پێچانە‌وە‌ لە‌ بە‌رپرسی گە‌ندە‌ڵ و،بە‌ركناركردنی،دادپە‌روە‌رییە‌

عومەر چنگیانی

گۆشەی (لە هەر خەرمانەی گوڵێک) تازە لە قۆزاخە هاتبووە دەر و، لە خەلەکی 2٤یدا بوو کە لە ژێر ئەو سەردێڕەدا لە لاپەڕە “8”ی ژمارە 2٣52 دووشەممەیەکی نیسانی 2016 بابەتێکم بڵاو کردەوە کە لە بنەڕەتدا پوختەی بابەتێکم بوو، کە زووتر لە لاپەڕە 11ی ژمارە ٣٤89ی ڕۆژنامەی خەبات، رۆژی هەینی رێکەوتی 2010/6/٤ لەژێر سەردێڕی “كەنارخستنی میر و كارمەند و دوورخستنەوە و لادانیان، ڕێبازێكی جوانی عومەری سینبولی دادپەروەرییە”دا دەنووسمەوە: “لەگەڵ ئەوەی بەرەوسەركەوتن چوون، لە پێپلیكەی خوارەوە دەست پێدەكات، پاككردنەوە، بە پێچەوانەوەیە و دەبێ لە سەرەوە بۆ خوارەوە ڕابماڵدرێت و ئەوكاتەی بەرپرسێك لا دەبرێ دەبێ بزانرێ كێ بوون كە ستاف و تیمی ئافەرم و چەپڵەی بوون، ئەوانیش دەرسی خۆیان وەربگرن، دەنا كارەكە بەرهەمی باشی نابێت! وەك چۆن زۆرجار باسی عومەرم كردووە و دووربینییەكانی لەمەڕ دادپەروەری پیادەكردن و دەرفەت نەهێشتنەكانی بۆ ئەو كاربەدەستەی كە خەریك دەبێ خۆی و كارەكەی لەبیر بچێتەوە، لێرەدا بە نموونە تەنیا یەك هەڵوێستی دێنمەوە: كە بریتییە لە كەنارخستن و لەسەركارلادانی خالیدی كوڕی وەلید كە سەرچاوەكان وامان بۆ باس دەكەن كە عومەر، وێڕای لێپێچینەوەی بەردەوام، ناوبەناو كارمەند و میرەكانی دەگۆڕی و دەستی پێدا دەهێنان و، خالید وەک نموونە کە لە ساڵی 17ی كۆچیدا دوای ئەوەی خالید سەركەوتنی زۆری بەدەس هێنا و، سەری كێشا بۆ ئەوەی بەبێ پرسوڕا بە خەلیفە، بە ئارەزووی خۆی هەندێك دەسكەوت بدات بە كەسانێك گەرچی دواتریش دەركەوت كە نادادپەوروەریی نەكردووە عومەر، لە میرەوە كردی بە سەرباز! کە ئەمە هەڵدەگرێت زۆری لەسەر بگوترێت كە من تەنها ئەوەندە دەڵێم: ئەگەر كەمێك لەو شێوازی حوكمڕانییەی عومەر، كە كارمەندی لەسەر كار لا دەدا و لێی دەپێچانەوە، سوود لێ بكەین، زیان ناكەین و بەری تەوژمی هەڵچوون و نیگەرانی ئەگەر نەیشگیرێ كەم دەكرێتەوە و، با هەرگیز لە یادمان نەچێت ئێمە پێویستیمان بە گومڕانەبوونە، سەد باری لەخۆباییبوون، كە هەر پێویستمان پێی نییە، ئاخر وەرن سەیری ئایەتی 25 و 26ی سوورەتی تەوبە بكەن و بزانن خوای گەورە چی بە پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەر – و یارانی دەڵێ و، چۆن هۆشدارییان دەداتێ كە بە هێزی خۆیان نەنازن و، دەفەرمێت:
“بە ڕاستی خوای گەورە لە زۆر جێگەدا چاک یارمەتیتانی داوە، نەخاسمە لە ڕۆژی “حونەین”دا ئەوکاتەی وا لە خۆتان بایی بووبوون و، فیزتان بەو زۆرییەی خۆتانەوە دەکرد، کەچی ئەوەتان بەسەردا هات وا دیتان؛ هەڵخەڵەتان! زۆر بوون بەڵام هیچیشتان پێ نەكرا و، ئەو زەوییە پانوبەرینەتان لێ هاتبوویەوە یەک و پشتتان كردە دژمن! پاشان خوای گەورە ئۆقرەی خستە دڵی پێغەمبەر و بڕوادارانەوە”. بەرلەویش هەر قورئان باسی مووسا – دروود و سڵاوی خوای لەسەر- ی بۆمان كردووە؛ وەك سەرچاوە پێمان دەڵێن: “ڕۆژێكیان مووسا پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەر – بۆ كۆمەڵە شوێنكەوتەیەکی، وتاری دەدا؛ جوولەكەیەکی بڕوادار، كە زۆر شەیدای گفتارەكەی مووسا دەبێ و كاری تێ کردووە، دەڵێ: “ئەرێ قوربان كەست پێ شك دێت لە جەنابت شارەزاتر بێت؟” ئەویش بێ سێودوو دەفەرمێت: نەخێر! یەكسەر خوای گەورە نیگا دەنێرێ بۆ مووسا – دروود و سڵاوی خوای لەسەر- و پێی دەفەرمێت: “بەڵێ بەندەی زۆر شارەزاتر لە تۆیشمان هەیە!” ئینجا ڕێگای دەنێتە بەر، بڕوات خدر ببینێت؛ ئیتر وەك قورئان لە سوورەتی (كەهف)دا باسی لێوە دەكات و چەندین فەرموودەی دروستی پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەر – بۆمان ڕوون دەكەنەوە، ئەوگەشتە فەراهەم دێت، كە خدر تیایدا چەند جارێک جوانجوان دەرسی مووسا دادەدا؛ هەرە ئاسانەکەیان ئەوە دەبێت، كە هەر لە سەرەتای گەشتەكەدا دەبینن پەلەوەرێك خۆی دەکوتێت بە ئاوی دەریاکەدا و، هەڵدەفڕێتەوە؛ خدر ڕوو دەکاتە مووسا و دەڵێ: دەبێ ئەو پەلەوەرە بەو دەندووکەی چەند لەو ئاوەی كەم کردبێتەوە؟ زانستەکەی من و تۆیش، لە ئاست زانستی خوای پەروەردگاردا، هێندەیش نابێ!