ئاگری بێ دووکەڵ

مەبن بە دوژمنی ڕەخنەگر


حەمەسەعید حەسەن
درامای کۆشکی هەنار کە شەوانی ڕەمەزان لە (کوردسات) تیڤییەوە پێشکەش دەکرا، بە گۆرانییەک دەستی پێ دەکرد، تێکستەکەی ئیسماعیل محەممەد نووسیبووی، تێیدا دەیگوت:

سلێمانی زۆر شیرینە
(ئەوەی) جارێ ڕێی (تێ) کەوێ
شەیدای خاک و ئاوی ئەبێ
وەک من و تۆ خۆشی ئەوێ

ئەوەی هەڵەیە، ئەوی ڕاستە، تێ هەڵەیە، تێی دروستە، بەڵام کێشەکە هەر ئەو دوو هەڵە گچکەیە نییە، ئەوەیشە کە ئەو تێکستە دووبارەکردنەوەی شیعرێکی دێرینی (بەندەی دڵسۆزتانە) کە تێیدا گوتوومە:

سلێمانی
‌باژێڕێکە
‌لە بەخشین و دلۆڤانی
‌ئەوی جارێ
‌چاوی بە باڵای کەوتبێ
‌دەمودەست عاشقی بووە
‌ئەوی شەوێ
‌لە ئامێزیدا خەوتبێ
خۆی بەقوربانی کردووە.(*)

دزی ئەدەبی جۆری زۆرە، هەیە وشەکانت لێ دەدزێت، هەیە مانا، هەیە بیرۆکەت لێ دەدزێت، هەیە شێوازی نووسین، هەیە ڕستە شیعرییەکانت لێ دەدزێت، هەیە هیچت لێ نادزێت، تۆ چیت گوتووە، پێچەوانەکەی دەڵێت، کە ئەوەیش جۆرێکە لە دزی.

هەیە نەک هەر هیچت لێ نادزێت، بەڵکوو ددان بە تواناکانتدا دەنێت و بەڕێزیشەوە باسی بەهرە و داهێنانت دەکات. وەک نموونە: گۆران سەباح کتێبێکی بڵاو کردووەتەوە، ناوی لێ ناوە: چۆن ڕەخنە لە ڕۆمان بگرین، منیش چونکە دەیان جار ڕەخنەم لە ڕۆمان گرتووە و لەو بوارەدا چەند کتێبێکم نووسیوە، پێم خۆشبوو، کتێبەکەی بیخوێنمەوە. سەیرم کرد، هەر لە سەرەتاوە نووسیویەتی:

“ڕەخنەگرتن لە ڕۆمان لەسەر دەستی حەمەسەعید حەسەن دەستی پێ کرد. پێش ئەو تەنێ لە شێوەی وتاردا، تاکوتەرا شت دەهاتنە نووسین لەسەر ڕۆمان. ئەوەیش لەبیر نەکەین، چەند هەوڵێکی ئەکادیمی هەبوون، بەڵام نەگەیشتنە ناو جەماوەر، هەر لە بازنەی مردووی ئەکادیمیدا سیس بوون. ئێستەیش هەوڵە ئەکادیمییەکان دیواری هۆڵێکی زانکۆ نابڕن، لە تۆزدا دەخنکێن. حەمەسەعید حەسەن فێری کردین، چۆن ڕۆمان بە هاوێنەیەکی ڕەخنەیی بخوێنینەوە. سەرەتایەکی باش بوو، هەرچەندە نیوەی کورد بوونە دوژمنی لەبەر ڕەخنەکانی. تکایە مەبنە دوژمنی ڕەخنەگر. باشبوونی حاڵی ڕۆمانی کوردی، تەنێ بە ڕەخنە دەکرێت.”

گۆران سەباح کتێبی (چۆن ڕەخنە لە ڕۆمان بگرین)ی بەگشتی بە کوردییەکی جوان و ڕەوان نووسیوە، تێیدا پشتی بە دەیان سەرچاوەی جێی متمانەی ئینگلیزی بەستووە، بە کۆمەکی ڕێبازە ڕەخنەیییەکان، لێکدانەوەی بۆ چەندان ڕۆمان کردووە و لێزانانە قسەی لەسەر تەکنیکەکانی نووسینی ڕۆمان کردووە. نە پشتی لێ بکەرەوە و نە پاڵی لێ بدەرەوە، با تا ئێستا چەندان ڕۆمانیشت بڵاو کردبێتەوە، هیچ مەکە، جارێ بچۆ کتێبی: چۆن ڕەخنە لە ڕۆمان بگرینی گۆران سەباح بخوێنەوە.
درێژەی دەبێ

() حەمەسەعید حەسەن، مانیفێستی خۆشەویستی ٢٠١٨ ناوەندی ئاوێر، هەولێر. (*) گۆران سەباح، چۆن ڕەخنە لە ڕۆمان بگرین؟ وەشانخانەی کولتوور ٢٠٢٣ هەولێر.