دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سێ بە‌رھە‌می پە‌ڕپووت

حەمەسەعید حەسەن

ویژدان تەنیا هەر ئیسمی هەیە و کەس بە چاو نەیدیوە.
ئەحمەد موختار جاف(١)
ئەی ویژدان، ئەی ئینساف ئێوە کە ناوتان هەیە،
بۆچی ناچنە سوورەتی ئینسانەوە؟
جەمیل سائیب(٢)
“ئەو دۆستانەی ئەحمەد موختار جاف کە دەستنووسی (مەسەلەی ویژدان)یان بینیوە، پێیان لاواز بووە.”(٣) دەشێت هەر لەبەر ئەو هۆکارەیش، خودی شاعیر سەروەختی ژیانی خۆی، چونکە لێی دوودڵ دەبێت، هەوڵی بڵاوکردنەوەی نادات. هیچ دوور نییە، ئەگەر نەکوژرابا و ساڵانێکی تریش ژیابا، مەسەلەی ویژدانی هەر چاپ نەکردبا. ئایا د. ئیحسان فوئاد تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو دەستنووسەی دەست کەوتبوو، مافی ئەوەی هەبوو چاپی بکات؟
کە لە خوێندنەوەی مەسەلەی ویژدان بوومەوە، بە خۆمم گوت: بریا ئەو کتێبەم هەر نەدیتبا، ئاخر ئەو وێنە جوانەی لە یادگەمدا بۆ ئەحمەد موختار جافم کێشابوو، شێوا، ئاخر لەو بڕوایەدا نەبووم، ئەو شاعیرە خۆشەویستە، شتی وەها لاواز و ناهونەری بنووسێت، شتێک کەسێک شارەزای ئەلفوبێی هونەری گێڕانەوە بێت، ئامادە نییە ناوی ڕۆمانی لێ بنێت. سەد بریا دەستنووسەکە، بزر بووایە و کەس لە فەوتان ڕزگاری نەکردبا، ئاخر چاپکردنی مەسەلەی ویژدان، بێویژدانییەکی گەورە بوو، بەرانبەر ئەحمەد موختار جافی شاعیر کرا.
وای بۆ دەچم، ئەگەر مەرگ مەودای دابا، ئەحمەد موختار جاف ئەو دەستنووسەی کە لە باشترین حاڵەتدا، ڕیپۆرتاژێکە دژ بە گەندەڵی، بە گەرووی ئاگر دەسپارد، وەلێ جێی داخە د. ئیحسان فوئاد، هەرچەندە هەندێک لاپەڕەی (چیرۆکەکەی) بە تەواوی بۆ ساغ نەکراوەتەوە، کەچی هەر بۆ ئەوەی چاپی بکات، هاتووە پینەی کردووە! یان خۆی گوتەنی: دایڕشتووەتەوە! بەبێ ئەوەی خەیاڵی بۆ ئەوە چووبێت، بە بڵاوبوونەوەی ئەو دەستنووسە، دەشێت شکۆی ئەدەبیی ئەحمەد موختار جاف بریندار ببێت.
مەسەلەی ویژدان کە ڕووی بەر ڕووناکیی نییە و هەق نەبوو بڵاو بکرێتەوە، کەچی د. ئیحسان فوئاد هاتووە ئەو نووسینە ڕووکەشە کە ڕستەیەکی ئەدەبیی تێدا نییە، بە ئەدەبی ڕیالیزمی ڕەخنەگرانە نێوزەد دەکات و بە (کچی ئەفسەرەکە)ی (پووشکین)ی باوکی ئەدەبی ڕووسی بەراورد دەکات کە ڕۆمانێکی دیرۆکییە و ١٨٣٦ بڵاو کراوەتەوە. د. ئیحسان فوئاد زاتی کردووە، لە ناساندنی ئەو نووسینە بێفەڕەی ئەحمەد موختار جافدا،(٤) ناوی گەلێک لە ڕێبەرانی ڕیالیزمی ڕەخنەگرانە تۆمار بکات، ڕێبەرانی لە چەشنی بالزاک، دیکنز، ستانداڵ و تۆلستۆی کە بەشدارییان لە گۆڕین و سەرلەنوێ ڕۆنانەوەی دنیادا کردووە.
نووسینێکی پەڕپووتی دیکەیش کە وەک مەسەلەی ویژدان هەر لە دەیەی سێیەمی سەدەی بیستەمدا نووسراوە و بە ناڕەوا ناوی چیرۆکی لێ نراوە، (لە خەوما)ی جەمیل سائیبە کە جەمال بابان بڵاوی کردووەتەوە. بابان مەسەلەی ویژدانی لە (لە خەوما) پێ سەرکەوتووترە،(٥) ئیدی بزانن دەبێت لە خەوما چەند وێران بێت! بەرهەمی ئەدەبی بە چاوپۆشین لەوەی تازەکی یان لەمێژە نووسراوە، پێویستە دەقێکی جوان بێت، ئاخر مێژووی نووسینی دەق، ئیدی با بۆ دەیان یان تەنانەت سەدان ساڵ لەمەوبەریش بگەڕێتەوە، پاساو نییە بۆ لاوازیی بەرهەمەکە. ئێمە کە چیرۆکێک دەخوێنینەوە، چاوەڕێی ئەوە دەکەین، مەرجەکانی چیرۆکی سەرکەوتووی تێدا بێت، ئیدی هەقی ئەوەمان نییە، چیرۆکەکە لە چارەکی دووەمی سەدەی بیستەمدا نووسراوە یان لە چارەکی یەکەمیدا.
نووسەر مافی ئەوەی هەیە، بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە سەرنجی بیر و ڕەوتاری دەسەڵاتداران بدات، وەلێ (لە خەوما)ی جەمیل سائیب، پێ دەچیت زادەی شتی تایبەتی بێت نەک ڕەخنەی بابەتی، ئاخر زیاتر لە پەرچەکرداری نووسەرەکەی دەچێت، بەرانبەر ئەوەی لە سەروەختی فەرمانڕەواییی شێخ مەحمووددا، تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئینگلیزی وەپاڵ دراوە. بریا ئەحمەد موختار جاف و جەمیل سائیب لەبری ئەو دوو نووسینەی بە ناڕەوا بە چیرۆک لە قەڵەم دراون، لە شێوەی گوتاری سیاسیدا، ڕەخنەیان لە گەندەڵییەکانی سەردەمی خۆیان گرتبا. حەمدی (١٨٧٨ – ١٩٣٦) توانیویەتی بە شیعر ڕەخنە لە دەسەڵات بگرێت، بەڵام ئەحمەد موختار جاف و جەمیل سائیب نەیانتوانیوە بە چیرۆک ڕەخنە بگرن.
*
عیززەدین مستەفا ڕەسووڵ کە لە ٣٠ی ٨ی١٩٦٠دا، پێشەکیی بۆ (پێشمەرگە) نووسیوە، زاتی کردووە ئەو کورتەڕۆمانەی د. ڕەحیمی قازی لەگەڵ بەرهەمی گۆگۆڵ و تۆلستۆی و (دایک)ی ماکسیم گۆرکیدا بەراورد بکات،(٦) ئەمەیش بێجگە لە زێدەگۆیی هیچی دیکە نییە، ئاخر ڕۆمانی دایک کە وەک نموونەی باڵای ئەدەبی ڕیالیزمی سۆسیالیست ناسراوە، بۆ دەیان زمان وەرگێڕدراوە و بە میلیۆنان خەڵکی بۆ تێکۆشانی چینایەتی هان داوە. ئەمە وێڕای ئەوەی گۆرکی لە ڕۆمانی دایکدا، وێنەی واقیعی بەدەم گۆڕانەوە کێشاوە و لە ژنێکی پاسیڤ، تێکۆشەرێکی مەزنی خوڵقاندووە، بەڵام لە (پێشمەرگە)دا، ژن لە کۆیلەی پیاو زیاتر هیچی دیکە نییە. پێشمەرگە نەک هەر لە ئاستی بەرهەمی ماکسیم گۆرکیدا نییە، بەڵکوو دەستی بە داوێنی چیرۆکی عەلادین سەجادی و شاکیر فەتاحیشدا ناگات.
پێشەکینووس بەوەی نەزانیوە، بەرهەمێک دەکەوێتە خانەی ئەدەبی ڕیالیزمی سۆسیالیستەوە کە بە شێوەیەکی هونەری، خەباتی کرێکاران بەسەر بکاتەوە، ئەگەرنا پێشمەرگەی بە ئەدەبی (واقیعییەتی ئیشتراکی)(٧) لە قەڵەم نەدەدا کە باس لە خەباتی نەتەوەیی و ململانێی نێوان جووتیار وفیودال دەکات. هەرچەندە د. ڕەحیمی قازی باسی کۆمەڵەی ژێ کاف، حیزبی دیموکرات، کۆماری کوردستان، بارزانییەکان، گۆڤاری نیشتمان، قازی محەممەد و هێمنی شاعیریشی کردووە، بەڵام پێشمەرگە ڕۆمانێکی دیرۆکی نییە، سەر بە ڕیالیزمی ڕەخنەگرانەیە.
بۆ باسکردنی مەزنیی گۆگۆڵ، نووسەری شاکاری پاڵتۆ، دەشێت هێندە بەس بێت کە گوتراوە: هەموو ئەدیبانی ڕووس، سەریان لە پاڵتۆکەی گۆگۆڵەوە دەرهێناوە، (تۆلستۆی)یش نووسەرێکی هێندە مەزنە، نەک هەر کورد، ئەستەمە هیچ نەتەوەیەکی دیکە، ڕۆماننووسی وەها شک ببات، لە ئاستی نووسەری شەڕ و ئاشتی و ئاننا کارنینادا بێت، بۆیە ئەو بۆچوونەوەی عیززەدین مستەفا ڕەسوول لە فڕێدانی قسە دەچێت نەک لە هەڵسەنگاندنی ئەدەبی. ئەدەبی کوردی بەوە پێش ناکەوێت، گۆرانی بە باڵای دەقە لاوازەکانماندا هەڵبڵێین، بەوە بەرەو پێش دەچێت، ئەدەبێکی باڵا بەرهەم بهێنین. پێشمەرگەی ڕەحیمی قازی ئەگەر بایەخێکی هەبێت، تەنیا ئەوەیە بەڵگەنامەیەکی
سۆسیۆدیرۆکییە.
پێشمەرگە کە ڕۆمانێکی کورتە لە لوتکەی لاوازیدا، بە زمانێک نووسراوە، نموونەی پەڕپووتییە و تژییە لە غەفڵەت و ناکۆکی. نووسەر چەندان جار لەبری ئافرەت، عافرەت و لەجیاتی حەپەسا، عەبەسا دەنووسێت.(٨) لە زمانی سوێدیدا، هاند: دەستە و ڤێرک: ئیش، وەلێ بە ئیشی دەست دەڵێن: هانتڤێرک نەک هاندڤێرک، دالەکەی هاند دەکەن بە تێ، ئاخر وا لەسەر زار خۆشترە. د. ڕەحیمی قازی هەڵەیەکی جوانی کردووە کە هەموو جارێک لەبری قەدپاڵ کە گوتنی قورسە، قەتپاڵی نووسیوە.
(برۆ و مژۆڵی وەک تیر و کەوانی.)(٩) بەگوێرەی ئەو وەسفەی د. ڕەحیمی قازی، برۆی (مرۆت) لە تیر و مژۆڵی لە کەوان دەچێت، وەلێ ڕاستییەکەی دەبێت، برۆی لە کەوان و مژۆڵی لە تیر بچێت. دەبوو بنووسێت: مژۆڵ و برۆی وەک تیر و کەوانی. (مرۆت بە جووتێک گۆزەوە دەچێتە سەر کانی.)(١٠) کەچی نووسەر ئەوەی لەبیر دەچێتەوە و دەنووسێت: (گۆزەکەی پڕ کرد لە ئاو و خستییە سەر شانی.)(١١) پێشمەرگە هەرچەندە ڕۆمانێکی کورتە، کەچی درێژدادڕییەکی بێزارکەری زەق زەق پێوە دیارە، نووسەر بە تێکستی گۆرانیی فۆلکلۆری و بە گێڕانەوەی کۆمەڵێک باسی بێبایەخ، بە شێوەزاری جیاواز، کارەکەی ئەوەندەی تر بریندار کردووە.
شاکارێکی گۆران هەیە، ناوی بووکیکی ناکامە، ئەگەر سینە‌ماکاری کارامە مامەڵە لەگەڵ ئەو شیعردا بکات، فیلمێکی جوانی لێ بەرهەم دێت. بەشێکی گرنگی کورتەڕۆمانی پێشمەرگە، بە کاریگەرییەتیی ئەو شیعرە درامییە نووسراوە. د. ڕەحیمی قازی نەک تەنیا هەر سێ کارەکتەری سەرەکیی پێشمەرگەی: (پیرۆت و مرۆت و قەرەنی ئاغا)ی، بەڵکوو دنیای کورتەڕۆمانەکەیشی لەو شیعرەی گۆران خواستووە. گۆران لەو شیعرەیدا کە دە ساڵ زیاتر پێش پێشمەرگەی د. ڕەحیمی قازی نووسیویەتی، تەکنیکێکی تازەی گێڕانەوەی بەکار هێناوە، کە لە کۆتاییی چیرۆکەکەوە دەستی بە گێڕانەوە کردووە.
لایەنی هەرە لاوازی کورتەڕۆمانی پێشمەرگە، ڕەنگە ئەوەبێت کە گێڕەرەوەی هەمووشتزان، بە زمانێک دەدوێت، لەبری ئەوەی لە زمانی گێڕانەوە بچێت، لە زمانی وشکی کادرێکی توند قورمیشکراو دەچێت. نووسەر با باسی خەباتی نەتەوەیی و ژیانی حیزبایەتییش بکات، دەبێت ئەوەی لەبەر چاو بێت، خەریکی ڕۆماننووسینە، نەک شیکردنەوەی سیاسی و گوتاردان. نەک تەنیا گێڕەرەوە، (بینایی و میرزا قۆیتاس)یش کە دوو کارەکتەری کارەکەن، بەردەوام
دەرسی کوردایەتی بە (پیرۆت و شێرکۆ) دەڵێنەوە.


  • (١) ئەحمەد موختار جاف، مەسەلەی ویژدان، پێشەکی و لێکۆڵینەوە: د. ئیحسان فوئاد، ل٥٤ دەزگای ئاراس ٢٠٠٨ هەولێر.
    (٢) جەمیل سائیب، لە خەوما، پێشکەشکردن و لێکۆڵینەوەی: جەمال بابان، ل٦٤ چاپی دووەم، دەزگای ئاراس ٢٠٠٨ هەولێر.
    (٣) ئەحمەد موختار جاف، مەسەلەی ویژدان، پێشەکی و لێکۆڵینەوە: د. ئیحسان فوئاد، ل١٢ دەزگای ئاراس ٢٠٠٨ هەولێر.
    (٤) ئاخر ئەگەر بێبەخت نەبووایە، ئەو نووسینە لاوازەی دەفەوتا.
    (٥) جەمیل سائیب، لە خەوما، پێشکەشکردن و لێکۆڵینەوەی: جەمال بابان، ل١٩چاپی دووەم، دەزگای ئاراس ٢٠٠٨ هەولێر.
    (٦) ڕەحیمئ قازی، پێشمەرگە، ل١٤ چاپی سێیەم، دەزگای ئاراس ٢٠٠٨ هەولێر.
    (٧) و (٨) و (٩) و (١٠) و (١١) لاپەڕەکانی: ١٤، ٧٩، ٣٨، ٤٠ و ٤٤ هەمان سەرچاوە.