لە‌سە‌ردە‌می زیرە‌كی دە‌ستكرددا،كورد لە‌ناو دە‌چێت؟

مەشخەڵ كەوڵۆسی

لە‌ هەموو قۆناغە مێژووییەكان و ئاڵوگۆڕە جومگەییەكانی ژیان و ژیاردا، زۆرێك لێكەوتە دێنە پێشەوە كە بۆ كۆمەڵگەكان تازە دەبن و مامەڵەكردن لەگەڵیاندا بەجۆرێك لەجۆرەكان ئەستەم و قورس دەبێت.
بۆنمونە: كاتێ مەكینە هاتە نێو پیشەسازییەوە، ڕێنیسانسی ڕۆشنبیریشی بەدواداهات وترادیشناڵە كۆمەڵایەتییەكان و دین و تەنانەت سایكۆلۆژیایشی گۆڕی و مرۆڤ بوو بەمرۆڤێكی تر، مرۆڤی سەردەمی ڕێنیسانس وەك مرۆڤەكانی پێشتر نیە و، جارێكی تر مرۆڤ و كۆمەڵگە ناگەڕێنەوە بۆ سەردەمەكانی پێش ڕێنیسانس و ئەفراندنی مەكینە.
هەروەها لەسەردەمی شۆڕشی گەیاندنیش، چەمكەكان سەرلەبەریان گۆڕان، هەندێ پیشە و خزمەتگوزاری دروستبوون كە پێشتر بەخەیاڵیش بیریان لێنەكرابووەوە.
بۆنمونە: كۆمپانیا زەبەلاحەكانی گەیاندن، بە هەزاران ملیار داهاتیان هەیە، ئەگەر لەسەدەی پێشوو بتگوتبا سەردەمێك دێتە پێشەوە كە كاری خەڵكێكی زۆر دەبێت بەفرۆشتنی هەوا، كێ باوەڕی دەكرد؟ مەگەر تۆڕەكانی پەیوەندی و مۆبایل و ئینتەرنێت، باشترین
سەرمایەگوزاری نین لەناو هەوادا؟.
سەیری گۆڕانكاری بكە لە ژێرخانی ڕۆشنبیری و نەریتی كۆمەڵگەكان، سەیری ڕەفتاری تاك بكە، لەسەر تابەخواری گۆڕاوەو هیچ بوارێك نەماوە بۆ پاشەكشە و ئەسڵەن پاشەكشە پێویست نیە! بۆنمونە: جاران بۆ ئەوەی گەنجێك نامەیەك بگەیەنێت بە مەعشوقەكەی، دووچاری دەیان دەردە سەری دەبوو، گەیاندنی نامەیەك دەبووە داستان و جێگای شانازی و دەیان دەستاودەستی دەكرد، تاكو دەگەیشتە شوێنی مەبەست، كەچی ئێستا بەیەك كرتە دەگات و دەشزانیت ئایا خوێندنییەوە یان نا؟ سەیری ئەم گۆڕانكارییە گەورەیە بكە و بیر لەوە بكەرەوە كە تەكنەلۆژیا و شۆڕشی گەیاندن چ حەشرێكی بە نەریت كرد.
لەهەموو گۆڕانكارییە گرنگ و جومگەییەكاندا، كۆمەڵگەكانیش دەگۆڕێن و جاری وا هەیە كۆمەڵگەكان لەناو دەچن، وەك ئەوەی لەئەنجامی دۆزینەوەی بۆمبی ئەتۆمی بینیمان!.
سەردەمی زیرەكی دەستكرد، مەترسیدارترین سەردەمە بۆ كۆمەڵگە دواكەوتووەكان بەگشتی و بۆ كۆمەڵگەی كوردی بەتایبەتی لەبەر دوو هۆی سەرەكی:
یەكەم: كورد نەتەوەیەكی شارستانی نیە و تاكو ئێستا نەهاتۆتە ناو شارستانییەتی هاوچەرخ. بەڵكو كۆمەڵگەیەكی پاسیڤی سوننەتییەو، دەرفەتی ئەوەی نیە بێتە ناو مێژووی هاوچەرخ و ناتوانێت لەگەڵ
دیاردەكانی شارستانییەتی نوێ هەڵبكات!.
دووەم: كورد دەوڵەتی نیە سپۆنسەری بكات و كێشەكانی بۆ چارەسەر بكات، یان پێشوەختە پلانی هەبێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كێشە و گرفتە ڕاستەقینەكان.
ئەو كێشە كۆمەڵایەتی و ئابووری و یاساییەی بەهۆی زیرەكی
دەستكردەوە بەرۆكی مرۆڤایەتی بەگشتی و كۆمەڵگە دواكەوتووەكان و ئابوورییە لاوازەكان دەگرێت، مەزندە دەكرێت تەخت و تاراجی كۆمەڵگەكان سەراوژوور بكات. لەیەك چركەدا سەدان پیشە دەمرن و پیشەوەرەكان بێكار دەمێننەوەو، ئیدی باری سەرشانی كۆمەڵگەكان هەزاران جار قورستر دەبێت.
بەهەزاران هەزار، شۆفێر، خاوەن كار، وەستا، كرێكار و گارسۆن،
پیشەوەر و خەڵكی خزمەتگوزار، دەنێردرێنەوە بۆماڵەوە و هیچ كارێكیان نامێنێت و لەبری ئەوان زیرەكی دەستكرد و ڕۆبۆتەكان كارەكان ئەنجام دەدەن، خاوەن ماركێتێك لەبری سەد گارسۆن و كرێی زیادە و سەریەشەی ناپێویست، بەدوو ڕۆبۆت كارەكانی دەكات.
پرسیارەكە ئەوەیە: باشە كوردستان چۆن چارەسەری كێشەی هەزاران هەزار پیشەوەر دەكات كە لەیەك چركەدا پێكەوە بێكار دەبن؟ كاریگەرییە ئابووری و یاسایی و كۆمەڵایەتی و ئاینی و خێزانی و دەروونییەكانی ئەو كێشە زەبەلاحە چی دەبێت؟
كۆمەڵگەی كوردی لەسەردەمی زیرەكی دەستكرددا، لەناو دەچێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە كە هەوڵ دەدەم لە چەند بۆنەیەكدا قسەی لەسەر بكەم.