ئاگری بێ دووكە‌ڵ

حەمەسەعید حەسەن

ڕەخنەی ڕاستەقینە
لە عەوام وایە دوو جۆر ڕەخنە هەیە، بنیاتنەر و ڕووخێنەر، ڕاســـتییەکەی ئەم تێزە لە ســـەردەمی بەعســـدا برەوی پەیدا کرد، هەر ڕەخنەیەکیان پەسەند نەکردبا، دەیانگوت ڕووخێنەرە، ڕەخنەیەکیش ستایشی کردبان، دەیانگـــوت بنیاتنـــەرە. ڕەخنە کە بە مانای هەڵســـەنگاندن دێت، دۆخێکی پۆزەتیڤە، ڕەخنەیەکی باشـــی لە ڕۆمانەکـــەی گرتووە، بەو مانایە دێت، هەڵســـەنگاندنێکی جوانی بۆ کردووە. ڕەخنـــەی ئەدەبی بایەخدانە بە بەرهەمی ئەدەبی و ناســـاندنی بەرهەمە ئەدەبییەکەیە، دوور و نزیک، کەم و زۆر قســـە لەسەر نووسەری کارە ئەدەبییەکـــە نـــاکات، ئاخر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەقـــە ئەدەبییەکەدا، دەزووی کۆلارەی دەقەکە لە دەســـتی ئەدیبەکە بەر دەبێت. ڕەخنەگر کە بەرهەمێکی ئەدەبی بەسەر دەکاتەوە، بەوە بایەخی پێ دەدات و ڕێزی لێ
دەگرێت، ئەوە بەهەند وەرنەگرتنە، ئەگەر ڕەخنە ئاوڕ لە بەرهەمێک نەداتەوە.
گۆران ســـەباح لە کتێبی: (چۆن ڕەخنە لە ڕۆمان بگرین)دا، بە شـــێوازێکی نوێ خوێندنەوە بۆ ڕۆمان دەکات، شێوازێک نە خوێنەری کورد پێی ڕاهاتووە، نە نووسەری کورد پێی ئاشنایە، شێوازێک کە پڕ بە مانای وشەکە، ڕچەشـــکاندنە. شێوازێک لەگەڵ پاشخانی فیکریی ئەوانەدا ناگونجێت کە هیچ پردێک نایانبەستێتەوە بە بزاڤی ڕۆشـــنبیریی دنیاوە. لایەنێکی گەشـــی هەوڵی ئەوەیە، وەک هەر نووسەرێک کە هەست بە بەرپرسیاری بکات، ڕووی دەمی لە خوێنەری هۆشـــیارە، ئەوەی بەلاوە گرنگ نییە، نووســـەران بە گەرمی پێشوازی لە ئیشەکانی دەکەن، یان نا. گۆران سەباح دەرکی بەوە کردووە، بزاڤی ئەدەبیمان لە بازنەیەکدا گیری خواردووە و خەریکی
پاتەکردنەوەی خۆیەتی، بۆیە بۆ ئەوە دەنووسێت گۆڕانکاری لە شێوازی بیرکردنەوەماندا بکات.
گۆران ســـەباح لەو بوارەدا کاری تێدا دەکات، خوێندوویەتی، خوێندنی باڵا، بەڵام لە خوێندن گرنگتر ئەوەیە، ئەوەندە پەرۆشی ئەو بوارەیە کە تێیدا چالاکە، هەر دەڵێیت شەیدای بووە، هەر ئەم هۆکارەیشە وای کردووە، بە جێپەنجەیدا ئیشـــەکانی دەناســـرێنەوە. داهێنـــان ئەوەیە بەرهەمت لە هی ئەوانی دیکـــە جیاواز بێت، ئەو جیاوازییە کاتێک پەیدا دەبێت، وا بپەیڤیت پێش تۆ کەس وا قســـەی نەکردبێت. بە کتێبی (چۆن ڕەخنە لە
ڕۆمان بگرین)ەوە، ئەو تایبەتمەندییەی گۆران سەباح بە ئاسانی هەستی پێ دەکرێت.
گۆران سەباح وەک شارەزایەکی بواری ڕێبازە ڕەخنەیییەکان، لەبەر تیشکی گەلێک لەو ڕێبازانەدا، لێکدانەوەی بـــۆ چەند ڕۆمانێک کـــردووە، لەوانە: ئەلفیای ڕەزا عەلیپوور، کچانی دووکـــەڵ و ئاگری ئاڤە هوما، میرنامەی جـــان دۆســـت، داگیرکردنی تاریکیی بەختیار عەلی و ڕۆژێک لەو ســـاڵانە هەڵدەگرمی ئـــارام محەممەد. جێی سەرنجە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ (مرۆڤی هەرزان)یش کردووە کە خۆی نووسیویەتی. گۆران سەباح لەبارەی (داگیرکردنی تاریکی)ی بەختیار عەلییەوە دەنووسێت: “بەم کەموکووڕییانەی ئێستایەوە، هیچ وەشانخانەیەکی پرۆفیشـــناڵی بیانی چاپی ناکات.” توێژەرەوە نیشانەی پێکاوە کە بەو نووسەرەی گوتووە: “درێژدادڕی هونەر
نییە، کورتبڕی هەوە،” ئاخر درێژداڕی خەوشی گەورەی بەختیار عەلییە.
گۆران ســـەباح هەر قســـەی لەســـەر پلۆت و دایەلۆگ و چیرۆکخوان نەکردووە، تەنانـــەت ڕێنووس و ڕێزمان و خاڵبەندییشـــی فەرامـــۆش نەکردووە و کە بە پشتبەســـتن بە قوتابخانە ڕەخنەییەکانـــی وەک بونیادگەری، دەروونشـــیکاری، فێمینیزم و مارکسیزم، ڕۆمانەکانی هەڵسەنگاندووە، پرســـگەلی نوێی ورووژاندووە و قسەی تایبەت بە خۆی کردووە. گۆران ســـەباح بە نووســـەرێکی هەقبێژ دەزانم، نووســـەرێک بوێرانە ســـەنگەری لە سەقەتنووســـان گرتووە و ســـەرقاڵی ئەوەیە، جێ بە ڕەخنەی مارانە لێژ بکات و بناغەیەکی پتەو بۆ ڕەخنەی
ڕاستەقینە دابنێت