حەمەسەعید حەسەن
(٣)
هڕۆماننووســـی ســـەرکەوتوو، تۆلســـتۆی وەک نموونە، وێنەی کارەکتەرەکانی وەها دەکێشێت و باسیان دەکات و ناخیـــان دەخاتـــە ڕوو، ئێمـــەی خوێنەر وا هەســـت دەکەین، هێندە لە نزیکەوە دەیانناسین، وەک ئەندامانی خێزانێک بین، کەچی میران ئەبراهام هەرچەندە باســـی کەسانێکی کردووە ناســـیومانن، کەچی هەندێک جار بە بێگانەیان دەزانین. لە (شـــەڕ و ئاشـــتی)دا، تۆلستۆی باســـی قۆناغێکی مێـــژووی گەلـــی ڕووس دەکات، ئەو ســـەروەختەی لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا، ناپلیۆن پەلاماری وڵاتەکەیان دەدات، بەڵام ڕۆمانەکە بەشێک نییە لە مێژووی ڕووسیا لە ماوەیەکی دیاریکراودا و هیچی تر، ئاخر لەڕێی (تایبەت)ەوە باســـی (گشـــت)ی کردووە و گەلانی دنیایش خۆیانی تێدا دەبیننەوە، بەچاوپۆشـــین
لەو قۆناغەی پێیدا تێدەپەڕن.
لایەنێکی جوانی خانەقای میرزا ئەوەیە، نووســـەرەکەی توانیویەتـــی هونەرمەندانـــە ڕووداوەکان پێکـــەوە گرێ بدات، هەرچەندە ســـاڵانێکی زۆر بەسەر ئەو ڕووداوانەدا تێپەڕیـــون. ڕۆمانی خانەقای میـــرزا کۆمەڵێک چیرۆکن، میـــران ئەبراهـــام بە داوێکـــی باریک ئـــەو چیرۆکانەی پێکەوە گرێ داوە و ڕۆمانێکی لێ ئەفراندوون. نووســـەر با دۆستۆیڤســـکییش بێت، ئەگـــەر زوو زوو ڕۆمانی بڵاو کـــردەوە، ئەگەری ئەوە بەهێزە، لاقـــی ببێت بە تەڵەی
هەڵەی هونەرییەوە.
ڕۆماننووســـێک یادی بەخێر، پەرەگرافێکی نووسینێکی منی گواســـتبووەوە ناو ڕۆمانێکی، کە پێم گوت: دەبوو ئاماژەت بە سەرچاوەکەی دابا، گوتێ: ئەوەی بۆ چییە، من و تۆ برادەرین! کە پاســـاوەکەیم نەسەلماند، گوتی: ئێ لەسەری بنووســـە! میران ئەبراهامیش لە (خانەقای میـــرزا)دا، ملی هەمـــان ڕێی گرتـــووە، دوو پەرەگرافی نووسینێکی منی: (کانیی ماســـی هەواری کەنار شاری بکوژان) بۆ ناو ڕۆمانەکەی گواستووەتەوە، بەبێ ئەوەی ســـەرنجی خوێنەری بۆ سەرچاوەکەی ڕاکێشابێت. ئەوی گومانی لەم زانیارییە هەیە، با سەیری نووسینەکەی من کە 2001 نووســـراوە(*) و لاپەڕەکانـــی 331 و 332ی
ڕۆمانی خانەقای میرزا بدات کە 2023 بڵاو کراوەتەوە.
خانەقای میرزا چەند دەیەیەک لە مێژووی نوێی سلێمانی دەگێڕێتەوە، گێڕانەوەیەکی بەگشـــتی ســـەرنجڕاکێش و چێژبەخش کە خوێنەر بە خۆیەوە گرێ دەدات. خۆ ئەگەر خوێنەرەکە وەکوو من، لە سلێمانیدا ژیابێت، شایەتحاڵی زۆر لـــەو ڕووداوانە بووبێت کە باس دەکرێن و گەلێک لە کارەکتەرەکانی لە نزیکەوە ناسیبێت، ئەوا چێژێکی زیاتر لـــە ڕۆمانەکە وەردەگرێت و بـــە تامەزرۆیییەوە درێژە بە خوێندنەوەی دەدات. ئـــەوەی هەندێک جار ڕۆماننووس، ئیـــدی بـــا (مارکیز)یش بێـــت، بکەوێتـــە غەفڵەتەوە، چاوەڕوانکراوە. میران ئەبراهام کە کێشە ناوخۆیییەکانی حیزبـــەکان دەگێڕێتەوە، چونکە پشـــتی بە (زانیاری)ی نادروســـت بەســـتووە، هەندێک جار تووشی هەڵە بووە، هەر بەم هۆیەشـــەوە ســـتەمێکی زۆری لـــە هاوڕێیانی حیزبی شیوعیی عێراق کردووە، ئاخر هەر چی لە دژیان
بیستووە، خۆشباوەڕانە تۆماری کردووە.
(ژوورێکت لە شـــار، لە دڵمدا بۆ چراخان ئەکەم، شەو و ڕۆژ ڕووناک بێت، تا پێکەوە پیروخەڕۆ ئەبین، شـــیعرت بۆ ئەهۆنمەوە.) گوایە ئەو ڕستە لاوازانە، نامەی دڵدارییە و شـــاعیرێکی گەورەی کورد نووســـیویەتی. زوومەکەیم نەچرکاند، چرکانـــدن پێوەندیی بە زوومـــەوە نییە، بۆ کامێرا دروســـتە، زووم وێنەکە دێنێتە پێشەوە. جەڵدەی دەماخ، جەڵتە دروستە. تەســـکییە نا، تەزکییە.سوتفە نا، ســـودفە. تووکی ڕیش و ســـمێڵ، مـــوو نەک تووک. جلیکانی نایلۆن نا، پلاســـتیک. هەڵوێستەیەکی کرد نا، هەڵوەستەیەکی کرد. سەیارەی فۆرد، نەک فۆرت. بایەم نا، بادام، مەمەنگ نا، مەمەند. شەشـــی ئەیلوولی 1930 زیاتر لە دوو ســـەد کەس لە بەردەرکی سەرا دەکوژرێن! دوو ســـەد نەبوون، ژمارەی قوربانییەکان لە بیســـتیش کەمتربوو، (دوو سەد)ەکەی بە نووسین نووسیوە، نەک بە ژمارە، تا وای بۆ بچین سفرێکیان هەڵەی چاپە. ساڵی پەنجاکان هەڵەیە، ساڵانی پەنجا دروستە. لووتژەن بووم و حەزم دەکرد هەموو شـــتێک بزانـــم، لووتژەن هەڵەیە،
کونجکۆڵ: فزووڵییە.
*
() حەمەسەعید حەسەن، ئەو وشانەی دونیایان هەژاند، ل162 و 163 () حوار علاء المفرجی مع شاکر نوری، جریدە المدی.
(**) الأدب الروسی فی القرن التاسع عشر