فازڵ میرانی
کۆمەڵگە کۆنترە و بە كۆڵەگەی دەوڵەتیش دادەنرێت. وەك باوە حکوومەت لە هەمان کۆمەڵگەی خۆی دروست دەبێت، هێندێک جاریش لە لایەكی دیكەوە بەسەریدا دەسەپێت، وەک لە حاڵەتی داگیرکردن و دوورخستنەوەی ڕەگەزی. دوای بوونی هەر یەک لە دەستەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەری و جێبەجێکردن، حكوومەت بە واتا سیاسییەکەی نابێتە هاوتای دەوڵەت، تەنها مەگەر ماوەیەك بە دەیموومەی دەوڵەتێكەوە پەیوەست بێت.
عەقڵیەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێی وایە دەستگرتن بەو سێ دەستەڵاتەوە لە چوارچێوەی هاوبەشانی حوكمڕان، یان حوكمڕانیی یەكلایەنە، بە لایەنە هەرە گرنگەكەوە پەیوەست دەبێت، ئەویش كۆمەڵگەیە بە هەموو گرووهە
جۆراوجۆر و پێكهاتە و لایەنە كەلتوورییەكانییەوە.
لە مێژووی ناوچەی ئێمەدا، چەندان دەوڵەت لەسەر زەوی سڕاونەتەوە، نەخشەی بوونیان گۆڕاوە، دەوڵەتگەلی ئایینی بە شەرعیەتێكی زۆرەوە، دەوڵەتی ئیتنیکی، هەروەها دەوڵەتی فراوانخوازی ئایینی و نا ئایینی، بەڵام نەمانی دەستەڵاتی هەر یەك لەو دەوڵەتانە هێشتا لە هەناوی كۆمەڵگەكەیان دان، كە بۆخۆیان خوردیان كردووەتەوە، لەمەدا مەبەستم ئەو دەوڵەتانەیە كە پەنا بۆ وتەی : ” ئەگەر فلان قسەی كرد، یانی دەوڵەت قسەی كرد.” دەبەن.
گرنگترین و بەردەوامترین پەیمانی دەوڵەت، پەیمانی كۆمەڵایەتییە، پەیمانی هاووڵاتییبوونە. ئەم پەیمانە بایەخدارە بە واتای چاوپۆشی، یان بێبایەخیبوونی پەیمانە كۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەكان نایەت، كە بەرژەوەندییەكانی نێوان هەموو لایەنەكانی دەوڵەت، یان نێوان ئەوان و هاوتاكانی دەوڵەت، یان ڕێكخراوەكان، یان بازاڕ، یان داهات، بەڕێوە دەبەن، بەڵام غیابی ڕەگەزی مرۆیی لە هاوكێشەكەدا یان حزووری بە ناتەواوی، دەوڵەت لە ڕێگەی دەستەڵاتی دەزگەكانییەوە بەرەو شكڵ و ناوەرۆكێكی نزیك لە كۆمپانیایەكی تایبەت دەبات.
تێكڕای حكوومەتەكان لە هەر شوێن و ڕێكەوتێكەوە بن، زیرەك و دڵسۆزانە هەوڵی گەشەسەندنی پەیمانی كۆمەڵایەتی دادخوازییان داوە، شوێنەوارەكەشی بەردەوام بووە، با هەر چەند ماوەی حوكمیشان كورت بوو بێت. هەر حكوومەتێك زیانی لەم پەیمانە دابێت، زیانەكەی بەردەوام بووە، با هەر چەند ماوەیەكی زۆریش وازیان لەو كارە هێنابێت، یان زیانبەرەكە لەنێو چووبێت.
گەورەترین هەڵە ئەو ڕەفتارەیە دەوڵەت تەفروتونا دەكات، مەبەستم كۆمەڵگەیە، كاتێك دەستەڵات لەژێر هەر ناونیشانێكەوە بە زۆر عەقیدەی خۆی بەسەر كۆمەڵگەدا دەسەپێنێت، ئەو كات هەڵە گەورەكە ڕوو دەدات.
بڕۆن لە مێژوودا بە دوای ئەو كەسانەدا بگەڕێن لە دەستەڵات لابراون،جیاوازیی نییە گەلەكانیان ئەوانیان دوورخستبێتەوە، یان هێزی وڵاتی دیكە، یان ئیرادەی ئەوانی تر،ئەوسا بۆت ڕوون دەبێتەوە، ناڕێكی و كەموكورتییەكان هەر لە سەرەتاوە لە پەیمانی كۆمەڵایەتییەوە بووە.