زكری مووسا
ئەو دەسكارییانەی لە لایەن لیژنەی داراییەوە خراونەتە پڕۆژەی بودجەی عێراقی، زۆر عەجیب و غەریبن و بە نەفەسێكی تاییفی و حقد و تۆڵەسەندنەوە نووسراون. لەوەش سەیرتر ئەو نوێنەرە كوردانەن كە پشتگیریی ئەو دەسكاریكردنانەیان كردووە. ئەو كوردانە یان زۆر نەزان و بەدبەخت و ماڵوێرانن یانیش ڕق و حقد كوێری كردوون، چونكە لە ڕاستیدا ئەو دەستكاریانە هیچ ڕێز و پێگە و دەستەڵاتێك بۆ كیانی هەرێمی كوردستان بە خەڵك و بە حكوومەت و ئەحزاب و دامەزراوەكانیەوە ناهێڵێتەوە.
دەسكارییەكان لە واقعدا بەمشێوەیەن:
١. هەرێم هیچ دەستەڵاتێكی دارایی و سەرچاوەیەكی داهاتی نامێنێ، لەگەڵ ئەوەش دەبێ ١٠%ی پاشەكەوتی مووچە بداتەوە. دیار نیە كە دەبێ لە كوێ ئەو پارەیە بهێنێت و لەبری پاشەكەوت بیداتەوە.
٢. هەرێم دەبێ ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەربهێنێت بەڵام لەو ناوچانە نا كە دەكەونە نێو پارێزگای موسڵ و كەركووك (كە بەشێكن لە كوردستان)، دواتر كە ئەو نەوتەی دەرهێنا دەبێ نەوتەكە تەحویلی حكوومەتی عێراقی بدات بێ ئەوەی دەستەڵاتی ئەوەی هەبێت تەعامول بەو داهاتە بكات كە لە ئەنجامی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی خۆی هاتووەتە دی. واتە نەوت بداتە عێراق و هیچ وەرنەگرێ تەنیا ئەگەر وەزیر دارایی عێراق حەزی كرد ئینجا هەندێك پارە بنێرێت. ئەوە ڕێك هەمان سیستەمی كۆیلایەتییە. كاتی خۆی كۆیلەكان كاریان دەكرد و فیودال و كۆیلەدارەكان بڕیاریان دەدا كەی نان بخۆن و چەندیش بخۆن.
٣. پرسیار ئەوەیە بەپێی ئەو لۆژیكە سەیرە ئەگەر هەرێمی كوردستان ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیلەی نەبێت یان كۆتایی بە نەوت بێت، پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا بە چ شێوەیەك دەبێت؟
٤. لە ئەگەری جێبەجێكردنی ئەو دەستكاریانەی ئەو برادەرانە ئیمزایان كردووە لە بودجەی گشتیدا كاریگەریی سلبی دەخرێتە سەر كەرتی تایبەتی هەرێم و ئەو جموجۆڵە ئابووری و گەشتیاری و سەقامگیرییەی لە هەرێم هەیە تووشی كۆسپی گەورە دەبێت و بە دەیانهەزار گەنج كارەكانیان لەدەست دەدەن.
٥. بابەتێكی تر مەسەلەی مامەڵەی ڕاستەوخۆی پارێزگاكانی هەرێمە لەگەڵ حكوومەتی بەغدا كە مەبەست لێی پارێزگای سلێمانیە. دەمێكە باس و خواس و هەڕەشەی ئەوە دەكرێت كە سلێمانی جیا دەكرێتەوە و ڕاستەوخۆ پارە لە بەغدا وەردەگیرێت. بەڵام ڕاستیەك هەیە پێویستە تاك تاكی دانیشتوانی خۆشەویستی سلێمانی بزانن. مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سلێمانی هەرگیز ڕوو نادات. بۆ ڕوونادات؟؟ وەڵامەكەی سادەیە. عێراق هیچ كات ئامادە نابێت لە هیچ و خۆڕایی مانگانە 6
٠٠ ملیار دینار بۆ سلێمانی بنێرێت. ئەوان پرسیار دەكەن باشە بۆ دەبێ پارە بۆ سلێمانی بنێرین، خۆ خوا لێی نەگۆڕیوین. بەڵام ئەو بابەتە وەك كارتێكی گوشار بەكار دەهێنن بۆ لەیەكتر ترازانی زیاتری هەرێمی كوردستان و لایەنە كوردییەكان. ئەوەی ڕووی داوە تۆڵەسەندنەوەیە لە كورد كە هەوڵی داوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت. هەندێ نەزانی كوردیش كە ڕق لە پارتی كوێری كردوون بەدوای ئەو مەوزوعە كەوتوون وەك بڵێی شاكارێكی گەورەیان كردبێت. جێگەی داخێكی زۆرە میللەتێك دڕندانە ئەنفال و جینۆساید كرابێت ئێستا پێی ڕەوا نەبینرێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و سامان و سرووشتی خۆی بۆ ئاوەدانی و سەقامگیری بەكار بهێنێت. ئەگەر هەموو شتێك سرووشتی با و لە شوێن خۆی با دەبوایە تاهەتایە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی ئەو زوڵم و جینۆسایدەی كردبا كە لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی دابا. نەدەبوا یەك بەرپرسی عێراقی جورئەتی ئەوەی هەبا سەیری چاوی كوردێكی كردبا هەمیشە چاوشۆڕ و شەرمەزار با.