سەلام عەبدوڵڵا
بەرەبەیانی رۆژی ۱۹۷٤/٤/۲٤ لە دەنگ و گرمەی بەهێزی فڕۆکە سەربازییەکانی بەغدا بە ئاگا هاتمەوە و بە پەلە بۆ دەرەوەی خانووەکەم ، کە بە کرێ گرتبووم لە شارۆچکەی قەڵادزێ، دەرپەڕیم و زۆربەی دانیشتووانی گەڕەکەکەش، وەک من، لە ترسی بوردومانی
فڕۆکە هاتبوونە دەرەوە.
لەبەر ئەوەی هێشتا دەورووبەر رووناک نەبووبووەوە و گڵۆپی سەر جادەکانیش نەبوو، بۆیە هیچمان نەدەدی و تەنیا سەدای فڕۆکە بوو کە هەستدەکرا شارەکە بەجێدەهێڵێ و دوور دەکەوێتەوە، چونکە وڕەی فڕۆکەکان تا دەهات کزتر و لاوازتر دەبوون.
لەگەڵ ئەوەشدا، کەس نەیدەوێرا بڕواتەوە ماڵەکەی خۆی لە ترسی ئەوەی نەوەک لە ناکاو فڕۆکەکان بگەڕێنەوە و ئەم سەردانەی شەویان تەنیا بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی مەبەستیان بووبێت، چونکە چەند رۆژێک لەوەوبەریش فڕۆکە جەنگییەکانی بەغدا، بە سەر قەڵادزێ و دەورووبەریدا دەگەڕا، بەڵام هیچ بوردمانی نەدەکرد، کە ئەوەش هەر ئەوەی لێدەخوێندرایەوە کە بۆ ئامانجێکی گرنگ و بە بایەخ بگەڕێن. بە هەرحاڵ من و دراوسێکانیش تا دەورووبەر بە تەواوی رووناک
نەبووەوە نەچووینەوە ماڵەکانمان. لە راستیدا، من خۆم، شەو زۆر درەنگ نووستم لە ریگەی رادیۆ بچکۆلانەکەمەوە هەر بەدوای هەواڵی ئێستگەکاندا دەگەڕام بێ ئەوەی بە هیچ سەرەنجامێک بگەم.
خەو زۆر تینی بۆ هێنابووم، بۆیە من جارێکی تر چوومەوە نێو ماڵەکەم، بەو هیوایەی سەرخەوێک بشکێنم و پشوویەک بە جەستەم بدەم، هەر واشم کرد، لەراستیدا خەو لە ترس بەهێزترە، بۆیە ئیدی
من لێی خەوتم و ترس بەرامبەر خەو کۆڵی دا.
دەورووبەری کاتژمێر هەشتی سەرلە بەیانی بەخەبەر هاتم و هەستم
بە پشوودانێکی باش دەکرد، هەر بۆیەش بە زوویی خۆم پێچایەوە و رووەو بازار بەڕێکەوتم هەم بۆ خواردنی نانی بەیانی و هەم بۆ سۆراغی فڕۆکەکانی شەو کە هەموولایەکی نیگەران کردبوو.
بازاڕ وردەوردە، بە نیگەرانییەوە، دەکرانەوە و ئەوەش بە سەر و چاوی هەمووانەوە، بە ئاشکرا، دیار بوو.
من رووەو چایخانەی ( کرێکاران) کە دەکەوتە سەنتەری شارەکەوە، ملم نا، زۆربەی بەیانیان، لەو چاخانەیە بەرچاییم دەخوارد کە زۆربەی ئاوارەکانی شاری سلێمانی، بەتایبەتی قوتابیانی زانکۆی سلێمانی،
ئەوانیش هەر لەوێ بەرچاییان دەخوارد.
لەراستیدا زۆربەی هەرەزۆری قوتابیانی زانکۆی سلێمانی و
مامۆستاکانیش هاتبوونە قەڵادزێ، بەتایبەتی کە وا نیاز بوو، زانکۆیەک دابمەزرێنن و وانە بە قوتابیان بڵێن، بۆ ئەوەی لە خوێندنی خۆیان دوا نەکەون.
زانکۆ و شۆڕش و شەڕی چەکداری، چەند لۆژیکی تێدایە ئەوە مەسەلەیەکە توێژینەوە و بەدواداچوونی دەوێت، هەرچند بۆ ئەو رۆژە کارێکی زانستی و هاوکات بە شۆڕشگێڕانە پێناسە دەکرا.
کاتژمێر نۆی سەرلە بەیانی گەیشتمە چایخانەی (کرێکاران) و بە نان و ماستێکەوە خۆم سەرقاڵ کرد، هاوکات گوێقوڵاغی هەواڵی فڕۆکەکانی شەو بووم کە لە نێو زۆربەی دانیشتووانی چاخانەکەدا تاوتوێ دەکرا و پێشبینی کاردانەوەی حکوومەت دەکرا سەبارەت بە
دامەزراندنی زانکۆکە و کەسیش مەترسی خۆی نەدەشاردەوە.
من لەسەر کورسیەکەی دەرەوەی چاخانەکە دانیشتبووم و سەیری رێبوارانی سەر شەقامەکەم دەکرد کە لەناکاو ناسیاوێک بە ناوی سەلیم ئاغا کە لە ئاغاکانی پشدەر بوو بە دەنگی بەرز بانگی کردم و بەرەورووم هات و بە گەرمی چاک و چۆنی لەگەڵ کردم و پەلی گرتم کە دەبێ بۆ نان خواردن لە گەڵی بەرەوخوار بۆ کەبابخانەیەکی ناسراو بە ناوی (وەستا عەلی) بچم. منیش زۆر عوزرخواهیم بۆ هێنایەوە کە نانم خواردووە و هیچ برسیم نییە، بەەڵام ئەو هەر سوور بوو کە لەگەڵی – گەر نانیش نەخۆم- هەر بچم. منیش دڵم نەشکاند
و پێکەوە بەرەوخوار بەڕێکەوتین.
سەیری کاتژمێرەکەی مەچەکم کرد، چارەک زیاتر لایدابوو لە نۆی
سەرلە بەیانی. ئێمە هەروا بە رێگەوە بووین کە لەناکاو دەنگی فڕۆکە لە ئاسمانەوە دەهات، نازانم بۆ سەیری کاتژمێرەکەم کردەوە کە نۆ و بیست خولەك بوو.
کە فڕۆکەکان لە ئاسمانەوە گەیشتنە ئاقاری ئێمە، زۆر بە ڕوونی
بۆمبەکان دیاربوون کە رووەو زەوی دەهاتن.
کونە فڕۆکە لە چەندین شوێنی شارەکە، بۆ خۆپاراستن لە فڕۆکە لێدرابوو، بەڵام لەو ئاقارەی ئێمە هیچ بەدینەدەکرا، بۆیە یەکسەر بە ئاغام گوت، لە شوێنی خۆی و لە پاڵ دیوارێک دابنیشێت و منیش هەر وام کرد.
بۆمبەکان لە سەروو ئێمەوە تەقینەوە. سەدای تۆقێنەری بۆمبەکان
گوێی مرۆڤی کەڕ دەکرد و بە جۆرێک دەنگەکەی بڵند بوو کە تا ئەوکاتە گوێم لە تەقینەوە و ناڵەی وا ترسناک نەبووبوو.
من ترسی ئەوەم هەبوو کە فڕۆکەکان بەرەو ناوشار بگەڕێنەوە و بەردەوام بن لەسەر بۆردوومان، هەربۆیە پەلی ئاغام گرت و رووەو چەمی قەڵادزێ بە پڕتاو ملمان نا، چونکە لەو کەنار ئاوە هەر نەبوایە خانوو و دیوار بەسەرماندا نەدەرووخا، هەرچەند ئامانجێکی دیار و
ئاشکراش بووین بۆ فڕۆکەکان.
فڕۆکەکان هەرچی بۆمبیان پێبوو بەسەر شارەکەدا دایانباراند و
گەڕانەوە.
ماوەیەک خۆمان لەو کەنار ئاوە مەڵاس دا و پاشان بۆ سۆراخی
بۆردومانەکە روومان لە ناو شار کردەوە. کاتێک گەیشتینەوە نزیک چایخانەی (کرێکاران) دەیان لاشەمان کە لەسەر شەقامەکە خەڵتانی خوێن بوو بەدی کرد و چاخانەکەش تێکداڕمابوو، لەراستیدا هیچی بە سەر هیچەوە نەمابوو و هەرچی لە ناویدا بوو گیانی لەدەستدابوو.
خەڵکانی تری نێو شاریش ڕووەو سەنتەری قەڵادزێ دەهاتن و سۆراخی خزم و کەس و کاریان دەکرد.
ئێمە هیچ ئۆتۆمبێلیکی فریاگوزاریمان و نە دکتۆر و برینپێچێک لەو ناوەدا بەدی دەکرد و خۆشمان هیچمان لە پەرستاری نەدەزانی، بۆیە لەگەڵ خەڵکەکەدا کەوتینە کۆکردنەوەی لاشەکان کە دەخرانە سەر عەرەبانە دەستییەکان کە لە کاتی ئاساییدا بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و سەوزە بەکاردەهێنرا و بۆ مزگەوتەکانمان دەبرد و ترسی ئەوەش هەر لەئارادا بوو کە فڕۆکەکان دووبارە بگەڕێنەوە و بوردمانی
تر بکەن.
بەداخەوە کەسانێکی زۆر لەو کۆمەڵکوژییەدا گیانیان لەدەستدا و
بریندارێکی زۆر زیاتریش لەو دەوروبەرە دەبینرا کە بە خێرایی بەرەو سنووری ئێران و ناوچەی (سەردەشت) دەگوازرانەوە.
بەپێی ئامارەکانی ئەو رۆژە، ژمارەی شەهیدەکان بە (۱۲٦) شەهید مەزندە دەکرا و بریندارانیش هێندە زۆر بوون کە ژمارەیان نەدەزانرا، چونکە هێزی تەقینەوەکان و سەدا و توانای لەڕادەبەری ئەو بۆمبانە بەڕادەیەک بوون کە زۆر لەوانەی بریندار بووبوون زۆریش لە چەقی تەقینەوەکەوە بە دوور بوون، بەڵام لە ئەنجامی تەوژمی لەڕادەبەری ئەو ڕەشەبایەی خوڵقاندبووی، زۆری دەرگا و پەنجەرەی ماڵە دوورەکانیشی گرتبووەوە و خەڵکی تێیدا بریندار و کەلەلا
کردبوون. لەڕاستیدا، منیش بە پەرجوو، لەو بەڵایەو بە هیمەتی ئەو ئاغایە کە بە زۆر پەلکێشی بەرەو خواری کردم، دەنا منیش یەکێک لە قوربانییەکانی چایخانەی (کرێکاران) دەبووم کە بەداخەوە کەسی تیا دەرنەچوو.
یەکێک لەو دیمەنانەی کە تا ئەمڕۆ لە بەرچاوم هەر بە زیندوویی ماوە ئەوەبوو کە پیاوێکی بەساڵاچوو، لەسەر عەرەبانەیەکی دەستی تەرمی منداڵەکانی پێکەوە ریز کردبوو و بەرەو سەر قەبران بۆ ناشتنیان رێی ماڵوێرانی گرتبووەبەر.
بەڵام ئەو پیاوە بەساڵاچووە هێندە خۆڕاگر و بەتەحەمول دەبینرا،
وەک کارێکی ئاسایی رۆژانە جێبەجێ بکات، سەربەرزانە رووەو ماڵئاوایی منداڵەکانی بە هێمنی و خۆڕاگرییەوە هەنگاوی دەنا و پاڵی بە عەرەبانەکەوە دەنا.
لای نیوەڕۆ جارێکیتر فڕۆکەکان هاتنەوە سەر ئاسمانی شار، بەڵام هیچ بۆمبێکیان فڕێ نەدا، دیاربوو بۆ ئاکامی تاوانەکەیان و کاریگەری ئەو وەحشیگەرییەیان بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەگەڕان و وێنەی تۆماری تاوانەکەیان بۆ دەرباری دیکتاتۆری عێراق دەبردەوە.