پڕۆژە‌ی یادگە‌ی نیشتمانیی بارزانی

هاودەنگ فارووق

سبەینێ مۆزەخانەیەکی شایستە بە خەبات و ژیاننامەی بارزانیی نەمر، لە بارزان دەکرێتەوە.
ئەگەر بمانەوێت لە دیدێكی نیشتمانی و نەتەوەیی ڕاستەقینەوە بڕوانیینە هەنگاوێكی لەم شێوە، تێدەگەین كە کردنەوەی ئاوا یادگەیەك بۆ مستەفا بارزانی، هەم زۆر گرنگە، هەمیش درەنگ كەوتووە؛ چونكە لەو یادگەیەدا مێژووی خەباتی نەتەوەیەك بۆ ئازادی و سەربەستی دەخرێتە ڕوو، نەک تەنها مێژووی ژیانی سەركردەیەك، یان مرۆڤێك. هەموو میڵەتانی دنیا، كە خاوەنی سیمبول و هێمای نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆیانن؛ بۆ كوردیش، مستەفا بارزانی، ئەو سیمبولە مەزنە و ڕێبەرە کاریگەرە و پیاوی ئەركە گەورەكانی مێژووەکەیەتی؛ هەر کات و لە هەر شوێنێکدا بزاوتێكیی نەتەوەیی كوردی هەبووبێت، کاریگەریی و کاریزمای مستەفا بارزانی لەوێ بووە.
ڕاستییەکەی پێویستە جگە لەم یادگەیە، بەرنامەیەكی نەتەوەیی بۆ بەدیجیتاڵكردن و پاراستنی گەوهەری كەلەپوور و یادەوەرییەكانی ئەو سەركردە مەزنە‌ دابڕێژرێت.
بۆنموونە: بەرنامەیەكی نەتەوەیی هەبێت بۆ دروستكردنی دەیان فیلم، فیلمی دۆكیۆمێنتاری، فیلم بۆ منداڵان، لەسەر خەبات و شۆڕشی مەلا مستەفا.
لەبەر ئەوەی مەسەلەكە تەنها پەیوەست نییە بە كوردەوە، بەڵكوو پێوەندیی بەهەموو ئازادیخوازانی دنیاوە هەیە، هەروا پێویستە بەزۆرینەی زمانە زیندووەكانی دنیا، كتێب، فیلم و پرۆژەی هونەری دەربارەی ژیانی ئەو كاریزما مێژووكردە بەرهەم بهێنرێت.
ئێستا ئیدی مرۆڤایەتی و كۆمەڵگەكان لەسەرەتای قۆناغێكی نوێی بیركردنەوە و ژیاندا ڕاوەستاون، پێویستە مەلا مستەفا بهێنرێتە ناو ئەم سەردەمە تازە، لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی بەرهەمهێنانی هونەری و ئەلیكترۆنی كار بكرێت بۆ ئەوەی مستەفا بارزانی لەجیهانی ئیفتیرازیدا بەرهەم بهێنرێتەوە و، لەگەڵ نەوەی نوێدا بدوێت! نەوەكانی ئاییندە پێویستیان بە زیاتر ناسینی بارزانیی نەمر هەیە و ئەو ئەرکەش دەكەوێتە ئەستۆی ئێمە!