من لێرە‌وە‌ تامی نیوە‌ڕۆخوانە‌كە‌ی مە‌سروربارزانیم كرد

مە‌شخەڵ كەوڵۆسی

لەدوای ئەوەی ئەمریكا بەبۆمبی ئەتۆمی ژاپۆنی كرد بەگۆمی خوێن و بۆ هەتاهەتایە تەنانەت جیناتی خەڵكی ناكازاكی و هێرۆشیمای گۆڕ، بۆ سەدان ساڵی تر منداڵی تێكچوو لەدایك دەبن و دەبنە كێشەی مرۆیی بۆ كۆمەڵگەی ژاپۆنی.
لەدوای ئەوەی بۆیەكەمجار بۆمبی ئەتۆمی مرۆڤایەتی فێری مۆدیلێكی دڕاندانەی كوشتن و تۆقاندن كرد و، وایكرد پێشبڕكێیەكی چەكسازی سەرتاپایی لەجیهاندا بێتە كایەوەو، وڵاتانی جیهان بە سەدان ملیار دۆلار لە دروستكردن و
بەدەستهێنانی ئەو چەكەدا خەرج بكەن.

بەكارهێنانی چەكەكە، جگەلە زیانەڕۆحییەكانی لەناو خەڵكی ژاپۆن و، شۆكە دەرونییەكانی لەناو گەلانی دنیادا، لەسەر سێكتەری ئابووری سەرجەم وڵاتانی جیهانیش قورسایی گەورەی دانا و، ئێستایشی لەگەڵدا بێت وڵاتان بەدوای بەدەستهێنانی ئەو چەكەوە وێڵن، زۆرینەی ولاتان بەمەبەستی بەدەستهێنانی هەژموون و چەند وڵاتێكیش بەمەبەستی بەرگری لەخۆكردن، هەریەك بەئامانجێك بەدوای بەدەستهێنانی ئەو چەكەوەن، واتە هەبوون و بەكارهێنانی ئەو چەكە بیركردنەوەی مرۆڤ و عەقیدەی ستراتیژی دەوڵەتانی گۆڕی و جارێكی تر مرۆڤ ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمەكانی پێش بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی.
لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵۆگۆڕە گەورانەدا، ئەگەرچی زامەكە تا سەدان ساڵی تر خوێنی لێدەچۆڕێت، كەچی لەسەردەمی بیل كلینتۆندا، بە خواردنەوەی قاوەیەك و پێشكەشكردنی سێوێك لەلایەن كلینتۆنەوە بۆ ئیمپراتۆری ژاپۆن، كۆتایی بەهەموو شتێك هات و ئیدی ئەمریكا و ژاپۆن جگەلەوەی پەیوەندی زۆرباشیان هەیە، بگرە هاوبەشی بازرگانی و هاوپەیمانی دیپلۆماتی یەكترن و لەزۆرینەی كێشەكانی جیهاندا، یەك هەڵوێستیان هەیە!.

بێینەوە سەر باسی ناكۆكییەكانی یەكێتیی و پارتی، ئەگەرچی یەكێتیی و پارتییەك چارەنوسی سیاسی و یەك فەرهەنگ و زمان و یەك نەتەوە و خوێن و، هاوبەشی یەكترن لەهەبوون و ژیاندا، پەیوەندی كۆمەڵایەتی لەنێوان زۆرینەی سەركردەكانیان هەیە و، لەنزیكەوە لەحاڵ و باڵی یەكتر دەپرسن، هەرگیز ناكۆكییەكانیشیان نەگەشتۆتە ئاستی شكاندنی ئێسقان و هەمیشە لەسەر پەراوێزو پۆینتەكان كێشەیان هەبووە، كەچی زۆرێك لە چاودێر و میدیاكار و چالاكوان و نوسەر و …هتد ی كورد، دەیانەوێت لەدوای شەش مانگ لە ساردی نێوان ئەم دوو حیزبە، ئیدی گۆمی خوێن لەكوردستان هەستێ.

ئەوان بەتەوسەوە، بەسەر سوڕمانەوە دەپرسن: چۆن دەبێت ناكۆكی نێوان یەكێتیی و پارتی بەنیوەڕۆخوانێك لەنێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانیدا كۆتایی بێت؟
واتای پێچەوانە و زۆر ڕوونی ئەو پرسیارەش ئەوەیە، بەداخەوە ئەوانەی خاوەنی پرسیارەكەن دەیانەوێت لەنێوان یەكێتی و پارتیدا گۆمی خوێن دروست ببێت و، ئەوجا كێشەكانی نێوانیان چارەسەر ببێت؟.
جگە لەوەی بەندە متمانەی تەواوم بەو بەڵێنەی جەنابی كاك مەسعود بارزانی هەیە كە هەمیشە دەڵێت: ڕێگە نادەم جارێكی تر خوێنی كورد بەدەستی كورد بڕژێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەپرسم: بۆچی ئەو چالاكوان و نوسەر و میدیاكار و فەیسبوكەوانانەی كورد، چاوەڕوان دەكەن و وایان پێخۆشە ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتیی و پارتی بگەنەڕادەی شەڕی ناوخۆ؟ بۆچی لەو نیوەڕۆخوانەی مەسرور بارزانی نیگەرانن كە بۆ قوباد تاڵەبانی سازكرد؟ مەگەر ناكۆكی نێوان یەكێتیی و پارتی لەناكۆكیی نێوان ئەمریكا و ژاپۆن گەورەترە كە پێویستی بەنیوەڕۆ خوانیش نەكرد و، بەپێشكەشكردنی سێوێك كۆتایی پێهات؟.

دواجار: بەمتمانەوە دەڵێم: ئەقڵی سەركردە سیاسییەكان لە ئەقڵی زۆرێك لەو چالاكوان و ڕۆشنبیرانە گەورەترە كەبۆ بچوكترین ناكۆكی تەپڵی جەنگی كورد بەكورد لێدەدەن! گەلۆ، خۆ ئەگەر سەركردەكانی ڕیزی پێشەوەش وەكو چالاكوانەكان ئەقڵیان بچوك بوایە، ئێستا ئێمە هەر فریای ژماردنی تەرم دەكەوتین!.

بۆیە بێ خۆبەستنەوە دەڵێم: ڕەنگە نیوەڕۆ خوانەكەی مەسرور بارزانی لەهەموو نیوەڕۆخوانەكانی تر لەسەر خاكی كوردستان بەتامتر بێت، چونكە من لێرەوە تامیم كردو، ئاشتەوایی گەڕاندەوە بۆ ناو كوردستان.