منداڵە‌كە‌ت وە‌ك خۆت پە‌روە‌ردە‌ مە‌كە‌

شاخوان عەلی حەمەد مامۆكی

ڕەنگە قبوڵكردن و بەهەندزانین و وەرگرتنی ئەم دەستەواژەی سەرەوە بۆ كەسانێ زۆر قورس و گرانبێ ئەگەر بیانەوێ قسە لە سەر كەسایەتی و هەڵسوكەوتی منداڵ بكەن.چونكە هەندێ دایباب بەبێ تێگەیشتن و خوێندنەوەی ئەو چەمكە هەر زوو چەوت و راست بەسەر تەواوی بابەتەكە دادێنن و ڕەتی دەكەنەوەو پاساو بۆ ئەو هەڵوێستەیان دەهێننەوە كە ئەوان زاناو داناو شارەزان، ئەزموونیان هەیەو دەزانن چی دەكەن، پەنا دەبەنە بەر چی و چۆن منداڵەكەیان بەئاراستەیەكی راست و تەندروست دەبەن. بەو شێوەی لەدیدگاو هزرو زەین و تێڕوانینی خۆیاندا بەوەی تێیگەیشتوون، وێنەی داهاتوویەك بۆ رۆڵەكیان دەكێشن و بینایان دەكەن.

بەواتایەكی دیكە منداڵەكەت ناچار بە شتێ مەكە، كە بۆ ژیان و بیركردنەوە و تێگەیشتنی تۆ، تا دوێنێ شتێك بوو، كەچی ئەمڕۆ ژیان پێی ناوەتە قۆناغێكی تر، وشتەكان شتێكی ترن. خلەوەشدا ناكرێ خەیاڵكردن و بیركردنەوەی من، خودی منداڵەكەم ناچار بكات وەك من بیر بكاتەوە. لەكاتێكدا ئەو لەقۆناغێكی دیكە و بیركردنەوەیهكی دیكە و سەردەمێكی تازە لەگەڵ گۆڕانكارییەكان هەنگاو هەڵدەگرێ .ئەوەش بەو مانایە نیە بەجارێ فەرامۆش بكرێ و بەپێی ئەقڵی
كە ئەزموونی كەمە، ئامۆژگاری و دەستگرۆیی نەكرێ كە چی پێ باشە، چی پێ خۆشە، ئەوە بكات.، با ئەو شتەیش خراپ بێت. نانەخێر ئەركی بەرپرسیاری و خاوەندارێتی دایك و باوكە بەپێی ئەزموونی خۆیان لەنزیكەوە ببنە چاودێر بەسەر مناڵەكەیانەوە. بەتێگەیشتنێكی لۆژێكی و سەردەمیانە ئەو ئەزموونەی هەیانە ئاوێتەو تێكەڵ بەو پەروەردەی بكەن كە هەم منداڵەكە شتەكان قبوڵ بكات و هەم ئەوانیش بەو پەروەردەیە دڵخۆش بن كە ڕەنج بەخەسار نین.

لەنموونەیەكی زیندوودا، ئەگەر دایك و باوك بۆ كات و ساتی خۆیان هەر بەپێ هاتووچۆیان كردبێ، ئیدی پیویست بەوەیە منداڵەكەیان ناچار بكەن وەكو ئەو رابردووەی هەیانە دەبێ ئەویش وەكو ئەوان بەپێ هاتوچۆ بكات.وەك چۆن رەنگە لەنەبوونی چەند خواردنێكی دیاریكراویان هەبووبێ وخواردبێتیان، ئێستاش لەو هەبوونیە و زۆر شتەی بەردەستە، منداڵەكەیان ناچار بكەن جگە لەو خواردنانە نابێ شتیتر بخۆات. چونكە ئەوە رابردووی ئەوانە، دەبێ ئەویش تاڵیەكانی رۆژگار بچێژێ. هەروەك چۆن پێشتر ئەوانە بۆیان نەبووە لە دەوروبەری ماڵەوەیاندازیاتر به هیچ لایهكدا بڕۆن، ئیدی ئەو منداڵەش بۆی نەبێ جگە لەو دەوروبەرە بەهیچ لایەكدا بڕوات و برادەرایەتی هیچ كەسێكیش بكات و زۆر شتی تریش ئەگەر
بمانەوێ بەراوردی دوێنێ بەئەمڕۆی پێ بكەین.

هەڵبەتە لەپرۆسەی پەروەردەو پێگەیاندندا سێ شت دەكرێتە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی هەر كارێ ئەگەر بمانەوێ ئەنجامی بدەین، ئەویش:
یەكەم: زمان

دووەم: زەمان

سێ: زەمینە

پەروەردە لەڕووی زمانەوە:

وشەی پەروەردە قسەگەلێكی زۆر هەڵدەگرێ و بیرمەندان و پسپۆرانی بواری پەروەردە هەر یەكە لەڕوانگەیەكەوە خوێندنەوە و شرۆڤەی ئەم وشەیه ی كردووە، كە ئێمە دەكرێ لە دێڕێكدا چڕی بكەینەوە و بڵێین:” پەروەردە پرۆسەیەكی درێژخایەنە، كەتەلۆكێكە، شاڕێگەو رێنماییە بەئاڕاستەی ژیانێكی جوان و گونجاو كە ئەو كەسە بتوانێ خزمەتی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێ بكات لەو شوێنەی تێیدا دەژێ”.

پەروەردە لەرووی زەمانەوە:
وەك لەپێشەوە ئاماژەمان پێیدا، زەمان بەراوردكردنی قۆناغێكە بەقۆناغێكی تر. لەوەشدا نابێ رابردوو بكرێتە پێوەر بۆ بڕیاردان لەسەر كەسایەتی منداڵ و پەروەردەكردنی بەو جۆرەی كە لەرابردوودا پێیدا گوزەری كردووە. لەكاتێكدا سەردەمی تەكنەلۆژیا هەموو شتەكانی خێرا كردوە كە ئەوەش خۆگونجاندنی گەرەكە، بەخودی ئەوانەیشی پێشتر لەرابردوو ژیاون. بەواتایەكی

دیكە لەسەردەمی ئەوان ئەو شتانە نەبووەو پێی وابێ نابێ خۆی بەو سەردەمە وابەستە بكات.
پەروەردە لەڕووی زەمینەوە:

ئەوەش زیاتر زەمینەسازی ئەو شوێن و جێگەو ژینگەیە لەخۆ دەگرێ كە تێیدا دەژێ تا چەند دەتوانێ خۆێ لەگەڵ ئەو ژینگەیە بگونجێنێ. چونكە ژینگەكان لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر جیایە. ژینگەی لەبارمان هەیە، ژینگەی میانڕەومان هەیە، ژینگەی توندوتیژمان هەیە كە مرۆڤەكان لەوەیاندا هەمیشە توڕەو سەرگەرمن. كە ئەوەش تارادەیەكی زۆر پەیوەندی بەكەش و هەواو گەرمی وساردی و تێگەیشتنی ئەو شوێنەوە ھەیە.

كەواتە ئەركی دایك وباوكە بەپێی زمان و زەمان و زەمینە، رۆڵەكەیان بەپەروەردەیەكی راست و دروست ئاڕاستە بكەن و هەرگیز رابردووی خۆیان بەسەر منداڵەكانیان نەچەسپێنن كە ڕەنگە رەنگدانەوەی نەرێنی و خراپ بەدوای خۆیدا بێنێ. ئەوەش پێویستی بەزیرەكی و شارەزایی و لێهاتووی دایك و باوكە كە ئەزموونی ژیان و رابردووی خۆیان لەگەڵ ئەو قۆناغە تازەی منداڵ بگونجێنن.