ئاگری بێ دووكە‌ڵ

حەمەسەعید حەسەن

ڕۆمانی دیرۆکی
نووســـینی ئەدەبی ئەوە نییە، زۆر لە خۆت بکەیت و تەواو خۆت ماندوو بکەیت، بۆ ئەوەی ڕســـتەیەک بنووسیت، بکەوێتە خانەی ڕەوانبێژییەوە، نووسینی جوان ئەوەیە، بەبێ هیچ گوشار لەخۆ کردنێک، خۆڕسک لەدایک دەبێت، بەجۆرێک نووســـەر هەســـت ناکات، سەرقاڵی نووسینێکی ئەدەبییە. نووســـینی جوان کاتێک خۆی نمایش دەکات کە نووســـەر هیچ سانسۆرێکی لەســـەر زمانی و قەڵەمەکەی دانەنابێت. خۆبەســـتنەوە بە دەربڕینە دێرینەکانەوە، وەک ئەوە وایە، نووســـەر ڕۆڵی پۆلیســـی ئاکار وازی بکات، کە نووســـەر و ئەو جۆرەیش لە پۆلیس یەکیان گرت، نە تێپەڕاندن دێتە ئاراوە، نە تازەگەری. نووســـەری داهێنەر وەک نموونەی باڵا، ســـەرنجی دەربڕینی کۆن نادات، نموونـــەی نـــوێ دەخوڵقێنێت. گیرخواردن لـــە قاوغی ڕابردوودا، وەک ئەوە وایە خـــۆت باڵی مەلی خەیاڵی خۆت بقرتێنیت. بۆ ئەوەی جوان و ڕەوان بنووســـیت، جڵەو بۆ ئەســـپی قەڵەمەکەت شـــل بکە، ئەمە کاتێک دروستە،
خاوەنی قەڵەم بیت.
ڕاســـتگۆیی لە نووسیندا ئەوە نییە، نیشـــتمان ئەگەر وەک دۆزەخیش وابێت، وەک بەهەشتی پیشان بدەیت، ئەوە ڕاســـتگۆیییە، وەک گۆگـــۆڵ وەرگر وەها بهێنیتە پێکەنین، بیهەژێنێت، پێکەنینێکـــی بە گریان و ئایرۆنی ئاودراو. بۆچـــی گۆگۆڵ ئەو کانیاوەبوو، هەموو نووســـەرانی ڕووس لێیان خواردەوە؟ چونکە دەســـتپاکانە وێنەی واقیعی دەکێشا، وێنەکێشانێک پێش ئەو، کەس وەها وێنەی واقیعی نەکێشابوو. نیازپاکی لەودیو گاڵتەجاڕییەکانی هەبوو، ئاخر بە مەبەستی گۆڕینی بارودۆخی تاڵ، قسەی شیرینی دەکرد، ئاخر ڕقی لەوانە نەبوو کە دەیکردن بە هەوێنی پێکەنین، لەگەڵیاندا هاوســـۆز بوو. ئەوانەی بەر تیری ســـاتیری گۆگۆڵ دەکەوتن، لەبری ئەوەی لەتاو ئازار، هاوار
بکەن، پێکەنینیان بە خۆیان دەهات. ڕۆماننووسی ڕاستەقینە دەتوانێت لەڕێی نمایشکردنی میللەتەکەی خۆیەوە، هەموو مرۆڤایەتی پیشان بدات، ڕەنگە بتوانێت، بەهۆی باســـکردنی خێزانیکەوە، یان تەنانەت ژیاننامەی تاقە کەسێکەوە، هەمان کار بکات. بەڵگەنامە و ڕووداوی مێژوویی بۆ ڕۆماننووس پێویســـتن، بەڵام نابێت خۆی بە (دیل)یان بزانێت، ئاخر ئەگەر وای کرد، کرۆکی ڕۆمان کە لە بەگەڕخســـتنی خەیاڵدا چڕ دەبێتەوە، زیانی پێ دەگات. ڕۆماننووس شێوەکارێکە بە پەڕەمووچەکەی وێنەی ئینسان و دەوروبەرەکەی دەکێشێت، بەو جۆرە وێنەی کەسانی چەوساوە ناکێشێت کە بەزەییمان ببزوێنن، بەڵکوو وەک کەســـانی خاوەن هەســـت و هۆش و هیوا پیشانیان دەدات. تۆرژنێڤ کە کەسانی خانەدانی دەکرد بە قارەمانی ڕۆمانی، کەسانێک خوێندنی باڵایان تەواو کردبوو، بەڵام بێجگە لە ڕاوەژن، هیچ هونەرێکی دیکەیان نەبوو، ئەگەر ڕێک کەوتبا جوانیش بیریان کردباوە، توانای ئەوەیان نەبوو، هەنگاو بە بیرۆکەکانیان ببەخشن. ســـەرکەوتووان وەک دەخوازن مێژوو دەنووسنەوە، ڕۆماننووس ئەو مێژووە شـــێوێنراوە ڕەچاو ناکات، سەرلەنوێ دەینووســـێتەوە و بایەخ بەو لایەنانەی دەدات کە بۆ بزرکردنی ئەم یان ئەو ڕاســـتی، فەرامۆش کراون. ڕۆماننووس مێژوو نانووســـیتەوە، بەڵام ئەگەر ناچاربوو، هەندێک لاپـــەڕەی بگێڕێتەوە، نابێت خۆی بە براوەی جەنگ بزانێت، چۆن دەخوازێت وای بنووسێتەوە و سڵ لە شێواندنی نەکاتەوە. ڕۆماننووس مێژوو نا، کرۆکی مێژوو دەنووسێتەوە و ئەو بۆشایییە گرنگانە پڕ دەکاتەوە کە مێژوونووسان بە مەبەست بەجێیان هێشتوون. ئەوە کارەساتێکی ئەدەبییە، ئەگەر لاقی ڕۆماننووس بە تەڵەی دیرۆکەوە ببێت، ئاخر ئەرکی سەرەکیی ڕۆماننووس، بەگەڕخستنی خەیاڵە، نەک خۆبەستنەوە بە تۆمارکردنی ڕووداوە مێژوویییەکانەوە. کە ڕۆمانێکی دیرۆکی دەنووســـین، پێویســـتمان بە دیرۆک دەبێت، بەڵام پێویســـتە هەمیشە ئەوەمان لەیاد بێت، خەریکی نووســـینی ڕۆمانین کە بە پلەی یەکەم پشـــتی بە خەیاڵ قایمە نەک بە بەڵگەنامە. هەرچەندە ڕۆماننووس لێ ناگەڕێت مێژوو باوێشـــک بدات، بەڵام میلان کوندێرا گوتەنی: “ڕۆڵی خزمەتکاری مێژوو نابینێت،” بۆیە دەشێت گێڕانەوەی مێژوو بە کارەکتەرێکی زادەی خەیاڵ بســـپێرێت، نەک کەسایەتییەکی مێژوویی. ڕۆمان فیلمێک نییە لە بەڵگەنامەی مێژوویی، فیلمێکە لە خەیاڵ بە کۆمەکی مێژوو. ڕۆمان با تەواو (دیرۆکی)یش بێت، هەر لە داستانەوە نزیکترە، وەک لە کتێبە مێژوویییەکانەوە، ئاخر بە قەڵەمی خەیاڵێکی زەنگین دەنووسرێت. ئەکتاڤیۆ پاس دەڵێت:
“ڕۆمان خۆی بە تەنیا، بەبێ کۆمەکی دەرەکی، حەقیقەتێکی سەربەخۆیە