پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

هەڵەی ستراتیجی و کورتبینیی سیاسی


‎هاودەنگ فارووق

‎لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی توركیا، دەنگ و کورسیی
كورد زۆر كەم بوونەتەوە، ئۆباڵی ئەمەیش بۆ”سیاسەت _ ستراتیج ” ی هەڵە و ناكوردانەی پەكەكە دەگەڕێتەوە، بزووتنەوەی كورد لە باكوری كوردستان، ساڵ لەدوای ساڵ، بەرەو پاشەكشە، یان خاڵی بوونەوە لەماناكانی كوردایەتی دەچێت و خەریكە وای لێ دێت، چیتر پێناسەی جووڵانەوەی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازیی بەسەردا نەبڕێ.
‎ئاخر پەكەكە سەرباری هەڵە تاكتیكییەكانی لە ئانی
هەڵبژاردن، چەند هەڵەیەكی زەقی ستراتیجیشی كردووە، ئەمەیش بۆتە هۆی نەمانی متمانە و زیاتر دووركەوتنەوەی لە خەڵك و بزافە سیاسییەكانی كوردی باكوور.
لەم هەڵبژاردنەدا، لەدوو گۆشەی زۆر گرنگ و ستراتیجییەوە هەڵەی كوشندەیان كرد: یەكەم: لەكاتێكدا زۆرینەی خەڵكی كوردستان موسوڵمانن و هەستیارییەكی زۆریان هەیە بۆ دروشمە ئاینییەكان، ئەردۆگان هات یاری لەسەر ئەو تەوەرە كرد و توانی تاڕادەیەكی زۆر باش گرەوەكە بباتەوە. كەچی هەدەپە لەبری ئەوەی سوود لەو سۆز و عاتیفەی موسوڵمانێتی نەتەوەكەی وەربگرێت و بەڕە لەژێر پێی ئاكپارتی دەربهێنێت، کەوتە تەک ئەو تەوژمە دژە دینییە و لە بریتی ڕەخنە لە کار و شەخسی ئەردوگان، ڕەخنەیان لە قوتابخانە فیكرییەكەی ئەرۆدگان دەگرت؛ ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەردۆگان، شكایەوە و سوودی لە هەستی دینیی شەقامی كوردی وەرگرت.
‎دووەم: هەدەپە چارەنووسی نەتەوەكەی كردە هاوچارەنووس و هاوبەشی حزبێكی دژەكوردو ڕەگەزپەرستی وەكو جەهەپە، ئیتر لێرەوە بڕیاری مەرگی سیاسیی خۆی دا، چونكە ئەو حزبە كەمالیستە بەرپرسە لە نەهامەتییەكانی كورد لە میراتگری كارەساتە گەورەكانی وەك قەسابخانەكەی دێرسیمە، پەیماننامە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی دژی کورد، ئیتر چۆن كورد دەنگی پێدەدات؟
‎‎سێیەم: مەهەپە و پەكەكە پێویستە ئەوە ڕوون بكەنەوە كە
ئایا حزبێكی چەپی نوخبەیەكن، یان پارتێكی جەماوەرین كە دەیەوێ بەشداری لەهەڵبژاردندا بكات؟ ئەگەر دەیەوێت لەڕێگەی سندووقەكانی دەنگدانەوە هەژموونی خۆی بسەلمێنێت، چۆن جورئەتی ئەوە دەكات لەگەڵ بیروڕا و میزاجی زۆرینە جەماوەری كوردستاندا هاودژ بێت؟ چۆن دەبێتە هاوپەیمانی حزبێك كە هەموو كورد بە بەرپرسی كارەساتەكانی سەر خەڵكی باكووری دەزانن؟ ئەم حساب نەكردنە بۆ ڕای گشتیی خەڵك چ لە ئێستا و چ لە داهاتوودا، گورزێکی گەورە لە پێگەی سیاسی كورد و خودی هەدەپەیش دەدات.