مەشخەڵ كەوڵۆسی
قەوارەی هەرێمی كوردستان پیرۆزی پیرۆزەكانە بۆ هەموو ئەو كەسانەی كەپێیان وایە هەبوونی قەوارەیەك بۆ كورد لەهەوای هەناسەدان گرنگترە. بەندە كەیەكێكم لەوانەی لەسەربەخۆیی كەمتر بڕبەنی لێبدەیت ڕازی نیم، بێگومان هەرگیز لەوە ڕازی نیم كە قەوارەیەكی فیدراڵی بكرێتە كالای بەری نەتەوەی كورد و پێی بگوترێت ئیدی تۆ گەیشتوویت بە مافی نەتەوەیی خۆت.
نەخێر، من كاتێ گۆرانی بەباڵای هەرێمی كوردستاندا دەڵێم و، بەردەوام دەستم لەسەر دڵمە كە ئەم هەرێمە تێك نەچێت، تەنها لەبەر ئەوەیە پێم وایە هەرێمی كوردستان قۆناغێكە بەرەو سەربەخۆیی، وەگەرنا هەرێمی كوردستان هیچ پیرۆزییەكی نامێنێت!.
ئەگەر بڕیاربێت ئیتر هەرێمی كوردستان ببێتە دوامەنزڵی خەونە
نەتەوەییەكانمان، ئەوا پێویستە خەڵكە نەتەوەییەكان قبوڵی نەكەن و هەركەس لەلای خۆیەوە نوێڵێك بكات بەژێریدا و بیڕمێنن.
هەموو خەڵكە نەتەوەییەكانی كوردستان، لەهەرچوار پارچەی كوردستانەوە، بەو چاوەوە سەیری هەرێم دەكەین كە ئەم هەرێمە قۆناغێكی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی لێیەوە بگەینە سەربەخۆیی! وێستگەیەكی یەكجار زۆر گرنگە بۆئەوەی مرۆڤی كورد كە نازانێ ئیدارە و سیاسەت و دیپلۆماسیەت و یاسا چییە، كەمێك فێرببێت و ڕاهێنان لەسەر كایە دەوڵەتییەكان بكات، تاكو ڕۆژێك سەربەخۆیی كوردستانمان ڕاگەیاند، سەرمایەی مرۆییمان هەبێت بۆ ئیدارەدانی دەوڵەت. بەكورتی هەرێمی كوردستان قۆناغێكە بۆ خۆڕاهێنان لەسەر ئیدارەدانی دەوڵەت و كەسبكردنی مەعریفەی دەوڵەتداری! نەك بۆ
ئەوەی نەتەوەی كورد تاكو كۆتایی خاوەنی تەنها ئەم هەرێمە بێت.
مادەم هەرێمی كوردستان قۆناغی ڕاهێنان و فێربوون بێت بۆ ئەقڵی نەتەوەیی و دەوڵەتداری كورد، كەواتە ئاساییە هەڵەو كەموكووڕیش هەبێت و بەردەوام بەرەو چاكسازی بچێت! ئێمە ئەوە زۆرباش دەزانین كەهەڵەو كەموكووڕی و زۆرهەن، ناتەواوی تا سەر ئێسقان لەئارادان. بەڵام شێوەی ڕوانینمان بۆ كێشەكان زۆر جیاوازە لەوانەی نزیكەی بەمەبەستی ڕووخاندنی قەوارەكە و بێ ئومێدكردنی كورد لەوەی بتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت، ڕۆژانە ژەهر دەڕێژن و، خەڵك توڕە دەكەن و هانی كۆمەڵانی خەڵك دەدەن بۆ لێدان لە ئەزمونەكە. هەركەس دووچاوی هەبێت بۆ بینین، ناتەواوییەكان دەبینێت، چ جای
نوسەرێك یان دەزگایەكی میدیایی كەلەبنەڕەتەوە چاوتیژترن. بەڵام ئەوەش دەزانین كەهەموو هەقێك لەهەموو جێگەیەكدا ناگوترێت! گوتنی هەقیش شوێن و كات و پێویستی و ڕێكەوتی خۆی هەیە. ئەگینا وەكو نوێژكردن وایە لەكاتەكانی ئۆف تایمدا!.
هەمووان دەزانین ئەمڕۆ كۆمەڵێك دەزگا و كەسایەتی و حیزب و ڕەوت هەن، بە قەسدی شكاندن و لەناوبردن بەمناسەبەت و بێ مناسەبەت بنكۆڵی هەرێمی كوردستان دەكەن. خەڵك ڕەشبین دەكەن! ئینتیما كاڵ دەكەوە!.
من بەچاوی خۆم دیومە، كەناڵی میدیایی، پێشتر ڕەخنەی ئەوەی دەگرت كە نەوت نادرێتە بەغدا ئەگەر بدرێت مانگانە وەك میلی كاتژمێر لەكاتی خۆیدا مووچە دەدرێت، كەچی ئێستا كەڕێكەوتن لەسەر نەوتكراوە، بە خەڵكانی سادەی سەر شەقام دەڵێت: تازە نەوت ڕادەستكراوە، پێت وایە مووچە بێت؟ كەناڵی لەو گەورەتریش هەیە بە ژینگەپارێزێكی هەژار دەڵێت: ئەو ئاڵایە بەسەر سنگتەوەیە، لەژێر ئەو ئاڵایەدا تۆ بەم شێوەیە بەكولە مەرگی دەژیت و مووچەت وەرنەگرتووە؟.
مەبەست لەو پرسیارانە زۆر ڕوونن، مەبەست لەڕەخنەكان داخ لەدڵی و ئامانج لێیان ڕووخاندنە. بۆیە من پێشنیار دەكەم، لەئێستاوە تاكو ڕۆژی سەربەخۆیی كوردستان، تۆمارێك بكەینەوە بۆ ئەرشیفكردنی هەموو ئەو كەس و لایەن و دەزگایانەی بەشداری دەكەن لەڕشتنی ئەو ڕق و ژەهرەدا و خەڵك بێ ئومێد دەكەن و هانی پێدادانی حیزبەكان و خۆڕادەستكردن بەدوژمنان دەدەن. ژەهرنامە، ڕۆژ بەڕۆژ بەردەوام بێت تاكو ڕۆژی سەربەخۆیی كوردستان، ئەوجا با نەتەوەی كورد لەدادگایەكی كوردستانی و بەیاسای كوردی، هەق و حساب لەگەڵ خاوەنەكانی ئەو ژەهرانەدا بكات.