ستە‌می سیاسی لە‌بە‌كارھێنانی مافدا

فازڵ میرانی

لێرەدا دەكەوینە بەردەم سێ پایە، هەبوونی ماف، بەكارهێنانی، ستەم لە بەكارهێنانیدا، هەر سێكیشان لە مەیدانی سیاسیدا.
یەك لە ماناكانی ” التعسف” ستەمە، دیارە لە بواری مەعریفە مانایەكی دیكەی هەیە، هەروەها لە قانوون و فەلسەفە وماتماتیكیشدا بە واتای دیكە دێت.
من لێرەدا لە مانا هەرە نزیكەكەی ژیان قەڵەمم دەخەمە گەڕ، كە لە واتای “التعسف” دەفامرێتەوە. ئەوەی دەیبینن نموونە هەرە گەشەكانیەتی لە كێشمەكێشی بە ڕووكەش هەقیقەت یان لە هەقیقەت داماڵدراو، بە پڕوپاگەندەی ڕاگەیاندن، یان ئاراستەكردنی لایەنێك، كە تاقم و گرووپگەلی دژبەیەك دەهۆڵی بۆ دەكوتن.
دەگەڕێمەوە و دەڵێم: ئەو بەرهەمەی هێزەكان لە هاوكێشەی حوكمڕانیدا بەرچنیان كردووە، جۆرە هەق و مافێكیان لێ ساز كردووە، قانوون پارێزگاری لێ دەكات، یان وەك هەقێكی سیاسی لێی بێدەنگ دەبن و بە ڕەوای دەبینن. پیادەكردنی ماف وا دەخوازێت زیان بە بەرانبەر نەگات، پێچەوانەی نەریتێكی دروست نەوەستێتەوە، یان تەڵەكەیەكی پێ نەكرێت.
بەپێچەوانەی حاڵەتە دیاریكراوەكانی حوكمداری لە دەقی ئەو یاسایەی “تعسف”ستەمگەری لە خۆ دەگرێت، كە سنووری ڕووبەری ژیان، لەوێشەوە ژیانی سیاسی، لە ڕووی ململانێ و پێکداچوونی مافەكان بەرفراوانتر دەكات، هەر لایەنە و بە گوێرەی تێڕامان و لێكدانەوەی خۆی مافەكان هەڵدەسەنگێنێت.
دوور لە پشتبەستن بە پڕوپاگەندە و گلەیی و بناشت بۆ بەدەستهێنانی كاریگەریی میڵی بۆ سەركۆنەكردنی لایەنێك لە هاوكێشەی كاردا، هەڵبەت گرفت لە شەرعیەتی كۆمەڵ و نوێنەرایەتیكردن و كارگێڕیدا نییە؛ گۆڕان لە نەرمگیری بۆ سەختگیری و شكانەوەی یەكتر بە پاساوی هەبوونی ماف، لە پێكداهەڵپژانی سیاسیدا نابێ سنووری خۆی ببەزێنێت، بە چەشنێك بازنەی زیانگەیاندن لایەنی دژبەر تێپەڕێنیت و خەڵكێكی زۆر دابگرێت؛ بۆ ئەوەی ڕووداوێكی وا ڕوونەدات، پێویستە گفتوگۆ و دانوستان و لە یەكتر تێگەیشتن و ڕاستكردنەوەی دۆخەكە بێنە كایەوە
زۆر ناخۆشە لایەنی بەرانبەر بە زۆر هەقێك بۆخۆی داتاشێت، بۆ دروستكردنی شەرعیەت و دەستەڵاتی بەكارهێنانی، مێژوو و ئامرازە دەستكردە سیاسییەكانی بەكار بهێنی، پاشان بە ستەمكارییەوە پەیڕەوی بكات.
لێرەدا قسەكانی من ئیلهامبەخشی نزیكخستنەوەی نێوان ئەو یاسایەیە كە پێگەی سیاسی بۆ زۆر كەس دەستەبەدەر كردووە، لەگەڵ ئەو سیاسەتەی وا دەردەكەوێت كارایە و سوودی گشتی دەخاتەوە.