پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

دە‌بێ ئازادی لە‌رێزگرتنە‌وە‌دە‌ست پێ بكات تا بە‌ھای ئازادی نە‌فە‌وتێ

فەزیله شۆرش – هۆڵەندا

بێگومان ئازادی بیروبۆچوون و قسەکردن یەک لە مافەکانی مرۆڤە، بەڵام بە بۆچوونی من، ئەوەی دەبیسترێ لە قسەکردن و هەڵسوکەوتی هەندێک لە خەڵک چەمک و مانای ئازدی لە لایان جیاوازەوە یان بە جیاوازی لە ئازادی تێدەگەن، بێگومان ئازادی سنوری هەیە واتە ئەو هێڵە تەریبیانەی ئازادی هێڵی سوریشی تێدایە، کە نابێت مرۆڤ ئەم هێڵە سوورە تێپەرێنی. لە وڵاتانی ئەوروپا مرۆڤ بە ئازادی خۆی رای خۆی دەردهبرێت و قسەی خۆی دەکات، بەڵام ئازادی لەوێش سنووردارە و تاک ناتوانی سنوری خەڵکی تر تێپەرێنی بە پاساوی ئازادی، هەرتێپەربوونێک لە خەتە سوورەکە سزاو جەزای خۆی هەیە، تاکیان لە ناو خێزان لە سەر بنەمای رێزگرتن و پابەند بوون بە یاسا پەروەردە کراوە و دەکرێن. کاتێک مانای ئازادی لە هەر شوێنێکی جیهان بۆ تاک روون نەبێت بێگومان ئەو کات ئازادیەکە کێشەی لێ دروست دەبێت و کۆمەلگا شلەژاو دەبێت، دەبینین ئازادی لە ولاتە پێشکەوتوەکان بە یاسا رێکخراوە و زۆر بە سەرکەوتوانەش یاساکان جێبەجێ دەکرێ، ئەمەش بەردێکی بناغەی سەرکەوتنیانە. کوردستانیش وەک هەر ولاتێک کە لە پرۆسەی پێشکەوتن و دیموکراتیەتدایە ئازادی رادەربرین و قسە کردنی تێدایە و بێگومان ئەم ئازادیەش لە کوردستان سنووردارە تا کۆمەڵگا نەشڵەژێ.

بێرێزی بەرامبەر هەر تاکێک هێڵی سوورە و بە ئازادی هەژمار ناکرێ، ئازادی رەوا بەرەلایی نیە، بۆیە پابەندبوون بە ئازادی رەوا گرنگە. دەبێ جیاوازی بکرێ لە نێوان ئازادی رەوا و خراپ بەکارهێنانی چەمکی ئازادی و هەڵسوکەوتکردنی بێ بەرپرسانە. بە داخەوە هەندێک کەس لە ئازادی وا تێگەیشتوون کە مافیان هەیە بە بێ رێزی قسە بکەن و یا بێ رێزی بەرامبەر تاک و کۆمەڵگه و یاساو نەتەوە بکەن.
گرنگە دایکان و باوکان منداڵ لە سەر بناغەی رێزگرتن پەروەردە بکەن . وەک ئافرەت و دایکێکی کورد لە تاراوگه شانازی بە نەتەوەو کوردستان و کوردستانیان دەکەم، بۆ هەموو جیهان ئاشکرایە کە هەزارەها دایکی کورد قوربانیانداوە تا ئەمرۆ ئەم ئازادیەمان لە کوردستان بە دەست هێناوە، کەواتەهەتا لە تاراوگهش بین لە سەرمان فەرزە رێز لە هەموو یاسا و دامودەزگا و تاکێک لە کوردستانیش بگرین، گرنگە جوانترین نموونەی کوردبین، ئەوەی ئافرەتی کوردی تاراوگه لە ئافرەتانی نەتەوەکانی تری تاراوگه جیا دەکاتەوە بوێری و ئازایەتی و توانای و رێزی بۆ ئەو ولاتەی کە تێدا دەژی و خۆشەویستیەکەی بۆ کوردستان، سەدەها ئافرەتمان هەیە لە تاراوگه پلە و پۆستی باشیان هەیە کە شانازی بە کورد بوونی خۆیان و نەتەوە و کوردستان دەکەن،کوردستان و کوردیش شانازیان پێ دەکەن، بە لام بە داخەوە هەر باخێکی گوڵ بێ درک نابێت، ئەوەی لە یەک لە دەروازەکان لە شارێکی کوردستان روویدا حەتمەن نموونەی هەموو ئافرەتانی تاراوگه نیه. ئەو کەسەی هەر بێ رێزیەک بکاتە کوردستانیەک هەروەک درکی باخەکە بێت وایە، دەبێ ئازادی لە رێزگرتنەوە دەست پێ بکات تا بەهای ئازادی نەفەوتێ.