پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

جەوهەری .. عیشق

ئازاد پێنجوێنی

ئەوئێوارەیە پڕوشەی بەفرو گوڵ سرتەیان دەهات لەگەڵ گڤەی ـ با ـ دا.
باخچەیەکیش پڕی دارودرەخت، تەڕتەڕ بەتکەی باران ئامێزی کردۆتەوە بۆ ژوانێک کە بەنیازە لەگەڵ خۆیدا دوو ڕۆح بەیەک ئاشنا بکات .
بڕیار وایە بەبیینی ، ئەوبەیەک جاری لەناو چاوەکانیدا بنیشێتەوە.ئاخرئەوەندە شەیدای بوە چەشنی باڵندەیەک خۆی دەبینێ کە هەست دەکات بۆدواجار هێلانەی ژینی خۆی دۆزیوەتەوە و دەیەوێ لەناو چاوەمەست و زەردباوەکانیدا کۆتا هەناسەی بکاتە ئازادی لەنێو فڕینی هەورەکان .
عارفەکان دەرگای هیوایان لەبەهەشتی ئاسماندا بۆدەکرێتەوە. ئەوەتا ئەم دەرگای بەهەشتی لەسەرزەمین لە دڵی ئەودا بۆخراوەتە سەرپشت.
ناهەقی نیە هەنگاوی خێرا دەنێت و بەڕێوەیە بچێت بۆلای ئەو.
کە لەڕۆحیدا فریشتەیەک خۆی حەشارداوە. خۆئەگەر باڵندە بوایە ئەوا تاوس دەبوو یا نەوڕەس. ئاخر هەموو ڕەنگەکان لەسیمایدا ئاوێتە بوە. هەرچەندە ڕەنگی سپی هەمووگیانی تەنیوە و لەبەفر دەچێت .
ئەمیش پیاوێکە زۆر بەگرانی دەزانێ بچێتە بەردەمی و نەلەرزێ یان زمانی نەیگرێ و پرتەپرت نەکات. بەهەرحاڵ هەردەبێ بچێ . کێ دەتوانێ بەهەشت ڕەت کاتەوە. با زمانیشی ببەسترێ. بەچاو پێی دەڵێ، با چاویشی لەئاستیدا شەرم بکات. بەهەستەکانی ناخی پێی دەڵێ کە لەخۆمم خۆشتر دەوێی .
ژنێک لەژێر چەند درەختێکی باخچەکە چاوەڕێیە. چاوە جوانەکانی لەسەردەروازەی سەرەکی ڕاگرتوە. جارجارە نەبێ بەدەنگی پێی ڕێبوارانی نێو باخچەکە یاخود کۆکەیەکیان ئاوڕدەداتەوە، دەنا هۆش و بیر و بینینی لەناو دەروازەی سەرەکی باخچەکە چڕکردۆتەوە. چاوی ناتروکێنێ. دوو هەنگاو پێش خۆی کۆمەڵێک گوڵی مۆربەچەند لقێکی داپۆشراوی پەرژینەکانی لێواری باخچەکەوەن. زۆر بەڕوونی لەگلێنەی چاوەکانیەوە گوڵەکان دیارن کە چۆن ـ با ـ سەمایان پێدەکات .
ڕووخساریشی بەکەوتنە خوارەوەی تکەمی باران و شەونمی گەڵاکانی سەرسەری بەتەواوی تەڕبوە.
سات ناساتێکیش کە بایەکە نامێنێ. هەرچی گوڵی باخچەکەیە لەنجەولار دەکەن و ناوەستن لە لەرینەوەیان، وەک ئەوەی بیانەوێ پێشبڕکێی جوانی لەتەک ڕووخساری ئەم ژنەدا بکەن.
بەخوا ناهەقیان نیە ،،،،، گوڵەکان وادەکەن.
لەجوانی ژنێک ڕاماون و ڕاناوەستن.سەمادەکەن.
بەژن وباڵا ڕێکەکەی و میهرەبانیەکەی کەسایەتیەکی بەهێزیان پێبەخشیوە. ڕێک وەستاوە و بێ جوڵە، چەشنی سەربازێک لەبەردەم ئەفسەرەکەیدا .
دڵەڕاوکێ و خێرایی دڵی و ترسێکی لەڕادەبەدەر باڵی بەسەرداکێشاوە. ئاخر سات ناساتێ سەیری موبایلەکەی دەکات. تەواو هەست بەلەرزینی دەستی دەکرێت.به‌ڵام هەموو ئەمانە نەیتوانیوە بينوشتێنێتەوە. وەک ژنێکی ڕەسەن دەردەکەوێ و ویقاری پێوە دیارە .
زۆربە جوانی چاوەڕێی دەکات ،، هاکا زەنگی موبایلەکەی لێدرا و گوێبیستی دەنگی بێ و پێی بڵێ ئەوەگەیشتم ئازیز .
ئەمیش هێشتا نەهاتوە، بەخێرایی ڕێگا دەبڕێ و لەبەرخۆیەوە دەڵێ:ئەم ئێوارەیە من ئەنفال دەکرێم. چەند جوان و پڕۆسەیەکی مانەوەیە سەرلەنوێ بۆخۆ نووسینەوەم . ئەی ئەوەنیە هێشتا بەدیداری نەگەیشتووم خۆم پێنەماوە .
لەگەڵ هەرهەنگاوێکدا ئەم دێڕەی دەگووتەوە.
بڕیاریشی دابوو،شتی دونیایی لەخۆی کۆنەکاتەوە . زۆربەجوانیش بەدیار ئەو ئێواریەوە دابنیشێت .چونکە ئەستێرەی تیادا هەڵدێت .
ئاخر شاعیرێکی غەمبار و بەهەڵوێست بۆ ئەنفال وای نوسیبوه‌ : ‌‌(١) بەدیار ئێوارەیەکەوە دامەنیشن، ئەستێرەی تیادا هەڵنەیەت. هەڵبەتە ڕاستی دەکرد، چونکە ئەوئەنفالەی شاعیر باسی دەکات قێزەونە و گۆزەی ئاوەکان شکاوە و هەرچی مینا هەبوە بردویانە بۆخۆیان.بەڵام ئەنفال کردنی ئەم، چەندین گۆزەی پڕ لەئاوی سازگار لەبەردەم پێیەکانی ئەودا وەک کانی تەقیو فوارەی بەستوە و تینویەتی دەیان ساڵەی ئەوینی پێ دەشکێنێ.
کەواتە دەبێ بەپێی خۆم بڕۆم بۆئەوەی هەربەزوویی پڕۆسەکە ئەنجام بدرێت .
لەهەنگاونانیدا بەردەوام ئەم دێڕەی دەگووتەوە :
ـ چی ڕوودەدات، باڕووبدات. خەم ،، خۆمن دەتوانم لەم ئێوارە بەدواوە ئەوینداریم بفڕێنم بەرەو ئاسمان .
نمەنمە باران دەباری. بایەکی سارد یاری بەچڵی درەختەکان دەکرد. تەواوی گەڵاکان بەریەک دەکەوتن وەک ئەوەی یەکدی لەئامێزبگرن.
لەرینەوەی سەرپۆشە جوانە ڕەنگاوڕەنگەکەی سەری خاتوون بێبەش نەبوو لەو بایەسەنگین وسالاره‌. بەشێکی زۆری قەمسەڵە و بلوسە ڕەشەکەی تەڕبوە لەگەڵ دامێنی کا و بۆ شینە ئاسمانیەکەی کەنوساوە بەڕانە پڕەکانیەوە.
ئەو ژنە هەرلەچاوەڕوانیدایە .
ئەم پیاوەش دڵی ئەوەندە خراپ لێیدەدا هەستی دەکرد دەکەوتە ژێرپێیەکانی و خێرا هەڵی دەگرتنەوە و دەیخستەوە شوێنی خۆی.
ـ وەرەوە شوێنی خۆت. چونکە تۆ هی کەسێکی تری، گەمژە ،، ئەمەی بەدڵی گووت. ،،
بەتەواوی شپرەزە ببوو. بەڵام زۆر دڵخۆش. ناهەقی نیە شپرزە ببێ.ئاخربۆیەکەم جاریەتی ژوانێکی لەوجۆرە و بەدەستهێنانی ژنێک کە ڕۆحیان بەدوای یەکدا ساڵانێکە دەگەڕێ کەچی لەژیاندا چاویان بەچاوی یەک نەکەوتوە. جارێک نەبێ دوراودور لەبەردەرگای ماڵی خاتوون کە چەند تێڕوانینێک و کەمێک زەردەخەنەو مشتێک باران. دواجاریش بەناچاری لەچەند چرکەیەکدا دورکەوتونەتەوە لەبەردەرو دراوسێ .
ئیدی دڵ ناهەقی نیە خێرا لێبدات و لەسەرخۆی نەبێ .چونکە بینینی ئەم جارە جیاوازە. مانەوەیە لەناو دڵێک بۆهەتاهەتایە .
قاچی ڕاستی هەڵبڕی بۆسەرشۆستەیەکی بەرز، نەیتوانی و وەستا لەشوێنی خۆیداو هەناسەی توند بو قومێک ئاوی لەودەبەیەی کەپێی بوو خواردەوە. لەوکاتەدا چاوی چوە سەردارێکی بەرز کەهێلانەیەکی بەسەرەوە بوو، کۆترێکی باڵ نەخشین ملەقوتەی بوولەناویدا.
ـ ئای کۆتری داماو پێدەچێ ئەم ئێوارەیە تۆش چاوڕێی ژوانێک بکەیت و حەزبکەیت لەلایەن کۆترە مێینەیەکەوە ئەنفال بکرێییت .. تا بە ئەوینەوە بفڕیت.
لەبەرخۆیەوە ئەمەی گووت .
گوڕی دایە خۆیی و بەردەوام بوو لەڕۆيشتن .
کەشێکی ساردو بەفری زۆری شاخەکان و ناوشار کۆتایی ڕۆژ هۆکاربوون بۆ بوونی بایەکی بەهێزو سەرمایەکی توند. بەڵام هەمووئەمانە ڕێگر نەبوون لەبەردەوامی هەنگاوە خێراکانی.
هەروا لەبیرکردنەوەدا بوو چۆن بتوانێ ڕووبەڕووی ببێتەوە . ئاخر ئەوکەسەی بۆلای دەچێت ئەوەندە نازدارە پەردەی شەوی ڕەش لادەبات لەسەرچاو .
ڕوانیە ڕیزە دوکانەکان. لەمەسافەی ڕۆيشتنەکەیدا فەرش و لوقمە قازی و داوودەرمان و پاقلاوەو سەرتاش و نوسینگەی خانوبەرە و چەرەسات و ئەشیای ناوماڵی بەخێرایی لەسەرچاوی لادەبردن . کاری بەوانە نیە و ناشیەوێ بزانێ چی دەگوزەرێ لەوشەقامە هەرز وچاویشی دەخستەوە بەردەم پێیەکانی تا ئاگای لەخۆی بێ شتێک نەقەومێ و قوڕبکا بەسەری خۆیداو نەتوانێ بەم ژوانە بگات .
گەیشتە کۆتایی دوکانەکان لەبەردەم دوکانێکی خواردەمەنی گیرسایەوە .
ـ لەوانەیە خاتوون برسی بێ ونانی نەخواردبێ. گریمان خواردبووشی ،شورەییە بۆمن شتێکم بەدەستەوە نەبێ. ئەمەشی لەبەرخۆیەوە گووت:
ـ سڵاو بەئەرک نابێ دولەفە گۆشت و دولەفە مریشکم بدەیتێ ،
ئەمەی بەشاگردەکە گووت ،،
چاوەڕێی کرد تاوەکو بۆی ئامادە بکەن .چووە ناوخەیاڵاتەوە . ئەوشەقامەی ئەمی لێبوو سەد مەترێکی مابوو بۆ باخچەکە . بەڵام چاوی دەگێڕا بۆخاتوون، چاوەکانی نەدەتروکاند . تەواوی شۆستە و شەقامە قیرەکەی لێبوبوو بەچیمەن و پەرژین و دارەکان.وایدەزانی لەناوباخچەکەدایە”
ـ کوا بۆدیارنیە ئەوژنەی کە بەبینینی دەبم بەخۆی.
شاگردەکە بەئاگای هێنایەوەو لەفەکانی پێدا، ئیدی زانی هێشتا ماویەتی بچێتە ناوباخچەکەوە. تنها خەیاڵێکی ڕۆمانتیکیانە بوە لەزهنیدا دروست بوە.
لەوساتەوە ئەم ژنە دەبینین لەشوێنی خۆی نەجوڵاوە، زۆر بە نەرمونیانی هەرلەژێر دارەکاندایە. پێویست دەکا هەرلەوێدا بێ. چونکە بوەتە ئاوەدانی بۆتەواوی باخچەکە و چاوەڕێیە تا ئەم دێت بۆلای.دواجار ئەم وەڕێکەوت بۆباخچەکە چەشنی ئەو.
ئەمیش لەسەرخۆی نەمابوو و هەناسەی توندببوو. هێشتا نەگەیشتۆتە باخچەکە ترس و شەرم بەڕووخساریەوە دیارە .
ـ خودایە هێزم پێببەخشە نەک لەبەرئەوەی ئیدی کۆتایی خۆمە لەئەوینی بۆمن، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەم ژنە شکۆی هەیە و ڕاوەستان یاخود دانیشتن لەتەنیشتیەوە جەوهەری پێویستە “بەهەناسە بڕکێوە ئەمەی گووت ،،
هەرچۆنيك بوو گەیشتە ناودەروازەی باخچەکە و لەشوێنی خۆیدا وەستا. بەخێرایی ڕوانی بە باخچەکەدا دەیویست پێش دارودرخت وگوڵەکان خاتوون ببینێ. هەستیشی دەکرد ئەم باخە لەباخێکی ئەفسوناوی یان باخەکانی بەهەشت دەچێت، پێشتر ئەم باخەی دیوە، بەڵام وەک ئێستا نا .
چەند مەترێک هەنگاوی نا لەبەردەم ئاوی کۆکراوەی بارانی سەرچیمەنتۆی ناو باخەکە وەستا خۆی تێدابینی. دەستێکی هێنا بەسەروڕیش وقژیدا. یەخەی بلوسە سپیەکەی ڕێک کرد و زنجیری قەمسەڵە ڕەشەکەی کردەوە .سەیرێکی ئاراستەی ناودارەکانی کرد. خاتوونی بینی کەچۆن بەجوانی بۆی پێدەکەنێ و دەستی بۆبەرزدەکاتەوە وەک ئاماژە کە ئەوەتا چاوەڕێیەتى ئەم پیاوه‌. لەژیانیدا یەکەم ڕووبەڕووبونەوەو ژوانیەتی بۆژنێک کە لەیەک ساتدا دەش گریا و پێدەکەنی .
چاوەکانی لەسەرئەو ژنە هەڵنەگرت. دەتگووت یەکەم جاریەتی لەژیانیدا مرۆڤ ببینێت. بەدەنگێکی نزمی ناخی گوێم لێبوو بەمنی چیرۆکنووسی گووت ؟
ـ ئیدی هەرچیەک بنووسی بێسودە. من گەیشتم بەوەی کەبینیم .بڕوانە چۆن لەبەردەم قیبلەی چاوەکانیدا بارانی عیشق دەبارێت. پێویست ناکا بنووسی. کەمێکی تر لەبەردەمیدا هەڵدەوەرم.بەقسەییم نەکرد. هەڵبەتە نابێ بەقسەی بکەم.
بەردەوام بووم لەنووسین.
دووبارە سەریدانەواند تاجارێکی تر لەئاوەکەدا خۆی ببینێ بزانێ ئامادەیە بۆئەوەی بەڕێزەوە بەدیداری ڕۆحی ئاشناببێ.
کەچی وێنەی لەئاوەکەدا نەما. سەیرە نەپیاوەکەم بینیەوە نە باخچەکە. ئينجا زانیم ئەو ژنە هەردووکیانی لەناو چاوەکانیدا شاردۆتەوەو ئاوێتەی ڕۆحی خۆی کردون .
بۆیە منیش هیچم بۆ نەنووسرا جگە لەوەی بنووسم ئەمەیە ،، جەوهەری عیشق.

(1) ـ دێڕی جەمال غەمباری شاعیرە