د. عومەر نورەدینی
ڕۆما ئەوشارەیە پایتەختی دوو دەوڵەت( کۆماری ئیتالیا و ڤاتیکان) ی لەئامێز گرتووە ، لەمێژوودا بۆماوەی سەدان ساڵ گەورەترین شاری دنیا بووە و ڕۆژگارێکیش بە پایتەختی جیهان ناوزەد کراوە ، لەوکاتەوەش ئیمپراتۆری ڕۆما قوستەنتین لەساڵی (٣١٣) مەرسومی میلانۆی دەرکرد و ڕەوایەتی دا بە ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی ئاینی و خواپەرستی بەپێی باوەڕەکانی مەسیحی ، ئەو شارە بۆتە دڵی ئاینی مەسیحی بەتایبەتی مەزهەبی کاسۆلیکی .
ڕۆما وەک پایتەختی کۆماری ئیتاڵیا ناوەندی بڕیاری سیاسی دەوڵەتێکە خاوەنی سێیەمین هێزی ئابوری و سەربازیە لە ناوچەی یۆرۆ و یەکێتی ئەوروپادا ، بەدرێژایی مێژوو لە هاوکێشەکانی جەنگ و ئاشتی و هاوپەیمانی و جەمسەر بەندی نێودەوڵەتیدا کاریگەری بەرچاوی هەبووەو ژمارەیەکی قورسی حیساب بۆکراو بووە ، بەهۆی بوونی دەوڵەتی فاتیکان وپاپا لەوشارە وەک قیبلەی مەسیحیە کاسۆلیکیەکانی دنیا وایە ، ڕۆما هەم لەڕوی دینی و هەم لەڕوی دنیایی پایتەختێکی کاریگەر و ڕۆڵ گێڕ و خاوەن پێگەیەکی جیهانی ڕێزلێگیراوە .
لەڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (١٣ی نیسانی ٢٠٢٣ ) لەو شاروپایتەختە سەنگینە ، پێشوازیەکی شکۆدارانە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی کرا ، لەوڕۆژەدا لەسەر ئاستی هەرە باڵا کەسایەتیە کاریگەر و بڕیار بەدەستەکانی هەردوو دەوڵەتی ئیتالیا و ڤاتیکان پێشوازیان لە سەرۆکی هەرێم کرد و دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەنجامدا لەوانە : قەداسەتی پاپا ، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا ، سەرۆکی پەرلەمانی ئیتالیا ، وەزیرانی دەرەوەی هەردوو دەوڵەت ، وەزیری بەرگری ئیتالیا .
شێوازی پێشوازیەکەش لەڕووی پرۆتۆکۆلیەوە ( دانانی ئاڵای کوردستان مارش و سڵاوی سەربازی – فەرشی سور شوێنی چاوەڕێکردنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا بۆ پێشوازی سەرۆکی هەرێم ) هەروەها زمانی جەستەی بەرپرسانی پێشوازیکەر ، دەرخەری ئەوەبوون کەسی پێشوازی لێکراو ( سەرۆکی هەرێم ) و ئەوگەل وقەوارە سیاسیەی نوێنەرایەتی دەکات ( گەل و قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان) لای هەردوو دەوڵەتی ئیتالیا و ڤاتیکان پێگەی تایبەتی و شایستەیان هەیە .
بێگومان ئەم بایەخدان و لالێکردنەوە و پەیوەندیە دیبلۆماسیەباڵایە
زادەی کۆمەڵێک هۆکارە، سەرۆک مسعود بارزانی لە کتێبەکەی خۆیدا بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەرگی پێنجەم ڕاپەڕین دەرفەت و ئاستەنگەکان. کاتێک باسی هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا دەکات لە ماوەی ساڵانی(١٩٩١-٢٠٠٢) ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێ کە لەگەڵ دامەزراندنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان ، ئەوروپا یەکێک بوو لەوپەنجەرانەی هەناسەی مانەوەو گەشەکردنمان لێوە هەڵمژیوە ، جەنابیان جەخت لەوەدەکات بوونی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان بایەخێکی ستراتیژی هەیە .
لەپاراستن و بەهێزکردنی بایەخی ستراتیژی پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا نێچێرڤان بارزانی چ ئەوکات کە سەرۆکی حکومەت بوو چ ئێستا کەسەرۆکی هەرێمە ڕۆڵی کاریگەر وپێشەنگانەی هەبووە ، ئەو هەمیشەلەپیادەکردنی دەسەڵاتی سیاسیدا بایەخێکی تایبەتی بەو بەهاوپرنسیپانەداوە کە وێڕای ئەوەی بۆ هەڕێمی کوردستان باش بوون لای وڵاتانی ئەوروپا و لەناویاندا ڤاتیکان و ئیتالیا جێگەوپێگەی تایبەتیان هەیە وەک ؛ پێکەوەژیانی ئاشتیانەو پاراستنی ماف و ئازدیە ئاینی و نەتەوەییەکانی پێکهاتەکان، بایەخدان بە مافی مرۆڤ و بنەماکانی دیموکراسی ، گەشەپێدانی کلتوری لێبووردەیی ، دەستگرتن بە یەکگرتوویی سیاسی و ئاشتی ناوخۆیی .
سەرکردایەتی ئیتالیاو ڤاتیکان ئەوڕاستیەیشیان بۆدەرکەوتووە کە نێچیرڤان بارزانی جەنگاوەری پاراستنی ئەو ماف وئازادیانەیە، کەسایەتیەکی سیاسی ئاشتیخواز و کۆکەرەوە و بونیاتنەرە . هەروەها ئیتالیاو ڤاتیکان لەوڕاستیەتێگەیشتوون کە ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ئەوروپاهەیە و هی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بێ بوونی ئاشتی و ئاسایش لە عیراق و هەرێمی کوردستان زۆر ئەستەمە، لەوەش زیاتر ئاگادارن و پێزانینیان هەیە بۆئەوەی هەرێمی کوردستان لەدژایەتی تیرۆرو توندڕەوی قوربانی گەورەی داوە و ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە . لەلایەکی تر ئەوان لەوە حاڵی بوون کە بوونی هێڵی بەرژەوەندی ئابوری و بازرگانی ئیتالیا لەگەڵ عیراق ئەوکاتە بەهێز و چالاک دەبێ کە بەهەولێردا تێ بپەڕێ ، واتا بوونی بەهاوپرنسیپ و بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا زەمینەیان ڕەخساندووە بۆ بوون و بەهێزبوونی پەیوەندیەکان ، پێویست وگرنگە بۆ هەرێمی کوردستان بەبەردەوامی کار بۆ هێشتنەوەی ئەو بەهاو بەرژەوەندیە هاوبەشانەبکات.