ له‌ گوندی (نێركێ )كه‌وته‌ خواره‌وه‌ ، كاتێ بارزانیه‌كان ده‌گه‌نه‌ سه‌ر رووباری (گاده‌ر) گوایه‌ دوا دیداری شێخ ئه‌حمه‌دو بارزانی له‌ شوێنێك به‌ناوی(تاڵه‌جار)بوه‌ .