چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ئاگری بێ دووكە‌ڵ

حەمەسەعید حەسەن

هاژەی چەمی خۆشەویستی
ئەدەب چییە؟ نوســـتالجیایە بۆ ڕابردوویەک کە بە زێڕێنی دەزانین، تامەزرۆیییە بۆ خۆشەویستان و کەسوکار، تامەزرۆیییە بۆ ماڵ، گەڕەک، گوند، یان شارێک لێی دوور کەوتووینەوە. ئەوە بەدلێکدانەوەیە ئەگەر تامەزرۆیی بۆ ڕابردوو، بە کۆنەپەرستی لە قەڵەم بدەین. ئەوە بەدنوستالجیایە، ئەگەر تامەزرۆی سەردەمی بەعس بین و ئەوەیش لەدەســـتدانی یادگەیە، ئەگەر تووشی دەردی لەبیرچوونەوە هاتبین. مارسیل پروست لەدووی زەمەنی
بەسەرچوو دەگەڕا، بەڵام جیمس جۆیس باسی ئێستای شاری دەکرد.
کتێبەکانیان ســـووتاند، ئەشـــکەنجەیان دا، ســـووکایەتییان پێ کرد، نەفییان کرد و هەوڵیشـــیان دا ناوی لە مێژوودا بسڕنەوە، چونکە داوای یەکسانیی کردبوو، یەکسانی لەنێوان پیاو و ژندا. ئیبن ڕوشد (1126 – 1198) یەکەمین فەیلەسووف بوو، ڕاشکاوانە داکۆکیی لە ئازادی و لە شکۆ و لە مافی ژنان کرد. لە سەردەمێکدا داوای کرد وەک ئینســـان ســـەرنجی ژن بدرێت، ئەو داوایە وەکوو کوفر وابوو، ئاخر ئەوسا نەک هەر گومان لە توانای
عەقڵیی ژن دەکرا، بەڵکوو وەک شەیتانیش سەرنجی دەدرا.
“ئیســـلامێک نییە ســـۆفیگەری بێت، ئیسلامی ســـۆفیگەری دەنگۆیەکە و هیچی تر، ئەو بەدحاڵیبوونە ئەگەر دەروێـــش بە ســـۆفی بزانین. دەبێت هەمـــوو عەرەبێک دیرۆکی خـــۆی بخوێنێتەوە، عـــەرەب مێژووی خۆی ناخوێنیتەوە و هیچ لەبارەیەوە نازانێت، باســـی سۆفیگەری دەکات و نازانێت سۆفیگەری چییە. سۆفیگەری لە کرۆکدا، جیاوازە لە تێڕوانینی ئیسلام و ناکۆکیشە لەگەڵیدا. خوا لە ئیسلامدا هێزێکی ئەبستراکتە لە دەرەوەی دنیا و دنیا بەڕێوە دەبات، بەڵام لە ســـۆفیگەریدا خوا وزەیە، هەر لە ئینســـاندا نا، لە هەموو شتێکیشدا هەیە،
ئەمەیش دژ بە بۆچوونی ئیسلامە، ئاخر لای موسوڵمانی نەریتخواز ئەوی دی کافرە.
سۆفیگەری بڕوای بە دووانەی موسوڵمان و کافر نییە. لەکن سۆفی، موسوڵمان و کافر نییە، ئەم و ئەو هەیە. لای سۆفیگەری ناسنامە بە میرات نامێنێتەوە، مەرج نییە کە باوک موسوڵمان بوو، منداڵیشی موسوڵمان بێت، ئینســـان بە فیکر و کردەوەی، ناســـنامەی خۆی دادەهێنێت، هەموو ئینسانێکی ناسنامەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە، ناســـنامە بە مانا قووڵەکەی داهێنانە. ســـۆفیگەری شۆڕشێکی فیکریی مەزنە، پێوەندیی بە ئیسلامەوە
نییە، هەرچەندە لەناو ئیسلامیشدا ژیاوە و دەژی. ئەدونیس وای گوت.”
سۆفی ستران دەچڕێت، با کەسیش گوێی بۆ ڕانەدێرێت، با کەسیش دەستخۆشیی لێ نەکات. جا ئەوانەی هیچ شـــارەزایییەکیان لە ســـۆفیگەریدا نییە، کە من کتێبێکم لەبارەی سۆفیگەرییەوە: (توانەوە لە زەریای عیشقی خوادا) بڵاو کردەوە، وای بۆ چووبوون، لە فیکری خۆم وەرگەڕاوم، نەیانزانیبوو ســـۆفیگەریی ڕاســـتەقینە، لە ئۆل و ئایدۆلۆجیا بڵندترە. ئاننا ئەخماتۆڤا دەڵێت: “لە شیعردا، دەبێت هەموو وشەیەک بە شێوەیەک لە جێی دروستی خۆیدا بێت، وەک هەزار ساڵ بێت لەوێدا بووبێت، بەڵام خوێنەر یەکەمین جاری بێت، لەوێدا بیبینێت.”
زۆر جـــار ناوبانگ کارێک دەکات، هەســـت بەوە نەکەین چـــی لە دەوروبەرمان دەگوزەرێـــت، تەواو وەک ئەو دەســـەڵاتە ستەمکارەی، مەترسیی ڕووخان تەواو لێی نزیک بووەتەوە و دەرکی پێ ناکات. جیاوازییەکی نێوان داهێنـــەر و دەســـەڵاتدار ئەوەیە، یەکەمیان وەک درەخت بە تەنیا ســـەربڵند خۆی بەپێـــوە ڕادەگرێت، بەڵام
دووەمیان حەوجەی بە دارشەقی هێز و دراو هەیە.
() ندی حطیط، نوستالجیا فی الأدب. (*) د. ربیعة الزرهونی