زیرەک ژێدار
لە حوکمڕانی دروستدا سێ خاڵی بنچینەیی دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، کە ئەوانیش بریتین لە(پلانی ستراتیژی، بەڕێوەبردن، بەرپرسیارێتی). سەرکردەی حەکیم ئەو کەسەیە کە بتوانێت لە هەموو دۆخێکدا بەدوای رێگا چارەوەبێت لەبڕی خۆ بەدەستەوەدان و هەڵاتن لە بەرپرسیارێتی.
لە دونیای سیاسەتدا دوابەدوای هەموو تەنگەژەکان سەرکردە و فەرمانڕەواکان بەدوای رێگاچەردا دەگەڕێن بۆ رێکەووتن لەپێناو چارەسەرکردن. دوای کوشتار و جەنگ و کارەسات چەمکێک هەیە پێی دەگوترێت ئاشتی لەپێناو چارەسەرکرد، کە لە دێرزەمانەوە چ میلیشیاکان،هێزە ئایینیەکان یاخود وولاتان هەمیشە گەڕاونەتەوە بۆ خاڵی رێکەوتن بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و بنبڕکردنی ناکۆکییەکان بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئارام و ئاسایش بۆ گەڵ و نیشتیمانەکەیان.
لە گفتوگۆ و تاوتوێکردنی دۆخ و ئالنکارییەکان، شتێک هەیە پێی دەگوترێت (دانوستان) کە راگرتنی تای تەرازووە لە کێشەو و ئاستەنگ و داواکارییەکان لە نێوان دووبەرەدا. ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان روویدا سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەنێوان رەوانەکردن و فرۆشتنی بەشێوازی سەربەخۆ، یاخود لەرێگەی کۆمپانای سۆمۆ دۆخێکی دژوار و ترسانک بوو بۆ هەردوو گەلی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام خۆشبەختانە هەردوو بەرە توانیان بە گیانی بەرپرسیارێتی و کرداری حەکیمانە ئەم دۆخە تێپەڕێنن و سازش بکەن لە شتەگەلێک کە دەبێتە هۆکاری زێتری زیان لێکەوتن و دژواری بۆ ووڵات و کۆمەلگە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەم دۆخە نەخوازراوەی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی فەرنسا هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق زێتر هەستیان بە مەترسی و لێکترازانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی کرد، کە لە کۆتادا عێراق بە شێوەیەکی گشتی دەگەرێنێتەوە خاڵی سفر لە یەکگرتویی و سیستەمی فیدراڵیدا.
عێراق لە دوای ئازاد کردنی لە ساڵی ٢٠٠٣ تاوەکو ئیمڕۆ گیرۆدەی چەندین کێشەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بووەتەوە تارادەی هەڵوەشانەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا، بەڵام لە دامەزراندنی حکومەتی نوێی عێراقدا کە هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگ و کاریگەری هەبوو بە چارەسەرکردنی بەشێک لە قەیران و ئالنکارییەکان چۆتە قۆناغێکی نوێوە و زێتر بەرەو هۆشیاری سیاسیو کۆمەڵایەتی و ئابووری هەنگاوی ناوە، تاوەکو دەست بەو قەوارەوە بگیرێتکە پێی دەگوترێت ووڵاتی عێراقی فیدراڵ و لەوە زێتر بەرەوە داروخان نەچێت.
ئەم رێکەوتنەی بەغداو و هەرێم سەلماندنی بەرپرسیارێتی هەردوو حکومەتە کە نابێت لەوە زێتر کۆمەڵگە بەرەو نەهامەتی و مەینەتی زێتر رۆچێت و هەموو بەربەستە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەلاوە بنرێت و ووڵات لە چارەنوسێکی خراپ رزگار بکرێت.
پیرۆزە لەگەلی کوردستان و عێراق بۆ ئەم سەرکەوتنە و جێگای پێزانین و ستیاشی سەرکردە باڵاکانی هەردوولایە بۆ رێگریکردن لە داروخانی ووڵات ولەهەمانکاتیشدا بیربکەنەوە لە رێگاچارەیەکی ئەرێنی بۆ کۆمەڵگەیەکی تەندروست و بەختەوەر.