لەیلا بەرزنجی
هەندێک ڕەفتار کە منداڵ دەیکات دەبێتە هۆی نانەوەی کێشە؛ جا لەناو هاوڕێکانیدا بێت یاخود لە خێزانەکەیاندا؛ بە تێپەڕینی کات ڕەفتارەکە دەبێتە بەشێک لە ژیانی و کاردانەوەی نەرێنیی لەسەر بەجێ دەهێڵێت؛ هەڵبەت ئەوکات چارەسەرکردنی زۆر دژوار دەبێت؛ ئەو ڕەفتارانە زۆرن وەک ترس، دزی، تووڕەیی و پەلاماردان و پەلاماردران، نەپەرمیان (متمانە بەخۆ نەبوون)، شکستهێنان لە قوتابخانە و تاد؛ هەموو ئەمانە وا دەکات منداڵ نەرێنی بێت و، ڕەش لە ژیان بڕوانێ. بە کورتی هەموو کار و کاردانەوەکانی بەشێوەیەک ڕەنگ دەداتەوە کە جێگای قبووڵکردن نەبێت لەنێو خێزان و کۆمەڵگادا؛ هەرچەندە خێزان بە گوێنەدان یاخود بەو بێبایەخیەی لەم کێشانە دەڕوانن، نازانن لەگەڵ گەورەبوونیدا کێشەکان گەورەتر دەبن. لێرەدا باس لە ترس دەکەین کە لە زۆرێک لە منداڵاندا دەبینرێ، بە زۆری هۆکارەکەی دایکانن بۆ خەواندن یاخود بۆ بێدەنگی، دەیانترسێنن و، هەر ئەم ترسەشە دەبێتە هۆی گرفتی گەورەتر بۆ منداڵ و، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی نابێت لەگەڵ ترس و باوەڕی بە خۆی نامێنێت؛ ترس لەگەڵیا گەورە دەبێت. نووسەر دەڵێت: ئەو ترسانەی کە لەلایەن هەندێک کەس لە قوناغی منداڵیدا زۆر دەبینرێ، ڕەنگە تا قوناغەکانی دواتری تەمەنی هەر درێژە بکێشێت؛ ترس، هەستێکە کەلە لایەن خوای گەورەوە بە مرۆڤ بەخشراوە و، بریتییە لەو کاردانەوەی کە هەر زیندەوەرێک بە مەبەستی بەرگری و، پاراستنی خۆی دەینوێنێت. بە گشتی منداڵ ترسی دەبێت لە شتە نەزانراوەکان؛ وەک ئەو شتانەی منداڵی پێ دەترسێنرێ: بەخێو، جنۆکە و، شەولەبان، بەوری بەیان و مێردەزمە و ئاڵ و زۆر شتی تر، کە بۆ دانیشاندن و بێدەنگکردنی منداڵ بەکاری دەهێنن و، منداڵ بەبێ ئەوەی بیانبینێ دەترسێ؛ بە تایبەتی لە تەمەنی سێ چوار ساڵاندا کە خۆی ئەم ترسەشی لەگەڵ دەبێت و، هۆکاری تری بۆ زیاد دەبێت کە تاریکییە؛ هەر شەو داهات ناوێرێت بە تەنیا کارەکانی خۆی بکات و، هەتا ئاودەست و دەستشۆرک و سەرشۆرک بڕوات؛ کاتێک پێی دەڵێیت: دەترسی؟ دەڵێت: بەڵێ! چونکە منداڵ نازانێ درۆ بکا؛ جا کە ڕاستی گوت دەشکێنرێتەوە و سەرزەنشت دەکرێت؛ هەندێک جار پێی دەوترێ خۆ مناڵ نیت دەترسی! ئەمەش وا دەکات لە خۆی بکەوێتە گومان و متمانەی بە خۆی نەمێنێت؛ وردەوردە کە گەورە دەبێ، ترسەکەشی گەورەتر دەبێت؛ ئەمجارە لە شتی نادیاری دی دەترسێ؛ بۆ نموونە لە کاتی تاقیکرانەوەدا ترس دایدەگرێ و، زۆر جار ئەم ترسە ئەوەندە بەهێز دەبێت دەبێتە هۆی تێکچوونی دەروونی و، نەخۆشی دەخا؛ دەبێتە هۆی ئەوەی متمانەی بە خۆی نەبێت و نەتوانێ تاقیکردنەوەکانی بە ڕێکوپێکی بداتە سەر؛ ناتوانێ لەو ھەڵانەی لە کاتی ئەزمونەکانی دەیکات کەڵک وەربگرێت و فێر ببێت؛ ڕەنگە منداڵەکە زۆر سەرکەوتوو بێت لە تاقیکردنەوەکەی بەڵام بەهۆی ئەو ترسەی کە هەیەتی هەڵە دەکات و، لە هەنگاونان دەترسێت و، ئەمەش بە زۆری لەو منداڵانەدا دەردەکەوێت کە زۆر دەترسن و، هەستی بەخۆداپەرموون (باوەڕبەخۆبوون)یان تێدا گەشە ناکات و دوچاری شکست دەبنەوە؛ لێرەدا پێویستە لەسەر دایک و باوک و پەروەردەکاران هەوڵ بدەن بۆ لابردنی ئەو ترسە و ئەو دیوارە بڕووخێنن کە منداڵ دروستی کردووە لە جێگای ئەوە پردی ڕایەڵە و خۆشەویستی و متمانە دروست بکەن لەنێوان خۆیان و منداڵەکە لەبری گاڵتەپێکردن یاخود تووڕەبوون و ڕەفتاری توند لەگەڵی و سەرزەنشتکردنی لەو گێژاوەی ناهێنێتە دەرەوە کە تێی کەوتووە، بگرە سەختتری دەکات، لەبەر ئەوە پێویستە
بە دوای چارەسەرەکەیدا بگەڕێن.