بەرژەوەندی گەل، یان حزب؟!

هاودەنگ فارووق

‎ دووساڵە پارتی دان بەخۆیدا دەگرێت، دانوستان دەكات،
سازش لەسەر مافی خۆی دەكات لە پێناوی بەرژەوەندی گەل و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا؛ لەم کایە گرنگ و چارەنووسسازەشدا گوشاری کات و دانبەخۆداگرتن سنووری هەیە؛ پارتی حزبێكی بەئەزموون و خاوەن تاقیكردنەوەی گەورەی مێژووییە، دەزانێ لە كوێ نەرمی دەنوێنێ و کەی بڕیار دەدات. لە فەرهەنگی سیاسیی پارتیدا وەختێك مەترسی بكەوێتە سەر كوردستان و خەڵكەكەی، هەنگاو دەنێت و بڕیاری پێویست وەردەگرێت هەرچەندە لەو ڕێگەیەشدا باجی قورسیش بدات.
‎لە ڕاستیدا پارتی كەوتۆتە نێوان دوو تەوژمەوە، تەوژمێك كە
نایەوێت هەڵبژاردن بكرێت لەو پێناوەشدا كۆی ئەزمونی سیاسیی كوردستان و ناوبانگی هەرێم دەكاتە بارمتەی بەرژەوەندییەكانی خۆی؛ ئەو تەوژمە زۆرباش گوێ بیستی پەیامەكانی وڵاتانی دۆستی كوردستان بووە، ئاگاداری پەیامی نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە كە داوای ئەوە دەكەن هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت، بەڵام بێباكە لەو داخوازییانە و هیچ پێی نەنگی و قورسی نییە ئەگەر ناوبانگی هەرێم ببێتە قوربانیی بەرژەوەندییە حزبییەكانی خۆی.
‎تەوژمێكی دیکە، ئیرادەیەكی كوردستانی و کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتییە، كە داوا دەكات لە پێناو نوێبوونەوەی دامەزراوە دەستورییەكان و وەك مافێكی خەڵك و بۆ دەمەزەردكردنەوەی دیموكراسی و ناوبانگی هەرێم، هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت.
‎لێرەدا پارتی كائینێكی سیاسیی ئاقڵە، دەزانیت بەرژەوەندی
لەكوێدایە، پرسیارەكەش كە هەموو كەسێك دەتوانێت وەڵامی بداتەوە ئەمەیە: لەحاڵەتێكی وادا كە هەردوو تەوژمەكە زانراون و مرۆڤی سادەش دەزانێت كامەیان لە بەرژەوەندیی هەرێم و گەلی کوردستاندایە، ئایا پارتی دەبێت دەست بەبەرژەوەندی خەڵك و دامەزراوەكانی كوردستانەوە بگرێت، یان دەست بە پاساوەكانی ئەو تەوژمەوە بگرێت كە لەبنەڕەتەوە نایەوێت هەڵبژاردن بكرێت؟
‎گریمان پارتی پشتی ئەو حزبەی گرت كە نایەوێت
هەڵبژاردن بكرێت و لەوەدا كوردستانیش زیانی بەركەوت، ئایا بەرپرسیارێتیی مێژوویی و ویژدانی ناكەوێتە ئەستۆی پارتی؟ ئەی ئەو کاتە پارتی چۆن وەڵامی نەوەكانی داهاتوو بداتەوە؟
‎پارتی دوور دەڕوانێت و دەزانێت کە دەبێ وەڵامی نەوەكانی
داهاتوو بداتەوە و بەرپرسیارە بەرانبەر مێژووی نەتەوەیەك. چۆن دەكرێت پشت لە هەموو ئەو بەرپرسیارێتییانە بكات و
دڵی تاكە لایەنێك خۆش بكات؟ ئەرێ باشتر نییە ئەو لایەنەش لە كەلی “عینادیی سیاسی” بێتە خوارەوە و مل بۆ بەرژەوەندییەكانی كوردستان بدات؟!