بكوژ و داڵدە‌دە‌ر لە‌ نێوان یاسا و پاشاگە‌ردانیدا

هاودەنگ فارووق

ئاسایشـــی هەولێر دەڵێ: عەلی مەحموود، له سه ر ئه وه ده ستگیرکراوه، که بکوژه که ی (کاوه بازیانی) لە هەولێر حه شارداوه. ئەوەی جێگەی هەڵوێســـتەی جدییە، پێویســـتە خەڵك لەپێش حكوومەتەوە ســـەرنجی لێ بدەن: تاكەی میدیاكان دۆخی دەروونیی خەڵك تێكدەدەن و کەیســـەکان بەلاڕێدا دەبەن؟ باشە پرسێك تاكوو نەبووبێتە زانیاری ڕاستیی بەرجەستە، چۆن و بە چ شێوازێك میدیا دەیگوازێتەوە؟
ئایا میدیا دەبێت زانیاریی دروست بگوازێتەوە، یان گومان و ڕاڕایی دروست بکات؟ پێش ئەوەی زانیاری هەبێت، بەگومان و پاڵنەری سیاسی، دۆسییەكان بەلاڕێدا بەرێت؟ ئایا كێ باجی ئەم بێسەروبەریەی میدیا و مەعمەعەی سیاسی دەدات؟ سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، لەم نێوەدا لەبەردەم بەرپرسیارێتی و ئەركێكی قورس دایە؟ پێداچوونەوە بە یاساو ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی و میساقی شەرەفی ڕۆژنامەگەری، ئیدی دەبێتە ئەرك، چونكە ڕۆژ بەڕۆژ میدیا لەكاری خۆی دووردەكەوێتەوە، پێویســـتی بەڕێكخســـتنەوە هەیە!.
ڕۆژنامەنووس و نووســـەران بەردەوام داكۆكی لە ســـەروەریی یاسا و ئارامیی كۆمەڵگە دەکەن، بەڵام چۆنە لەدۆســـیەیەكدا بێ ئەوەی زانیاری تەواویان هەبێت، قسەی لەگۆترەی تێدا دەكەن ، هەڵوێست دەردەبڕن؟ ئاخـــر هەڵوێســـتەكان دەبنە مێژوو، چۆن دەگونجێت نووســـەران و ڕووناكبیران و ڕۆژنامەنووســـان ڕێگە بدەن لەســـەر بنەمای زانیاریی هەڵە مێژووی ڕۆشـــنبیریی خۆیان بنەخشێنن؟ ئەو پەلەكردنە لە دەربڕینی هەڵوێست، دواجار بە زیانی هەڵوێستی مێژوویی نووسەران دەشكێتەوە!.
پرسیارێك، كە پێویســـتە لەو ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانە بكرێت، كە لەم دۆسیەیەدا پێشوەختە قسەیان كرد و بەهەڵەدا چوون: ئایا ئێوە لەگەڵ ئەوەدان بكوژ داڵدە بدرێت؟ وەڵامەكەی بۆ خودی ئەو نووسەرانە بەجـــێ دێڵین. بەڵام دڵنیاین لەوەی زۆرینەی ڕەهای نووســـەران، بەوانەشـــەوە كەبەهۆی دڵگەرمییانەوە، یـــان بە پاڵنەری سیاســـی پێش ڕووداوەكە كەوتن، پێیان قورســـە بەرگری لـــە داڵدەدانی بكوژ بكرێت. چونكە ئەســـتەمە نووسەرێك بتوانێت لەیەك كاتدا داوای سەروەری یاسا بكات و، لە هەمانكاتیشدا داوای
بەرگریكردن بكات لە داڵدەدەری بكوژ و پێشێلی یاسا،
تەنانەت ئەگەر مەبەست ئەوەبێت كە كەسی كوژراو تاوانباربووبێت، هێشتا تۆڵەی شەخسی لەو تاوانبارەش هەر پێچەوانەی یاساییە و پێویستە یاسا تۆڵە بۆ هەموو ستەملێكراوێك بكاتەوە، نەك هەركەس بۆی گونجا تۆڵە لەبەرانبەری بكاتەوە، ئەوكاتە لەبری كۆمەڵگەیەك كەتیایدا سەروەری یاسا پایەداربێت، كۆمەڵگەیەك دێتە پێشەوە كە سیخناخ دەبێت لە پاشاگەردانی و تاوانكاری.
ئایا نووســـەران بەرگری لەوە دەكەن كە پاشـــاگەردانی هەبێت و هەركەس بۆخۆی تۆڵە بكاتەوە لەوانەی كە زیانێكی پێدەگەیەنن؟
بۆیـــە بەبێ دوودڵی دەڵێین: تەنانەت ئەگەر كاوە بازیانی جاشـــیش بووبێت و تاوانباریش بووبێت، نابێت نووسەران و ڕۆشنبیران پشتیوانی لەوە بكەن كە كەسێك وەك شەخسی خۆی هەستێت تۆڵەی لێبكاتەوە، بەڵكوو پێویستە هەمووان هەوڵ بدەین دادگا و یاسا، تۆڵە لەهەموو ئەو كەسانە بكاتەوە كە ڕۆژێك لەڕۆژان خزمەتێكیان بەداگیركەرانی كوردستان كردووە بەبێ جیاوازی.