حەمەسەعید حەسەن
ڕۆمانی دیرۆکی
(2)
هەندێک جۆری بەناو ڕەخنەی ئەدەبی هەن، بوون بە هەوێنی ڕەزیلکردنی ســـنعەتەکە، لەوانە: ڕەخنەی دۆســـتانە، کابرا چونکە دۆستی نووسەرەکەیە، زوو زوو هەڵسەنگاندنی دۆستانە بۆ ڕۆمانی دەکات، یان چونکە سەر بە تاقمی شاعیرەکەیە، هەر کۆشیعرێکی ئەو کەوتە بازاڕەوە، ڕەخنەی برایانەی ئەم حازرە. یان ڕەخنەگری دلۆڤان و ڕەخنەلێگیراوی بەختەوەر هاوحیزبن، یان گرێبەســـتیان لەنێواندا هەیە، ئەم لەســـەر بەرهەمی ئەو دەنووسێت، ئەویش لەسەر بەرهەمی ئەم، ئاوایە
ڕێگەی ڕێبوارانی ڕەخنەی مارانە.
ڕێبازێکی ڕەخنەییی نوێ هەیە، ڕەخنەی ژینەگەییی پێ دەڵێن، بایەخ بە پێوەندیی نێوان ئینســـان و سروشـــت دەدات و باس لە چۆنیەتیی هەڵســـوکەوتی ئینســـان دەکات لەگەڵ سروشـــت و گیانەوەراندا و سێگۆشەی نینسان، سروشت، گیانەوەر بەســـەر دەکاتەوە. جۆرە ڕۆمانێک هەیە، دەتوانین ناوی بنێین: ڕۆمانی ئینســـیکلۆپیدیایی، تێیدا ڕۆماننووس بەدەم گێڕانەوەی ڕووداوەکانەوە، زانیارییەکی زۆر دەربارەی بابەتی ڕۆمانەکەی نمایش دەکات، بەبێ ئەوەی لێ بگەڕێت،
خوێنەر وەڕس ببێت.
بۆ ئەوەی ڕۆمانەکەت کاریگەری لەسەر خوێنەر بەجێ بهێڵێت، پێویستت بەوەیە بە زمانێکی جوان بینووسیت، نووسینی جوان ئەوە نییە بە وێنەی شیعری بیڕازێنیتەوە، یان وەک دەگوترێت زمانەکەی گوڵگوڵی بێت، دەشێت زمانی نووسینت لـــە هی ڕۆژنامەنووســـێکی لێزان بچێت، بـــەڵام بەهۆی دەربڕینی جوان و ڕیتمی گوتەکانـــەوە، خەیاڵ و فیکری خوێنەر
بدوێنیت، یان تەنانەت بهەژێنێت، چیخۆڤ ئەو توانایەی هەبوو، بۆیە دنیای داگیر کرد.
بۆ ئەوەی دارستانەکە ببینین، پێویستە لێی دوور بکەوینەوە، یان وەک جیمس جۆیس گوتوویەتی: بۆ ئەوەی دەربارەی دبلن بنووسم، لێی دوور دەکەومەوە. ئەوە بۆیە لە تاراوگەوە، بەزەبری تامەزرۆییمان بۆ نیشتمان، جوانتر وێنەی نیشتمان دەکێشـــین. خانەقای میرزای میران ئەبراهام، ڕۆمانێکی دیکەیەتی کە تێیدا دیســـان لە دوورەوە سلێمانی دەنووسیتەوە. با باســـی ڕابردوویش بکەین، هەر دەتوانین بەدەم گۆڕانەوە واقیع بگێڕینەوە، ئاخر مێژوو کاریگەریی لەســـەر ئێســـتا و داهاتوویش هەیە. ڕۆمان با دیرۆکییش بێت، چونکە بە خەیاڵ ئاو دراوە، نە تۆمارێکی تۆز لێ نیشتووە، نە ئەرشیفێکی
پشتگوێخراو. نووسەر ئەگەر واقیع کۆپی بکات، ئەوەی بەرهەمی دەهێنێت، ڕۆمان نییە، ڕاپۆرتە.
ڕۆمانننـــووس مافی ئەوەی نییە لەڕێی حیکایەتخوانی هەمووشـــتزانەوە، تەواوی ڕازەکانـــی ناخی کارەکتەرەکانی بخاتە ڕوو، بەبێ ئەوەی لێ بگەڕێت، خۆیان قســـەی دڵیان بکەن، ئاخر ئەوە دەکەوێتە خانەی زەوتکردنی ئازادییەوە. ئەگەر هەســـتمان کرد کارەکتەرەکانیمان ناســـیوە، تەواو وەکوو کەسانی ناســـیاومان بن، ئەوە ڕۆمانننووسێکی لێهاتووە، من زۆربەی کارەکتەرەکانی ڕۆمانی خانەقای میرزام دەناســـی و زانیاریم لەبارەیانەوە هەبوو. خەوشـــی سەرەکیی ڕۆمانەکە لای من ئەوەبوو، میران ئەبراهام بە دەســـتپاکییەکی تەواوەوە، کارەکتەرەکانی نەناســـاندووە، وەک نموونە، ســـتەمێکی زۆر لە مامۆســـتا یاســـین کردووە، ستەمێک تا ئاستی ســـووکایەتی پێ کردن، هەرچەندە نموونەیەکی باڵا بوو. من هیچ مامۆســـتایەکی خۆمم لەیاد نییە، کاریگەرییەکی ئەرێنیی لەســـەرم بەجێ هێشـــتبێت، مامۆســـتا یاسین نەبێت، کەچی ڕۆماننووس گاڵتەی بە عەقڵی و بە ڕەوتاری کردووە، یان ئەگەر لەگەڵ ڕۆماننووسدا نەرمونیان بم و پاساو بۆ ئەو کارەی
بهێنمەوە، دەڵێم: سەرچاوەی زانیارییەکانی لەبارەی ئەو کارەکتەرەوە، کەسێکی درۆزنی قین لە دڵ بووە.
دۆستۆڤیسکی کە زیندانیی سیاسی بووە، لە ڕۆمانی (بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان)دا، خۆی پێ باڵاتر نەبووە لەوانەی لەبەر یاساشـــکێنی زیندانی کراون. میران ئەبراهام وەک پێویست ڕێزی لە مامۆستا یاسینی زیندانیی سیاسی نەگرتووە، هەرچەندە لە زیندانەوە لەبەر ئەوەی خەباتگێڕێکی سیاســـی بووە، بە مەرگ ســـزا دراوە. ئەوە ئاسایییە نووسەر وێنەی کارەکتەرێکی لاواز بکێشـــێت، بەڵام نابێت ئەو کارەکتەرە، کەســـایەتییەکی ڕاستەقینەی بەهێز بێت. برایانی کارامازۆڤی دۆستۆیڤســـکی، یەکێکیان کەســـێکی لاوازی بەدڕەوشـــتە، یەکێکیان ئاوەزی هەژارە و خراپ بیر دەکاتەوە، ئەوی تریان کەسێکی هۆشیاری خاوەن ویستێکی بەهێزە، نووسەر لەڕێی ناساندنی سێ برای جیاوازەوە، جڤاکێکی پێ ناساندووین.
درێژەی هەیە