پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سیاسە‌تی ڕۆژ و ساڵ و دە‌یە‌دە‌ستكاری دە‌كرێ، بە‌ڵام ستراتیژی نە‌تە‌وە‌یی نا

حوسێن کوردنەژاد

ڕووداوەکانی بەرچاو و کورتخایەن سەرنجی زۆرێک لە توێژەر و سیاسییەکان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن، ئەم توێژینەوە و دیراسە و نووسینانە زۆر بەکەڵکن و پێویستە ئەنجام و ئاکامەکانیان بگاتە بیری گشتی؛ بەڵام ئەگەر بێت و ئەم شیکردنەوە کورتمەودایانە بە شیکردنەوەی ترێند و ڕەوتەکانی درێژخایەنەوە گرێ نەدرێن، ئیمکانی ئەوە نەک هەر هەیە بەڵکوو زۆریشە لە تێگەیشتن و لە داڕشتنی سیاسەتدا تووشی هەڵە بین.

نموونەی ئەو ڕووداوانەی ئەم چەند مانگەی ڕابردوو کە لە ناوچە و هەرێم و تەنانەت لە جیهانیشدا ڕوویان داوە، دروست پێوەندیی بەو خاڵەی سەرەوە هەیە.
ڕووداوەکانی ناوچە وەک لە لێکنزیکبوونەوەی ئێران و سعوودیە، گەڕانەوەی ئەسەد بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی، ئەگەر لە چوارچێوەی ساختار و ستراکچری سیاسیی ناوچەدا نەبیندرێت و ئەم ستراکچرە گرێ نەدرێتەوە بە ستراکچری سەرەوە و خوارەوەی خۆی و گۆڕانکارییەکانیان، زەحمەتە سەرەدەری بکەین.

ستراکچری خوارەوەتری نیزامی سیاسیی ناوچەیی بارودۆخی نێوخۆیی ئەم وڵاتانەیە کە بە بەرەو گۆڕانکاری دەڕۆن و ناچار بە ریفۆم و دەستکارین، دەنا داهاتوویان لێڵە و هیچیان نەک نابنە ئیدارەدەر و چارەسەرکەری گرفتەکان، بەڵکوو دەبنە بەشێک لە قەیران.
ستراکچری سەرەوەتری نیزامی سیاسیی ناوچە، بارودۆخی نێودەوڵەتیی جیهانییە کە لە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ١٠٠ ساڵ و ئەو ڕێککەوتنە کە لە دوای شەڕی جیهانیی دووەم کرابوو، ئێستا جارێکی تر نیزامی قەبووڵکراوی ئەو دەمێ کەوتووتە بەر شک و پرسیار و جیهان خوازیار دابەشبوونێکی دووبارەیە؛ زۆر هێز وەک چین و ڕووسیە خوایاری پێداچوونەوە بەو رێککەوتنە کۆنەن کە بە نەزمی لیبرالیی جیهانی ناسراوە.

قەیرانی ئابووریی جیهانی کە بۆ نموونە خۆی لە داڕمانی دراوی وڵاتاندا دەردەخات و قەیرانی سیاسی کە خۆی بۆ نموونە لە شەڕی ئۆکرانیادا دەردەخات، لە گشت ئەم بوارانەدا باس باسی قەیرانی سیستەمی جیهانییە و شەڕ لە نێوان ئەوانەی خوازیارن هەر وەک جاران بەردەوام بن و ئەوانەی کە خوازیاری پێداچوونەوەن.

ئەوەی دیارە خوازیارانی پاراستنی نەزمی جیهانی لیبرالی ئامادەی پاشەکشە نین، ئەگەر جیهان باجی گەورەش بدات وەک ئەم داکشانی ئابوورییە کە ئێستا هەیە و ئەوانەی خوازیاری پێداچوونەوەن هەتا بە لانی کەمەوە ٥٠ ساڵی تریش هێزیان بەشی ئەوەی ناکات کە بگەنە مەبەست.

کە وا بوو قەیرانەکان و ستراکچرەکان و ڕێککەوتنەکان و دوورکەوتنەوەکان لە سیستەمێکی هیرارکیدا خۆیان ڕێک دەخەن و تەنیا بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوتە درێژمەوداکانە کە ئاڵۆزیی ئەم پێوەندییانە شیاوی پەیبردن و تێگەیشتن دەبن.
ئەم خوێندنەوانە بۆیە گرینگن کە کارتێکەرییان هەیە لە سەر داڕشتنی ستراتیژیی مێژوویی و درێژخایەنی ڕزگاریی میللەتی پەنجا ملیۆنیی کورد. لە وانەی سەرەوە تێدەگەین سیاسەتی خۆمان تووشی ریداکشینیزم و کەمکردنەوە و دەکەین و چارەنووس نەک بە بیر و سیاسەتی ستراتێژی، بەڵکوو بە پراگماتیزمی ڕەها دەسپێرین؛ لە جیاتی دیتینی پرۆسە،
تەرکیزمان لەسەر حاڵەت و زەمەنی کورت کورت دەبێت. ئەمە نایەتە ئەو واتایە کە نەزانین سیاسەتی وڵات بریتییە لە
پڕکردنەوەی مەودای نێوان توانا و سەرچاوەکانی بەردەست لە لایەک و خواست و ئارەزووەکانمان لە لایەکی ترەوە. یەکەم ئێستێتی ئەمەریکا کە ئیمزای بەڵگەنامەی سەربەخۆیی کرد و دوایین ئێستێت کە ئیمزای کرد، ١٠٥ ساڵی خایاند؛ کەواتە دوور دوور دیتن ڕەمزی لەدایکبوونی ئەمەریکا بوو.